رۆژنامەی ھەولێر

پەردە لەسەر پەیکەری شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکەی 15ی کانوونی دووەم 2024 لادرا

ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.10.29، بە ئامادەبوونی بەڕێز سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، و نوێنەری سەرۆکی هەرێم و نوێنەری سەرۆکی حكومەتی هەرێم و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق و پارێزگاری هەولێر، و بەرپرسی لقی2 و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، پیاوانی ئاینی و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان، کەسایەتی، ڕۆشنبیران و هاووڵاتیان لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆمەڵگەی ئێمپایەر، وەک مۆنۆمێنتێکی شایەتحاڵ لەسەر قوربانیانی سڤیلی شاری هەولێر، پەردە لەسەر پەیکەری یادەوەریی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکەی 15ی کانوونی دووەمی 2024 لادرا. كە لەلایەن ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کلتور بە هاوبەشی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید پێشڕەو دزەیی ڕێکخرابوو و سەرپەرشتی دەکرا.

ئەم یادگارییە کلتوری و هونەرییە بۆ بەدووکیومێنتکردن و زیندووڕاگرتنی ناوی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەیە کە لە شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکانی هەولێر شەهید بوون، لەو هێرشەدا، سەرمایەدار و خاوەنی پڕۆژەی ئێمپایەر، شەهید پێشڕەو دزەیی، کچە 11 مانگەکەی (ژینە دزەیی)، و چەند هاوڕێ و کارگوزارێکی تری ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا.