میر حازم تەحسین سەعید، میری ئێزدییەکان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رووحانیی ئێزدییەکان، هێرشکردنەسەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بە توندی سەرکۆنە کرد.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، میر حازم تەحسین سەعید، میری ئێزدییەکان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رووحانیی ئێزدییەکان، لە بارەی هێرشەکردنە سەر نووسیگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دەبێت زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببێتە تاکە رێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەموو لایەنەکان، بەدوور لە هەر گرژی یان کردەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری تێکبدات.
هاوکات میر حازم تەحسین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کردەوانە هەڕەشەی و مەترسین بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، بۆیە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە و کردەوەی لەو جۆرە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
میر حازم تەحسین سەعید لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک لانکەی لێبوردەیی و مەکۆی فرەیی ئایینی و کولتووری و ماڵێک بۆ هەمووان دەمێنێتەوە، هاوکات داوای بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی کرد و هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی جیهان خواست.

