ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دواپێشهات و ئەنجامەکانی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
لەم بارەیەوە، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمدواییە لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و ئەو دەق و پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، پێشکەش کرد.
دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاراستە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە (14.14٪) و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدا.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفی و تەرخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانیی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندوقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.

