رۆژنامەی ھەولێر

ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە بۆ ھەزار دانە زیاد دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوێرەی داتاکانی پڕۆژەی “ھەژماری من” زیاتر لە ملیۆنێک ھاووڵاتی لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار کراون، خاوەنی کارتی بانکین و مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن. لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە بۆ ھەزار دانە زیاد دەکرێن، ئەوانەش لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دادەنرێن.

پڕۆژەی “ھەژماری من”، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی و پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ھێزە ئەمنییەکان. پڕۆژەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەنراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە مامەڵەی کاش و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکانە لە نێو ھاووڵاتییاندا.
لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە مووچەخۆران دەتوانن بە ئاسانی لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە مووچەکانیان وەربگرن، یان پارەکانیان لە نێو ھەژمارە بانکییەکانیاندا بھێڵنەوە بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی ئامێرەکانی پارەدانەوە بەکاریبھێنن، ئەم ھەنگاوە بەشێکە لە ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ برەودان بە شەفافیەت و چاکسازیی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ سەرجەم ناوچەکان.
تێکڕای ژمارەی سوودمەندانی تۆمارکراو لە پڕۆژەی ھەژماری من گەیشتووەتە ملیۆنێک و چواردە مووچەخۆر، ھاوکات ١.٠٧ ملیۆن کارت دابەشکراون، لە ئێستاشدا ١.٠٢ ملیۆن سوودمەند مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پڕۆژەی “ھەژماری من”ـەوە وەردەگرن.
بۆ ئاسانکاریی ڕاکێشانی پارە، نزیکەی ٨٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە زیاتر لە ٢٠٠ شوێنی جیاواز دانراون، بەپێی ئامارەکانیش دابەشبوونی مووچەخۆران بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیە، ٤٢٢ ھەزار لە ھەولێر، ٣٧٢ ھەزار لە سلێمانی، ١٩٧ ھەزار لە دھۆک و ٢٥ ھەزار سوودمەندیش لە پارێزگای ھەڵەبجە، ئەمە لە کاتێکدایە ٤٠٠ ھەزار فەرمانبەری مەدەنی، ٢٣٨ ھەزار پێشمەرگە و ئاسایش، ٣١٣ ھەزار خانەنشین لەگەڵ ٦٥ ھەزار خێزانی شەھید مووچەکانیان لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە وەردەگرن.
ڕێژەی پێدانی مووچە بە دیجیتاڵی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیران ٨٣٦ ھەزار، لە تەممووز ٩٢٢ ھەزار، لە ئاب ١,٠٠١,٠٠٠ و لە مانگی ئەیلوولیشدا ١,٠١٦,٠٠٠ مووچەخۆر مووچەیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە. بەرپرسانی پڕۆژەی ھەژماری من داوا لە فەرمانبەران دەکات بۆ ھەر کێشە و پرسیارێک پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەوە بکەن لە ڕێگەی ژمارەی ١٩٩١.
ھەژماری من ئەوەشی بۆ مووچەخۆران ئاشکرا کردووە، بەمنزیکانە پرۆسەی گواستنەوەی ھەژماری من لە بانکێکەوە بۆ بانکێکی تر دەست پێ دەکات، فەرمانبەر دەتوانێت بانکەکەی بگۆڕێت، لە ھەمان کاتدا ئێستا لەڕێی بەکارھێنانی ئامێری بانکێکی تر مووچەکەی وەربگرێت.
بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ھاتنی پڕۆژەکە ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە ھەزار ئامێر تێبپەڕێنێت کە ئەمەش ھاوتایە لەگەڵ ڕێساکانی بانکی ناوەندیی عێراق. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئاشکرای کرد، لەناو پڕۆژەی ھەژماری من یەک ملیۆن مووچەخۆر مووچەی خۆیان بە ئەلیکترۆنی وەردەگرن، ھەروەھا زیاتر لە ٧٥٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دانراون، پڕۆژەکە ھێشتا تەواو نەبووە، ٢٥٠ ئامێری دیکەش زیاد دەکرێن، ئەوانەش لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دادەنرێن.