هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەموو ئامادەکارییەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تەواوبووە، بەڵام بەغدا چەند مانگێکە پرسەکەی بە سیاسی کردووە و دەستی دەستی بە ھەرێم و کۆمپانیاکان دەکات، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن پرسی وزە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لە پێویستی دەستکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە کردەوە. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەسەر کات ماوە و دەستپێدەکاتەوە، چونکە ئەوە موڵکی ھەموو جیھانە و پەیوەندی تەنیا بە وڵاتێکەوە نییە، بۆ ئەمەش ئەمەریکا بەڵێنی بە سەرۆکی حکوومەت داوە دەست پێ بکاتەوە.

ڕۆژی ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا، بەبڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگیرا. ڕۆژی ٤-٤-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕێککەوتنێک ئیمزاکرا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستە دەستی پێنەکردووەتەوە.
بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختیان لەوە کردووەتەوە ھیچ ئاستەنگێکی تەکنیکی لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نەماوە، بەڵام بەغدا بە بیانوی جۆراوجۆر پرۆسەکەی ڕاگرتووە، دواین بیانوش پارەی ئەو کۆمپانیانەیە کە لە پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بۆ ساڵێک دەچێت، لەسەر سکاڵایەکی عێراق و بەبڕیاری ژووری نێوبژیوانی پاریس ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش نزیکەی دە ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی عێراق داوە. کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستان دوای نائومێدبوون لە بەغدا پەنایان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بردووە بۆ گوشارکردن لە حکوومەتی عێراق تا دەست بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بکاتەوە، لە ئەگەری درێژەدان بەم دۆخە ملیاران دۆلاری ئەو کۆمپانیانە کە وەبەرھێنانیان لە نەوتی ھەرێمدا کردووە دەکەوێتە مەترسییەوە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆ” ڕایدەگەیەنێت بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، عێراق بۆ ھەر مانگێک یەک ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکۆ، ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بۆ دەستپێکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە، تیادا باس لەوە دەکات بەم دوایانە ھەندێک لێدوانی بەرپرسانی عێراق بڵاو بوونەتەوە کە گوایە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و ھەولێر، کۆمپانیاکانی بواری نەوت کراوە بۆ دەستکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم، ئەپیکۆ ئەم ھەواڵانە ڕەت دەکاتەوە، ھەروەھا پێشوازی لە ھەر ھەوڵێک لەلایەن ھەرێم و بەغداوە دەکات بۆ دەستکردنەوە بە ھەناردەی نەوت. ھەر لە ڕاگەیاندراوی ئەپیکۆدا ھاتووە، لە ھۆکارەکانی پشت بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ھەواڵە ناڕاستانە تێناگەن، چونکە تا ئێستە ھیچ بەرەو پێشچوونێکی کۆنکرێتی لەم ڕوانگەیەوە ڕووی نەداوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، عێراق مانگانە یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات، چارەکردنی ئەم پرسەش لە بەرژەوەندی ھەموو لایەکدایە.
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، خەمڵاندنەکان پێشانی دەدەن کە یەدەگی گازی سروشتیی ھەرێمی کوردستان لە نێوان سێ بۆ شەش ترلیۆن مەتر سێجایە، ئەگەر ھەرێمی کوردستان گاز ھەناردەی ئەوروپا بکات گرنگترە و پێگەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و ئابوورییەکەی بەھێز دەکات.
فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەست پێکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم، بەڵام بەغدا پرسەکەی یەکلانەکردووەتەوە، ھەر کاتێک ھەولێر و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی ھەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێدەکاتەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا باسی گرفتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دەرەوە کردووە و ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە، چونکە ئەو پرسە گرنگە و پێویستە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە، ئەو بڕە نەوتەی ھەرێمیش گرنگە بەھۆی ئەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەوروپاش تا ئێستە کێشەی کەمی نەوتی ھەیە، بۆیە ئەمەریکا دڵنیایی داوەتە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتی عێراق قسە بکات و ئەو ڕێکارانەی ماون تەواو بکرێن و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
د. سەباح سوبحی، گوتیشی: ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە نەماوە، تەنیا لەسەر کات وەستاوە ئێستە ئەو پرسە بە ئارەزووی تورکیا و عێراق نابێت و پرسەکە بە نێودەوڵەتی کراوە، پرسی وزە بۆتە سەرچاوەیەک لەسەر ئاستی جیھان، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دابینکردنی وزە بۆ جیھان، بۆیە ئەمە بۆتە موڵکێکی جیھانی و تەنیا وڵاتێک خاوەنی نییە و بەرژەوەندی وڵاتان و کۆمپانیاکان ھەمووی لەو پرسەدا ھەیە، بۆیە ئێستە تەنیا لەسەر کات ماوە و دەستپێدەکاتەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش کرد: ماوەیەک کات بە عێراق دەدرێت دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات بۆ ئەوەی چ ڕێکارێکی ماوە دەست پێ بکاتەوە، چونکە زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زۆرە و دەگاتە نزیکەی دوازدە ملیار دۆلار، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە چیتر زیان نەکرێت و پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر