چواس خالید – هەولێر
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی پایتەخت، لە ئێستادا دوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێن، کە یەکیان دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆی سندوقییە بۆ ڕێگریکردن لە لافاو، ئەوەی دیکەشیان پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیانە کە ناوچەیەکی گەشاوەی گەشتیاری فەراهەم دەهێنێت.
لە هەولێری پایتەخت ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆی سندوقی و لوولەیی لە تەنیشت کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نایس ڤێلێج و پشت گوندی ئیتاڵی دوو بەردەوامە.
ئامانجی سەرەکی بنیاتنانی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، ڕێگریکردنە لە کۆبوونەوەی ئاوی باران لە دەوروبەری کۆمەڵگەانی نیشتەجێبوون و دوورخستنەوەی مەترسی لافاو لەسەر ڕێگەی سەرەکی پیرمام و گەڕەکەکانی دەوروبەری لە وەرزی زستاندا.
هەروەها ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی مەترسیە ژینگەییەکان و ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو لە سنوورەکەدا.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە کارەکانی پڕۆژەی گەورەی ڕێڕەوی ژیان بەردەوامە و ڕشتانە کار لە تەواوکردنی دەکرێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕێڕەوی ژیان لە هەولێر، لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەکەی دانا و لە دوای ئەو کاتەوە ڕشتانە کار لە تەواوکردنی دەکرێت.
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕێڕەوی ژیان کە لەلای دانیشتوانی شاری هەولێر بە کۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، بە پێی دیزاینە گشتییەکەی زیادتر لە بیست و پێنج کیلۆمەترە و لە ئێستادا بەباشی کار لە بەشی یەکەمی دەکرێت.
کۆڕنیشی هەولێر کە جاران شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک و ناوچەیەکی لاپەڕگەی شارەکە بوو، ئێستا بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە، ئەو شوێنەی ببووە زبڵخانە، دەبووژێتەوە و دەبێتە ناوچەیەکی نوێیی گەشتیاری و هۆکارێکی گرنگ دەبێت لە ڕاکێشانی گەشتیار و بەرزبوونەوەی ژمارەیان، هاوکات جیا لەوەی سیمای شاری هەولێر جوانتر دەکات، سەدان هەلی کاری نوێ بۆ گەنجانی شاری هەولێر دەڕەخسێنێت.
ئەم دوو پڕۆژە گرنگە ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی بەهێزن بۆ ئاوەدانکردنەوە بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێز و پتەو لە شاری هەولێر، چونکە لەلایەک ڕووبەرووی ئاڵۆزییەکان و مەترسییەکانی کەشوهەوا و لافاو دەبنەوە و ڕێگری لێدەکرێت و گیان و ماڵی هاووڵاتیان دەپارێزن، لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری هەولێر شوێنە پەراوێز خراوەکان دەکەنە جەستەیەکی زیندووی پڕ لە ژیان و سەوزایی و گەشتوگوزار، کە بە تەواوبوونی قۆناغەکانی ئەم پڕۆژانە، هەولێر نەک تەنیا سیمایەکی شارستانی نوێتر وەردەگرێت، بەڵکو ژینگەیکەی تەندروستر و ئایندەیەکی گەشتر بۆ هەموو دانیشتوانی شاری هەولێری پایتەخت دەستەبەر دەکات.

