زاخۆ پارێزگاریی لە خانەی سێیەم کرد و پێنجەم سەرکەوتنی بەدوای یەکی بەدەست هێنا

بارزان ئەکرەم – هەولێر

راهێنەری یانەی زاخۆ چەند پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی دەکات، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان سەرکەوتنیان بەرامبەر یانەی کەربەلا بەدەستهێنا و درێژەیان بە ئەنجامە باشەکانیاندا.

لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا و لە گەڕی 18 یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کەربەلا یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، گۆڵەکەش لەلایەن ئەحمەد ئیبراهیمەوە تۆمارکرا.
یانەی زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت، یانەکە 5 یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، لە دوایین 6 یاریی خولەکەدا یانەکە هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، بەشێوەیەکی گشتی لە خول و جامی عێراقدا یانەکە لە دوایین 8 یارییدا نەدۆڕاوە و لە دوایین 7 یارییشدا گۆڵی لێنەکراوە.
دوای یارییەکەیان بەرامبەر کەربەلا، عەلی کازم گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ وەکو باشترین گۆڵپارێزی مانگی رابردوو خەڵاتکرا، کە ئێستا گۆڵپارێزەکە خاوەنی زۆرترین کلین شیتە و لە 13 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
دوای بردنەوەی ئەو یارییە، تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە ئینستاگرام چەند پۆستێکی لە ستۆری بڵاوکردەوە، لە پۆستێکدا دووپاتدەکاتەوە کە کارکردن ئەنجامی سەرکەوتنەکانە.
راهێنەری زاخۆ لە پۆستەکەیدا دەڵێت “ئەنجامت نییە؟ بەردەوامبە لە کارکردن، ئەنجامەکانت خراپن؟ بەردەوامە لە کارکردن، ئەنجامەکانت باشن؟ بەردەوامبە لە کارکردن.”
تەڵاڵ بلووشی لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی “بەردەوامبوون کلیلی سەرکەوتنە.”
دوای ئەوە راهێنەرە قەتەرییەکەی زاخۆ لە پۆستێکی دیکەدا کە هەر لە ستۆری ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە لەسەری نووسراوە، پێوەری سەرکەوتن لە ژیاند ئەمەیە، بڕیاربدە، پابەندبە، خۆت بەدەستەوە مەدە.”
یانەی زاخۆ دوای ئەنجامدانی 18 یاری لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە و یاریی داهاتووی بەرامبەر یانەی نەفت وەسەت دەبێت لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا کە رۆژی شەممەی داهاتوو دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر