ئێران وەزرشوانێکی کورد بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانی سزادا

شێرکۆ حیجازی چالاکی مەدەنیی و بەرپرسی پێشووی لیژنەی تۆپی پێی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری چەند تۆمەتێک لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێران چەند سزایەکی بۆ دەکراو بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانی سزادرا.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستیان گەیشتووە، شێرکۆ حیجازی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک رۆژ زیندانی بۆ دەکراوە،هەروەها سزایەکی دیکەی بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژبەری حکوومەت” بۆ دەرکراوە، کە ماوەکەی زیندانی بوونە بۆ ماوەی ٣١ مانگ و ١٦ رۆژ ، تیکڕای سزاکان شەش ساڵ و یەک مانگ و ١٧ رۆژ زیندانی بوونە.

لە دوای تەواوبوونی سزای زیندانی بوون، هەر بە بڕیاری دادگا ماوەی دوو ساڵ، گەشتکردنی بۆ دەرەوەی ئێرانی لێ قەدەغەکراوە.

هەروەها بە تۆمەتی رێکخستنی چالاکیی و نووسینی رەخنە لە سەر حکومەت و هێزە ئەمنییەکان سزایەکی دیکەی بۆ دەرکراوە، کە بۆی نییە هیچ وتار و پەیامێک بنووسێت و بڵا بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاوە، هەفتەی رابردوو، شێرکۆ حیجازی لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان ناچار بوو لە پۆستی سەرۆکی لیژنەی تۆپی پێی سەقز دەست لەکار بکێشێتەوە.

ھەواڵی زیاتر