رۆژنامەی ھەولێر

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەرزەنشتی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکات.

دکتۆر عەبدوڵلا مەلا وەیسی رایگەیاند، هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرزەنشت دەکەین و بە پەلامارێکی ئاشکرا بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستانی دەزانن.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، دکتۆر عەبدوڵلا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە تاوانکاریەکانی ئەمڕۆ دووشەممە 17/ 8/ 2026 کە کراونەتە سەر ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن، بە توندی مەحکوم و سەرزەنشت دەکەین و بە پەلامارێکی ئاشکرا و هەنگاوێکی مەترسیدار دەزانین کە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر هەوڵێک کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی کوردستان یان لاوازکردن و زیانگەیاندن بە دامەزراوەکانی بێت بە توندی رەت دەکەینەوە.

جەختی لەوەکردووەتەوە ئەم پەلامارانە، هەرچەندە مەترسیدار و قورس بن، ناتوانن لە ئیرادە و پێداگریی هەرێم کەم بکەنەوە؛ بەڵکوو زیاتر دەبنە هۆی یەکڕیزی و پێداگریی گەلی کوردستان و دامەزراوەکانی، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و سەروەریی خاکی خۆمان.