رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە 900,000 فەرمانبەری کەرتی گشتی کارتی بانکییان لە ڕێگەی هەژماری من وەرگرتووە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: زیاتر لە 900,000 فەرمانبەری کەرتی گشتی، کارتی بانکییان لە ڕێگەی پرۆژەی “هەژماری من”ــەوە وەرگرتووە.

پرۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت، بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

ئەم هەنگاوە دوای ئاگەدارکردنەوەی دواییی بەغدایە سەبارەت بە ڕاگرتنی مووچەی نەختینە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی هەموو سوودمەندانی ماوە دەدات خۆتۆمارکردنیان تەواو بکەن و کارتە بانکییەکانیان وەربگرن، بۆ ئەوەی هیچ دواکەوتنێک لە مووچەکانیان ڕوو نەدات.

بانکە بەشداربووەکانیش نزیکەی 700 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM)یان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دامەزراندووە, کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ATMـەکان تا کۆتاییی پرۆژەکە زیاتر لە 1,000 دانە بێت.

بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ماڵپەڕی هەژماری من بکەن: www.myaccount.gov.krd.