دۆخی یانە کوردستانییەکان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق جیاوازە

رۆژی شەممە لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی دهۆک کرد، یانەی هەولێریش دوور لە هاندەرانی میوانداریی قاسم کرد.

دێربیی بادینان بەهێزترین یاری ئەم گەڕەی خولەبوو، چاوەکان هەموو لەسەر یاریگەی زاخۆ بوون، وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 30 هەزار هاندەر زاخۆ میوانداریی دهۆک کرد، بەپێی رێککەوتنی هەردوو یانە لەم یارییەدا هاندەرانی یانەی دهۆک ئامادە نەبوون، لەپێناو سەلامەتی و دوورکەوتنەوە لە ئەگەری دروستبوونی توندوتیژی و ئاژاوە لە یارییەکەدا.
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی بەسەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری پیشانداوە، درێس سوورەکانی خابوور کە 33 خاڵیان هەبوو و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقن شەممەی رابردوو دوایین یارییان لەسەر یاریگەی خۆیان ئەنجامدا.
تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند” بەشێوەیەکی زۆر باش خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردبوو، بەڵام ئەنجامەکە بەدڵی ئەوان نەبوو و دەزانم یارییەکە گرنگبوو بۆ هەر دوو تیپ، هەردوو یانە ئاستێکی باشیان پیشاندا کە لە ئاست نێوبانگی یاری دێربی و زاخۆ بوو، خواستی من ئەوەبوو یارییەکە چێژی هەبێت و 3 خاڵی یارییەکە ببەینەوە”.
ئەحمەد خەڵەف، راهێنەری یانەی دهۆک دوای یارییەکە وتی: “یارییەکە گرنگی زۆری بۆ هەردوولامان هەبوو، بەڵام گۆڵمان پێتۆمارنەکرا، بردنەوەمان لە جەوییە موراڵێکی گەورەی بەخشیە یاریزانان، هەوڵماندا بەهەمان ئاست لە یاری دێربی بادینان دەربکەوین”.
لە مێژوودا یانەی دهۆک و یانەی زاخۆ 22 یاریی دێربیان لە خولی عێراق پێکەوە ئەنجامداوە، یانەی دهۆک 6 یاری بردووەتەوە و یانەی زاخۆ 2 بردنەوەی هەیە، لە 14 یاریشدا هەر دوو یانەی یەکسانبوون.
هەر ئەوڕۆژە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر لە یاریگەی نێودەوڵەتی مەدینەی شاری بەغدا میوانداریی یانەی قاسم کرد، دەبووایە ئەم یارییە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی سزادانی یانەی هەولێر لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە یارییەکە گواسترایەوە شاری بەغدا.
هەولێر لە 3 یاری رابردوویدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەیبردووەتەوە، ئەم یارییەش بە گۆڵێکی بێوەڵام بە قاسم دۆڕا، لەم یارییەشدا شێرکۆ کەریمی ئەستێرە و کاپتنی تیپەکە بەهۆی پێکان نەیتوانی بەشداری بکات و تووشی دۆڕان هاتن.
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر لە دوای یارییەکە لەسەر بارودۆخی یارییەکە کرد، گوتی ” تۆپی پێی راستەقینە ئەنجامدەدەین و مەترسی لەسەر تیپی بەرامبەرمان زۆر دروستدەکەین و یاریزانەکان خۆیان ماندوو دەکەن، بەڵام کێشەی سەرەکیمان لە هێڵی هێرشبەر و بوونی پێکانێکی زۆرە گەر سەیر بکەین محەممەد قاسم تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و یاسین سامیە ئامادە نەبوو، لەگەڵ شێرکۆ کەریم بەهۆی پێکان، بەڕاستی دەناڵێنین بەهۆی زۆری پێکانی یاریزانانی هێڵی هێرشبەرمان، لەگەڵ ئەوەشدا شکستی تیپەکەمان لە ئەستۆی من و دەسەتەی راهێنەرانە”.
لە خولی نایابی کوردستان، یانەی هەولێر ئاستێکی خراپی پیشاندا بەشێوەیەک ترسی دابەزینی بۆ خولی پلەیەکی کوردستان هەبوو، هەربۆیە بەرپرسانی یانەکە بەناچاوی لە دوو گەڕی رابردووی خولەکە یارییان بە زیاتر لە 7 یاریزانی تیپی خولی عێراقی یانەکە کرد و ئەنجامی یارییەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوکرد.
راهێنەری یانەی هەولێر گوتیشی “کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە کە تیپی خولی کوردستان شەش تا حەوت یاریزانمان لێدەبەن و ئەمەش بۆ ئێمەی راهێنەر کێشە دروستدەکات کە نیوەی تیپەکەمان لە راهێنانەکان دوور بن و یاریزانان زیاتر ماندوودەبن، لەسەر ئەم لایەنە قسەم لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی کردووە و ئەوەش دەزانم کە بەشێکی زۆری یانەکانی کوردستان وان، ئێمە خاوەن ژمارەیەکی زۆری یاریزان نین و رۆیشتنی ئەو یاریزانانە و یاریکردنیان لە خولی کوردستان کاریگەری خراپ لەسەر تیپەکەم دروستدەکات و یاریزانەکان بەهۆی ماندوێتیان لە گێمی دووەم ئاستیان باش نابێت، هیوام وایە هاندەران ئارام بگرن و هەر لە سەرەتاوە باسی ئەوەم کرد وەرزی ئەمساڵ تەنیا دەمانەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بمێنینەوە بۆ داهاتوو ئاستمان باشتر دەبێت
زاخۆ بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ لە خانەی چوارەمی ریزبەندی دێت، دهۆک بە 33 خاڵ لە خانەی شەشەم دێت، هەولێر بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە خانەی چواردەیەم دێت.

ھەواڵی زیاتر