رۆژنامەی ھەولێر

٩ ساڵە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی ئەمنیدان

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

رووبەرێکی فراوان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی ئەمنیدان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەری ئەم بۆشاییە ئەمنییەی زیاتر کردووە.

بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە کە لە پاریزگای نەینەواوە دست پێ دەکات و بەشێکی زۆری پاریزگای کەرکووک و سەلاحەدین و دیالە دەگرێتەوە دوای ئەوە دروست بوو کە لە شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ سەرجەم هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی درەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کشانەوە.
سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەو ناوچانە جێگیر بوون و ئەمەش بووە دەرفەتێکی زێڕین بۆ پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان دووبارە خۆیان ڕێک بخەنەوە و پەرە بە چالاکییەکانیان بدەنەوە. تا هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوون چەکدارانی داعش بە هیچ شێوەیەک نەیاندەوێرا خۆیان دەربخەن چونکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی شارەزای سنوورەکە بوو و توانایەکی باشی لە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆریستانە هەبوو.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ کە داعش لە هەڕەتەی دەسەڵات و توانای خۆیدابوو هەوڵێکی زۆری دا کەرکووک داگیر بکات و چەندین جار هێرشی کرد و ویستی شارەکە بگرێت بەڵام لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرسەختانەی هێزی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوو و دواتر هێزی پێشمەرگە بە تەواوی تێکیشکاندن و لە سنوورەکە دووری خستنەوە و ئاسایش و ئارامی تەواوی سنوورەکەی تەنی.
ئەمە بەردەوام بوو تا ١٦ی ئۆکتۆبەر و لە دوای ئەو بەروارە قۆناغێکی نوێ دروست بوو و سەرەڕای ئەوەی کە سوپای عێراق و حەشد چەکی پێشکەوتووتریان لەبەردەستدا بوو هەرگیز نەیانتوانی ئاسایش بۆ هەموو ئەو ناوچانە دابین بکەن.
ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٢٦ دەژین و نۆ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت بۆشایی ئەمنی لەم سنوورە هەیە و ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەکە لە نەینەوا بگرە تا دەگاتە حەویجە و داقوق و لە کەرکووک و پاشان درێژ دەبێتەوە بەرەو سەلاحەدین و دیالە، چەکدارانی داعش لە جووڵەدان و ئەگەر بە ڕۆژ حکوومەتی دەسەڵاتێکی ڕێژەیی هەبێت ئەوا بەشەو ئەوان حوکم دەکەن و جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە تەنانەت بە ئاسانی ناتوانن بچنە سەر سەر زەوییەکانیان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیانن کۆ بکەنەوە.
لە ٣٠ مانگەوە کە هێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوە دۆخەکە زۆر خراپتر بووە و بەرپرسانی ئەمنیی سنوورەکە خۆیان دانیان بەوە ناوە کە لە ئاسمانەوە هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر جووڵەی چەکدرانی داعش نییە و ئەوەی هەیە لە وشکانییە و تەنانەت لەو بوارەشدا ئەو تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە هەواڵگرییەی کە لەبەردەستی هاوپەیمانان بوو لەبەردەستی ئەواندا نییە.
پێشتر ناوچەکە لە ئاسمان و زەوییەوە کۆنترۆڵ دەکرا و هەرچەند ئەو بۆشاییە ئەمنییە هەبوو بەڵام جووڵەی چەکدارانی داعش کەمتر بوو و هەر جۆرە جووڵەیەکیان خێرا لە ڕێی هێزی ئاسمانی یان وشکانی بەرپەرچ دەدرایەوە بەڵام ئێستا ئەمە کۆتایی هاتووە و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو زۆر بە ڕاشکاوی ئەوەی ڕاگەیاند پێگەی ئێستای داعش بەهێزترە لە پێگەی بەر لە سەرهەڵدانی لە ساڵی ٢٠١٤ . هۆکاری بەردەوامیی ئەم مەترسییە بۆ مانەوەی بیری توندڕەوی دەگەڕێتەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕێزگرتن لە جیاوازیی پێکهاتەکان لە عێراقدا بە پێویستییەکی هەنووکەیی هەژمار دەکرێت.
هێشتا عێراق هەستی بەو هەڵانە نەکردووە کە لە ڕابردوودا کردوویەتی و دەیەوێت هەژموونی لایەنێک و تایفەیەک بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. لە جیاتی ئەوەی دۆخی سنووری مادەی ١٤٠ ئاسایی بکاتەوە و مادە دەستوورییەکە جێبەجێ بکات زیاتر لە ساڵان پەرە بە تەعریب و هەڵاواردن دەدات.
بەپێی دەستوور تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠دەبێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ببرێن و ئاسایشیان دابین بکرێت بەڵام ئەوەی دەکرێت لە یاسا و دەستوور بێبەرییە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە داهاتوودا زیانی نەک بۆ ئەم ناوچانە بەڵکوو بۆ هەموو عێراق دەبێت.