پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – سووریا کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان، بە ناوی شاندەکەوە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و کورتەیەکیشی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ کۆماری سووریا و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی و چالاکیی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.

