ڕائیب جادر – هەولێر
لە زۆربەی بەنزینخانەکانی ھەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو ھەیە و چی دیکە پێویست ناکات شۆفێران چەندین کاتژمێر نۆرەیەکی دوور و درێژ بگرن بۆ وەرگرتنی چەند لیترێک بەنزین. وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕایگەیاند، ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی نۆرمال بە نرخی ٧٥٠ دینار دابەشدەکرێت. گوتیشی، چاودێرییەکی تووند خراوەتە سەر تانکەر و بەنزینخانەکان بۆ ڕێگری لە گەندەڵی.
ڕۆژی ١٣ی٨ی٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی لەبارەی نرخی بەنزین دەرکرد و ڕایگەیاند، بەنزینی بازرگانی بە نرخی ٧٥٠ دینار بە پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت واتا جیاوازی ئەو نرخە لەگەڵ بەنزینی بازرگانی لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لەمەودوا ھیچ بەنزینخانەیەک بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە کارت یان کۆبۆن دابەش ناکات، بەمەش سەرجەم ڕێکارە ڕۆتینییەکانی پێشوو بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی لە لایەن شۆفێرانەوە بەفەرمی و بەتەواوی کۆتاییان پێدێت، لە ھەمان کاتدا دابەشکردنی بەنزینەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سووتەمەنی و کانزاکان دەبێت بە ڕەچاوکردنی کوالێتی بەنزینەکە.
ئێستا پلانی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، شۆفێران دەتوانن بەبێ کارتی سووتەمەنی و بەشێوەیەکی ئاسایی، بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە تێچووی ٧٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک لە بەنزینخانەکاندا وەربگرن.
بەرپرسانی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری پاڵپشتیکراوی حکومی بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری دەبێت و لە داھاتووشدا ژمارەی بەنزینخانەکان زیاتر دەکرێن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کوالێتی بەنزینە حکوومییەکە بەو تایبەتمەندییە کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کراوە و ئۆکتانی لە سەرووی ٩١ـەوەیە و ھیچ کێشەیەکی نییە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە قەیرانی بەنزین ئێدی کۆتایی پێ ھات.
ڕەشید مستەفا، نوێنەری بەنزینخانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەو بڕە بەنزینەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دێت برەکە زیاتر کراوە، پێشتر ڕۆژانە تەنیا چوار ئۆتۆمبێڵ دەھاتن، کەچی ئێستا بوونەتە ١٠ ئۆتۆمبێلی بارکراوی بەنزین، ئەوەش وا دەکات نۆرەگرتن و سیستەمی تاک و جووت چی دیکە پەیڕەو نەکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، لەمەودوا بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە بەنزینخانەکان بۆ سەرجەم شۆفێران بەردەست دەبێت و چیتر پێویست بە دانانی لیستی تایبەتی بەنزینخانە حکومییەکان و بەکارھێنانی کارتی سووتەمەنی ناکات، بەڵکو شۆفێران دەتوانن ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ئاسایی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە بەنزینخانەکان وەربگرن.
بەھزاد عومەر، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی “کورد نەفت” ئاشکرای کرد، نرخی بەنزینی موحەسەن و سۆپەر بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو دابەزیوە، ئێستا یەک لیتر بەنزینی باشترکراو بە ٢٠٠٠ دینارە، جۆری نایابیش بە ٢٣٠٠ دینارە.
باسی لەوەش کرد، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت لە سێ ڕۆژی داھاتوودا نرخی ئەم دوو جۆرە بەنزینە ٣٠٠ دیناری دیکەش دادەبەزێت، چونکە سەرچاوەکەیان بەنزینی ئاساییە و پاش تێکەڵکردنی لەگەڵ چەند ماددەیەکی تایبەت کوالێتییەکەیان بەرز دەکرێتەوە.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە، ١٥ـی ئاب، دابەشکردنی بەنزینی نۆرمالی پاڵشپتیکراو لە لایەن حکوومەتەوە بە نرخی ٧٥٠ دینار دەستی پێکردووە.
بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵی ٧٥٠ دیناری بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرێت، ئەم ھەنگاوە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، ئاماژەی بە دۆخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر کرد و گوتی، ئەمانە بازرگانین و کەرتی تایبەت ھاوردەی دەکات، بەڵام لە ڕۆژانی داھاتوودا، بڕێکی زۆر و پێویست دەخرێتە بازاڕەوە و ئەمەش ھاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی نۆرمال و نرخی ئەو دوو جۆرە بەنزینەش دادەبەزێت.
سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لەو بەنزینەی لە حکوومەتی فیدراڵییەوە دێت، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا بەغدا تەنیا یەک ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەو پێیە بێت ئەو بڕەی بەغدا دەینێرێت بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک یەک لیتر بەنزینیش بەرناکەوێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەوەکالەت، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکرێت تا پشکی ھەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی دانیشتووان یان پارێزگاکان دیاری بکرێت و بڕەکەی زیاد بکرێت.
بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی و دڵنیابوون لە گەیشتنی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە بۆ دەستی ھاووڵاتییان، کەمال محەممەد ئاشکرای کرد، چاودێرییەکی تووند خراوەتە سەر کارەکە و گوتی، ھەنگاوەکە حکوومییە و کەرتی تایبەت تەنیا لە گواستنەوەکەدا بەشدارە.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەوەکالەت، ڕوونیشی کردەوە، بۆ ئەم ئامانجەش سەرجەم تانکەرەکان سیستەمی “جی پی ئێس”ـیان بۆ دانراوە و لە پاڵاوگەکانەوە تا دەگەنە بەنزینخانەکان چاودێری دەکرێن. جگە لەوەش کامێرای چاودێری لە بەنزینخانەکان جێگیر کراون و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و قایمقامیەت ڕێگری لە ھەرجۆرە لادانێک دەکرێت، تاوەکو سووتەمەنییەکە بە کوالێتییەکی باش و بێ کێشە بگاتە دەستی ھاووڵاتییان.
لەسەر ئاستی عێراقیش ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بەردەوامن. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، یاداشتێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین بە ١٦٩ واژۆوە داوەتە دەستی عەلی زەیدی، چاوەڕوانن بڕیاری لەسەر بدرێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، جەختیشی کردەوە، دەبێت عێراق ڕۆژانە ١٣٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ بداتە ھەرێمی کوردستان. لەبارەی ڕادەستکردنی ٥٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرانبەر وەرگرتنی سووتەمەنی، ئەو پەرلەمانتارە، گوتی، عێراق خۆی ڕۆژانە ٥,٠٠٠,٠٠٠ لیتر بەنزین لە ئوردن، سعوودییە و ئیمارات ھاوردە دەکات، ھەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە پێویستی بە ٧,٠٠٠,٠٠٠ لیتر بەنزینە، بۆیە ئەستەمە عێراق بتوانێت پێداویستیی ھەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی، مسۆگەری نییە ئێمە ئەو نەوتە ڕادەست بکەین دواتر عێراق وەک کارتی فشار دژی ھەرێمی کوردستان بەکاری نەھێنێت.

