گواردیۆلا بۆ له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی هالاند ناڕازییه‌؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان. له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆدا، به‌ وردی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئمباپێ و ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ ده‌دوێین، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م سه‌رنه‌گرتنی ئه‌و بۆنده‌ و هه‌ندێ بابه‌تی دیكه‌.

كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆرتوا‌ بۆ یارییه‌كانی ریاڵ مه‌درید ئاشكرا كرا
كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی تیبۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بۆ یاریكردن له‌ ریزه‌كانی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید ئاشكرا كرا، كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ یاریكردن دابڕابوو، ریاڵ مه‌دریدیش ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌هۆی پێكانباربوونی گۆڵپارێزه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵانێنی.
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 6/3/2024، بڵاو كرایه‌وه‌، كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا (31/3/2024) ئه‌و گۆڵپارێزه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یارییه‌كانی ریاڵ مه‌درید، كه‌ پێش ده‌ستپێكی وه‌رزی تۆپی پێی ئه‌مساڵی خولی ئیسپانیا به‌ رۆژێك، تیبۆ كۆرتوا له‌ خاچه‌به‌سته‌ری تووشی پێكان هات و نه‌یتوانی به‌شداریی یارییه‌كانی یانه‌كه‌ی بكات و دوێنێ گه‌ڕایه‌وه‌ یاریكردن.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، تیبۆ بۆ به‌شداریكردن له‌ یارییه‌كانی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ كۆرتوا له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوو و له‌ مه‌شقه‌كاندا زۆر به‌ باشی ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ قۆناغی چاكبوونه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ، تا كۆتایی یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی داهاتوو.
رۆژی 16ی ئاداری داهاتوو، واده‌ی یارییه‌ نێوده‌وڵه‌وتییه‌كانه‌ به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی فیفا (یه‌كێتیی تۆپی پێی جیهان دایناوه‌).
یه‌كه‌م یاریی ریاڵ مه‌درید، دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ و له‌ 31ی ئاداردا، له‌ گه‌ڕی 28ی لا لیگادا، له‌سه‌ر یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ده‌بێ.

گواردیۆلا بۆ له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی هالاند ناڕازییه‌؟
له‌باره‌ی وه‌ڵامی پرسیارێك له‌سه‌ر داهاتووی و ئه‌گه‌ری چوونی بۆ ریاڵ مه‌درید، ئیرلینگ هالاند رایگه‌یاند، ئێسته‌ له‌ یانه‌كه‌ی ئاسووده‌یه‌، به‌ڵام نازانێ له‌ داهاتوو چی روو ده‌دا؟ پێپ گواردیۆلاش به‌و وه‌ڵامه‌ ڕازی نییه‌.
پرسیار له‌ هالاند، یاریزانی نه‌رویژی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتیی ئینگلیزی كرا، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری چوونی بۆ ریاڵ مه‌درید له‌ ماوه‌كانی داهاتوودا، گوتی: من چێژ له‌ بوونم لێره‌ وه‌رده‌گرم، زۆر خۆشحاڵم به‌و كه‌سانه‌شی كه‌ له‌ ده‌وروبه‌رمن، راهێنه‌ر و ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕێش، ئه‌وان كۆمه‌ڵێك كه‌سی باشن.
هالاند گوتیشی: من ئێسته‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵیم، به‌ڵام نازانم سبه‌ی چی شتێكی بۆ هه‌ڵگرتووین و چی ده‌بێ و چی روو ده‌دا؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ مانشێتی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كیی هه‌واڵه‌كان، ده‌كرێ تۆ ئه‌م وشانه‌ بنووسی، به‌ڵام بیرت بێ، ئه‌وه‌ی وتم كه‌ لێره‌ ئاسووده‌م.
به‌پێی رۆژنامه‌ی زه‌ سه‌نی بریتانی، هالاند ده‌ركی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ پێپ گواردیۆلای راهێنه‌ر، ڕازی نییه‌ به‌و لێدوانه‌ی پێش یارییه‌كه‌ی كۆپنهاگن دای، كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.
رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ هالاند له‌و وشه‌ و قسانه‌وه‌، وتیسی ریاڵ مه‌درید بورووژێنێ و بدوێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بچێته‌ ئه‌و یانه‌یه‌
چه‌ندان رۆژنامه‌ی ئینگلیزیی به‌ناووبانگی وه‌كوو میڕه‌ڕ و تێلیگراف و ئێكپرێس، له‌گه‌ڵ زه‌ سه‌ندا، ئه‌و لێدوانه‌ی هالاندیان به‌ سه‌رنجه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێ بچێته‌ ریاڵ مه‌درید.