سەرۆکی حکومەت لە چاوپێکەوتنەکەدا:
ههرێم جێگەی ههڕهشه نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و سەرکەوتوو بووین لە فرەچەشنکردنی ئابوورییەکەمان دوور لە گۆڕانکارییەکانی وزە.
نامەرکەزیەت کلیلی گەشەسەندنی وڵاتە بەهێزەکانە و هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەسەر کوردستان هیچ پاساوی نییە.
کوردستان نموونەیەکی پێشکەوتوو لە حوکمڕانی و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و لە نێو قۆناغی بونیاتناندا کێبڕکێی کات دەکەین.
ژینگەیەکی ئاراممان دابین کردووە کە کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان ڕادەکێشێت و وبەرهێنەری خۆماڵیش لە سەختترین بارودۆخدا سەرکەوتوویی خۆی سەلماند.
بە توندی پشتگیریی سەرجەم هەوڵەکانی ئاشتی لە ناوچەکە دەکەین… زمانی هێمن و دیالۆگ ڕێگەی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانن.
کەناڵی ئاسمانیی جەزیرە لە ڕێگەی بەرنامەی (المقابلة)ـەوە کە لەلایەن ڕۆژنامەنووس عەلی زەفیرییەوە پێشکەش دەکرێت، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەنجام دا، کە تێیدا باسی کۆمەڵێک دۆسێی کرد. چاوپێکەوتنەکە بە باسی ژیانی کەسییەوە دەستیپێکرد، پاشان ئالانگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان باس کرا و، هەڵوێستی هەرێم بەرانبەر بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دواتر باسەکە درێژەی پێدرا بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و، دیدگا چاکسازییەکەی جەنابیان بۆ داهاتووی کوردستان. لە خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:
پێشکەشکار: خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت لە بەرنامەی (المقابلة) و ئەم دەرفەتەت پێداین بۆ باسکردن دەربارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ئالانگارییە گەورانەی کە لە دەوروبەریدان.
سەرۆکی حکومەت: سوپاس بۆ ئێوە.
پێشکەشکار: جەنابت لە کوردستان لەدایک بوویت، بەڵام لە دەرەوە گەورە بوویت؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، من لە ساڵی 1969 لە کوردستان لەدایک بووم، لە ناوچەیەکی شاخاویی بە ناوی (دیلمان) سەر بە پارێزگای هەولێر.
پێشکەشکار: پاشان دەرچوویت بۆ ئێران؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، لە ساڵی 1975.
.پێشکەشکار: چەند ساڵ لە ئێران ژیاویت؟
سەرۆکی حکومەت: تاوەکو نزیکەی ساڵی 1991.
.پێشکەشکار: ماوەیەکی درێژە.
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ.
پێشکەشکار: کەواتە زمانی فارسی دەزانیت؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، شارەزای زمانی فارسیم.
پێشکەشکار: لە تاران ژیاویت؟
سەرۆکی حکومەت: نەخێر، لە سەرەتادا لە کەرج بووین، دواتر چووین بۆ ورمێ و لە ناوچەیەکی کوردی بە ناوی (سلێڤانا) ژیاین.
پێشکەشکار: پاشان بۆ خوێندن رۆیشتیتە دەرەوەی وڵات؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، دوای ڕاپەڕین گەڕاینەوە عێراق، بۆ كوردستانی عێراق، پاشان چوومه ئەمریکا و لە ساڵی 1998 گەڕامەوە.
پێشکەشکار: ئەم نەوەیەی ئێستا سێیەم نەوەیە کە حوکمی هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا جیاوازیی گەورە هەن؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، جیاوازیی نێوان سەردەمی ئێستا و سەردەمەکانی پێشوو.. بێگومان هەیە.
پێشکەشکار: نەوەی یەکەم نەوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوو، ئێستاش نەوەی بونیاتنانە، ئایا دەتوانین ئەمە بڵێین؟
سەرۆکی حکومەت: هەوڵ دەدەین بۆ ئەوە.
پێشکەشکار: ئایا هەست دەکەن هەرێم لە ڕووی سەقامگیرییەوە تا ڕادەیەک هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشاوە؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان. دۆخەکە باشترە، بەڵام وەک دەیبینیت کێشە هەن.
پێشکەشکار: دەڵێن کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە شاخەکان نەبێت..
سەرۆکی حکومەت: ئەگەر خودا بیەوێت، دۆست هەن.. ئێمە دۆستی هەموو خەڵکين و دۆستی هەموو گەلانین.
پێشکەشکار: ئایا ئەوانیش دۆستی ئێوەن؟
سەرۆکی حکومەت: ئەمە بابەتێکی ترە. ناتوانم ئەمە یەکلایی بکەمەوە، ئەگەر خودا بیەوێت ئەوانیش (دۆستمانن).
پێشکەشکار: یەکێک لە ئالەنگارییەکان، واتا ئالنگارییەکانی نەتەوەی کورد، ئەوەیە کە لەوانەیە تاکە نەتەوە بێت لە جیهاندا خاوەنی نیشتمانێکی نەتەوەیی سەربەخۆ نییە. ئێمە باسی 50 ملیۆن کەس دەکەین، کە دابەش بوونە بەسەر دەوڵەتاندا بەتایبەت تورکیا و ئێران.
سەرۆکی حکومەت: سەرژمێرییەکی ورد نییە، بەڵام ئەگەر هەیە 50 ملیۆن بن و ژمارەیەکیش لە ئەوروپا و ناوچەکانی تر هەن.
پێشکەشکار: ئێستا هەرێمی کوردستان گوزارشت لە ناسنامەی کوردی دەکات.. بەڕێز سەرۆکی وەزیران، ئێمە خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت. چەندین دۆسێی سیاسی هەن کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەو جەنگی کە بەردەوامە، بە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانتانەوە هەیە، دەمانەوێت بیانخەینە ڕوو.. بەخێر هاتن.
سەرۆکی حکومەت: زۆر سوپاس.
پێشکەشکار: دۆسێی جەنگی ئێران گەرمترین دۆسێی ئەمڕۆیە. چۆن لەم جەنگە دەڕوانن و گەیشتووە بە کوێ و داهاتووی چۆن دەبێت؟ هەڵوێستی حکومەتی کوردستان چییە لەم جەنگە؟
سەرۆکی حکومەت: هەڵوێستمان لە ڕۆژی یەکەمەوە روون بوو: ئێمە نامانەوێت ببینە لایەنێک لە هیچ ململانێ یان جەنگێک لە ناوچەکەدا. بێگومان ئێمە نەبووین کە ئەم جەنگەمان دەستپێکرد، ئەوەی دەمانەوێت بریتییە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوور بێت لە هەر ململانێیەک. هەروەها چارەسەری ئاشتیانە بۆ هەر کێشەیەک بەلاوە پەسەندترە. باوەڕمان وایە کە هەر جەنگێک لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە کۆتایی دێت، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی کاتێکی زۆر یان سەرچاوەیەکی زۆر و گیانلەدەستدانی زۆرێک لە گیانەکان، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە. بۆیە پێمان باشترە ڕێکەوتنێکی ئاشتیانە ببینین کە تێیدا بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان ڕەچاو بکرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت، هەروەها… سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هیوادارین گشت لایەنەکان ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن.
پێشکەشکار: ئایا هەوڵ هەبووە، بە باوەڕی جەنابت، بۆ راکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەم جەنگە، بۆ ئەوەی بەشداری لەم جەنگە بکات یان ببێتە بەشێک لێی بە شێوەیەک لە شێوەکان؟
سەرۆکی حکومەت: لەوانەیە هەوڵ هەبووبێت، بەڵام هەڵوێستمان لە ڕۆژی یەکەمەوە روون بوو: نامانەوێت ڕابکێشرێینە ناو جەنگێکەوە کە نامانەوێت ببینە بەشێک لێی.
پێشکەشکار: ئەو هەوڵانە چی بوون، واتە، ئایا هاندران بۆ بەشداری كردن لەلایەن ئەمریکاوە؟
سەرۆکی حکومەت: نەخێر، هیچ فشارێک بوونی نەبوو؛ با تەواو ڕوون بم، هیچ لایەنێک فشارێکی نەکردووە سەر ئێمە بۆ ئەوەی ببەینە بەشێک لە هیچ جەنگێک. ئێمە بەرژەوەندی نیشتمانیی خۆمان هەیە و ئەو بەرژوەندییانەش لە پلەی یەکەمدا دێن پێش هەموو شتێک. ئێمە ڕێز لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان دەگرین، بەڵام نامانەوێت لایەنێک بین لە جەنگێکی نوێدا.
پێشکەشکار: وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڕێز مەسرور بارزانی، چۆن ئەنجامەکانی جەنگ هەڵدەسەنگێنیت تاوەکو ئێستا؟
سەرۆکی حکومەت: دۆخێکی زۆر سەختە. وەک دەزانن، ناوچەکە دۆخێکی ناسەقامگیر دەبینێت، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرینی کردووەتە سەر ئابووری، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا، هەروەها ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاردا دەژی، کە تێیدا نازانین کۆتایی ئەم جەنگە چۆن دەبێت. لە ئەنجامدا، دڵەڕاوکێ لێرە لە هەرێمی کوردستان باڵادەستە، هەروەها لە زۆر شوێنی تریش باڵادەستە. هەموومان هیوادارین ئەم جەنگە لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بێت.
پێشکەشکار: واتە ئێوە هیوادارن لە دەرەوەی جەنگ بن، بەڵام دۆخەکەتان وەک ئەوە وایە کە (لایەنێک هەیە) ناچارتان دەکات یان بەزۆری دەتانخاتە نێو ئەم جەنگەوە. لە لایەکەوە، کۆمەڵێك گرووپی عێراقیی ناحکومی هەرێم دەکەنە ئامانج و ناوچەی دیاریکراو تێیدا دەکەنە ئامانج. ئێرانیش ناوچەکانی تری هەرێم دەکاتە ئامانج. هەروەها لە لایەکی تر پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییە ئەیرانییەکان بەرانبەر ئێران ڕۆڵ دەگێڕن و، وەڵامدانەوە هەیە بۆیان. وەک ئەوە وایە دۆخەکە رێگەتان پێ نادات دوور بکەونەوە لەم جەنگە؟
سەرۆکی حکومەت: سەبارەت بەو ئۆپۆزسیۆنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوان لە پێش ساڵی (1991)ەوە لێرەن، بەڵکو تەنانەت لە ماوەی پێشووترشدا هەبوون و وەک پەنابەر هاتنە عێراق. بۆیە ئەم کێشەیەمان بە میرات بۆ ماوەتەوە و هۆکاری دروستبوونی نەبووین، زۆرێک لەم کەسانە خێزانیان هەیە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەوان دابەش بوون بەسەر ناوچە جیاجیاکانی دەڤەرەکەدا. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان بۆ مسۆگەرکردن و پابەندبوونی هەمووان بە سیاسەتی فەرمیی هەرێم و حکومەتەکەمان، بۆ ئەوەی نەبنە لایەنێک لە هیچ کێشەیەکدا و نەبنە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی هیچ کام لە دراوسێکانمان. سەبارەت بە هێرشکردن لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جێگەی داخە کە هێرشەکە لە ڕاستیدا رووی دا، هەرێم تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی زیاتر لە (1000) هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، جا چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە یان لە ناو عێراقەوە لەلایەن هەندێک میلیشیاوە. بەداخەوە، باوەڕمان وایە کە هەموو ئەم هێرشانەی دژی کوردستان بێپاساو و بنەمان. بەداخەوە، زیانی گیانیشمان پێ گەیشت و ژمارەیەک لە رۆڵەکانمان لەدەست دا. هەروەها چەند بەشێکی گەورە لە ژێرخانی ئابووریمان تووشی زیانی فراوان بوون. بێگومان، ئەم هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد و بەردەوامین لە شەرمەزارکردنی، چونکە هەرێم نییەتی ئەوەی نییە ببێتە لایەنێک لەم ململانێیەدا، تەنانەت سەیرش نەکرێت لە ڕوانگەی ئەوەی کە بووەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک.
پێشکەشکار: هۆکارە ڕاگەیەندراوەکان چین بۆ هێرشکردن لەسەر هەرێم، بەم ژمارە گەورەیەی کە زیاترە لە 1000 هێرش؟
سەرۆکی حکومەت: باشە، ئەوان زۆر ڕوون بوون سەبارەت بە هۆکارەکان. یەکێک لەم هۆکارانە بریتییە لە باوەڕیان بەوەی کە هەرێمی کوردستان، وەک ناوچەکانی تری عێراق، میوانداریی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات، ئەم هێزانەش هاتنە عێراق بەپێی بانگهێشتی حکومەتی عێراق و ئەرکەکەیان بریتی بوو لە شەڕکردن دژی رێکخراوی داعش و تیرۆر، بۆیە بوونیان بەردەوام بوو. وەک هەموومان دەزانین، ئەم ئەرکە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا کۆتایی دێت و لەو کاتەبەدواوە ئەو هێزانە دەچنە دەرەوەی وڵات. کەواتە، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پشتیان پێ بەست، بە بڕوای من بڕیاری کشانەوەپێکردنیان بڕیارێکی زۆر خراپ بوو، لەلایەن هەموو ئەوانەی کە سەیری ئەو هێزەی هاوپەیمانان دەکەن وەکو کێشە، چونکە ئەوان هاتبوون بۆ یارمەتیدانی گەلی عێراق و رزگارکردنی لە تیرۆر، پاشان هێرش دەکەنە سەریان تەنها وەک بیانوویەک. سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بە بەهانەی بوونی ئەو هێزانە، ئەوە شتێکی قبوڵنەکراوە و ناتوانرێت پاساو بۆی بهێنرێتەوە جا بە هەر بەهانەیەک بخڕێتە ڕوو. بێگومان، ئەوەشمان بیست کە بوونی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بە لای هەندێکیانەوە، بە هۆکارێکی تر بۆ دهستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە. بەڵام، بەداخەوە، ئەم هێرشانە سنووردار نەبوون بە ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو شۆڕبوونەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی تەواوی هەرێم و بوونە هۆی کەوتنی قوربانی، تەنانەت هاووڵاتییە سڤیلەکانمان باجی هەرە گەورەیان دا و، کاریگەرییەکی گەورەشیان لەسەر ئابووری هەرێم هەبوو. بەڵام، وەکو گوتم، هەرێمی کوردستان لایەن نییە لەم جەنگەدا، هەموو شتێکمان کرد کە لە تواناماندا هەبوو بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی هەرێم هیچ هەڕەشەیەک دروست نەکات بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک، جا چ لایەن بن لە ململانێدا یان هێزەکانی ناوچەیی یان وڵاتانی دراوسێ. بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە بم لەگەڵتدا، پێم وایە کە ئەمانە تەنها پاساوی پووچن بۆ ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە.
پێشکەشکار: ئایا هێرشی ئەمریکی دژی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە دەست پێ ناکات؟ باسی بنکەی هەریر دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ڕەنگە کوردستان- بەپێی تۆمەتە ئێرانییەکان- خاکی دەستپێکردنی هێرش بێت بۆ سەر ئێران و، لەبەر ئەم هۆیەش دەکرێتە ئامانج؟
سەرۆکی حکومەت: ئەمە ڕاست نییە؛ یەکەم، بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی دە ساڵە چۆڵە. سەرەتا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە شەڕی دژ بە داعشدا بەکارهێنرا و، شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2017 کۆتایی هات. بنکەی هەریر چۆڵە. ئەم هێرشانە هەموویان بنکەیەکی چۆڵیان کردە ئامانج و هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە هەریر نییە، بەڵکو هیچ هێزێکی سەربازی تێیدا نییە بە هەموو شێوەیەک. بێگومان، بوونی ئەمریکیمان لە هەولێر هەبوو، ئەم بوونەش چەندین جار ڕووبەڕووی ئامانجگرتن بووەوە. بەڵام، وەک دەزانن، ئەرکی ئەمریکییەکانی ناو هەرێمی کوردستان سنووردار بوو بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاوڵاتییانی عێراق، بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان.
پێشکەشکار: قەبارەی بوونی ئەمریکی لە هەرێمدا چەندە؟
سەرۆکی حکومەت: ئێستا، چیتر هیچ بوونێکیان نییە. وەک دەزانن، ئەو هێزانە بەڕاستی ڕۆیشتن. لە ئەنجامدا ئەمریکا ئەرکی خۆی کۆتایی پێ دێنێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان خۆی و حکومەتی فیدراڵیدا کراوە.
پێشکەشکار: تۆمەتە ئێرانییەکان دەربارەی چالاکیی پارتە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنەکان کە هەرێم یان سنووری هەرێم بە مۆڵگەی خۆیان دەزانن… چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکەن؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە پێمان وایە کە هەر کێشەیەک پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، لە هەر وڵاتێکدا، دەبێت بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. باشترین ڕێگەش بۆ ئەوە گفتوگۆیە. بۆیە ئەگەر جیاوازی یان ململانێ لەگەڵ گرووپ یان قەوارە سیاسییکاندا هەبن، یان وەک لەم حاڵەتەدا لەگەڵ کورد لە ئێران، ئەوە باوەڕمان وایە ڕێگەی دروست بریتییە لە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە نێوان لایەنە جیاجیاکاندا. بێگومان، هیچ کەسێک ناتوانێت بوونی کورد ڕەت بکاتەوە. کورد بەشێکی ڕەسەنی وڵاتانی ناوچەکەن کە تێیدا دەژین و سەر بەم خاکەن. بەڵام لەم حاڵەتە دیاریکراوەدا، پێمان وایە قەبارەی ئەو هەڕەشەیەی کە وێنا کراوە، یان بەو شێوازەی کە تێیدا کورد وێنە کراون کە مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەوە وێنەکە زۆر گەورە کراوەتەوە و قەبارەکەی زێدەڕۆیی تێدا کراوە. کورد ئەو کاریگەرییە گەورەیەی نەبوو و هیچ نییەتێکی ڕاستەقینەیان نییە بۆ ئەوەی ڕۆڵێک بگێڕن کە دۆخەکە خراپتر بکەن. لە بنەڕەتدا، هەموو کەسێک هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، هەموو شتێکمان کردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی و سەقامگیری سنوورەکانمان، بۆ دڵنیابوون لەوەی خاکی هەرێم لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بەکارنەهێنرێت بۆ زیانگەیاندن بە هیچ کام لە دراوسێکانمان.
پێشکەشکار: بەڵام بەڕێز سەرۆکی وەزیران، دەزانیت کە لە سەرەتای جەنگەکەدا، قسەی زۆر گەورەی ئەمریکی و ئیسرائیلی هەبوو سەبارەت بە ڕۆڵی پارتە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە رووخاندنی رژێمدا، پاشان ترامپ تووڕە بوو و بەڕوونی گوتی چەکدار کراون، پاشان ئەوان بەشدارییان نەکرد، بەڵکو دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت کە پێمان دان. واتە پشتئەستوورییەک هەبوو بە کوردە ئێرانییەکان لە سەرەتای جەنگەکەدا.
سەرۆکی حکومەت: مافی هەر لایەنێکە کە شیکاریی تایبەتی خۆی پێشکەش بکات، تێڕوانین یان ئارەزووی هەبێت سەبارەت بە دەرئانجامەکانی هەر ڕووداوێک. بەڵام سەبارەت بەم جەنگە، بە هەموو ڕوونی و راشکاوییەوە دەیڵێم: ئێمە لایەن نەبووین لەم جەنگەدا، و لایەنیش نابین تێیدا.
پێشکەشکار: بابەتی ئیسرائیل و پەیوەندیی لەگەڵ کوردستاندا ناڕوونە لە جیهانی عەرەبیدا، قسە هەیە سەبارەت بە پەیوەندیی گەورە، پەیوەندیی گرنگ، پەیوەندیی نهێنی و شتی لەو بابەتە. چۆن بەڕێز مەسرور بارزانی لە بابەتی پەیوەندییە تایبەتەکانی هەرێم لەگەڵ ئیسرائیل دەڕوانێت؟
سەرۆکی حکومەت: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆ پەیڕەو ناکات. بۆیە ئێمە پابەندین بە سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی عێراق و، بەپێی ئەو ڕێچکەیە کار دەکەین کە حکومەتی فیدراڵی پەیڕەوی دەکات.
پێشکەشکار: کەواتە هیچ پەیوەندییەکی هەرێم بە ئیسرائیلەوە نییە؟
سەرۆکی حکومەت: وەک ئاماژەم پێ دا، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵیدا نییە، پەیوەندییە فەرمییەکان و سیاسەتی دەرەکی لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵن و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیین.
پێشکەشکار: ئێستا بەڕێز مەسرور بارزانی، جەنابت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی، هەرێمی کوردستان، و تۆ بەشێکی لە عێراقی فیدراڵی گەورە. کێشەیەک هەیە پەیوەندیدارە بە عێراق و هەڵوێستییەوە ددەربارەی جەنگ. دراوسێکان ئازاردەدرێن بەهۆی چالاکیی میلیشیاکانەوە، حەشدی شەعبی بە دیاریکراوی، هەندێک گرووپی ناحکومی بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ دەکەن؛ کوێت و سعودییەیان بۆردومان کرد و تەنانەت عێراقیانش بۆردومان کرد، کوردستان ئێستا، و دیار نییە عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بابەتەی هەبێت. چۆن لەم بابەتە دەڕوانن؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە سیاسەتی فەرمیی حکومەتی فیدراڵ پەیڕەو دەکەین، بەتایبەتی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆک وەزیران زەیدی، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا چەک هەڵبگرێت، یان دەسەڵاتی هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات. بۆیە، هەندێک لەو چالاکییانەی کە لەلایەن هەندێک لەم گرووپانەوە ئەنجام دەدرێن زیان بە عێراق دەگەیەنن بە پلەی یەکەم پێش ئەوەی زیان بە دراوسێکانی بگەیەنن. بینیمان چۆن زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کرابوون، جا چ بە مووشەک یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووبێت. بەداخەوە، ئەم هێرشانە درێژ بوونەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ژێرخانەکەمان، ئامانجە مەدەنییەکان، تەنانەت بنکە سەربازییەکانمانش ڕووبەڕووی زنجیرە هێرشێک بوونەوە و ئەمە بابەتێکە دەبێت بوەستێت. ئێمە پشتگیریی تەواوی سەرۆک وەزیران دەکەین لە هەوڵەکانیدا بۆ پابەندکردنی هەمووان بە سەروەری یاسا و، دڵنیابوون لەوەی کە هیچ لایەنێک لە دەرەوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا توانای هەڕەشەکردنی بۆ سەر ئاسایشی عێراقییەکان یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەبێت.
پێشکەشکار: ئایا ئەم گرۆپانە لە دەوڵەت بەهێزترن؟ واتە ئەو گرووپانە هێرش دەکەنە سەر عێراق، هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە سووریا و ئوردن دەکەن، هەمووان گلەییان لێ دەکەن، ئایا لە دەوڵەت بەهێزترن؟
سەرۆکی حکومەت: ناتوانم بڵێم ئەوان لە حکومەت بەهێزترن. باوەڕم وایە کە تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی جددی نەبووە بۆ چەکداماڵینیان لە رێگەی بەکارهێنانی هێز، چونکە ئاراستەکە، تاوەکو ئێستا، بریتییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە کە گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەم گرووپانە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، یان ئاوێتەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بن. کەواتە، هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە ڕووی نەکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لە رێگەی هێز. پێموایە ئەمە ڕێچکەی دروستە بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوونی ئەم گرووپانە لە کۆتاییدا بە یاساکانی دەوڵەت و ڕێساکانی.
پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆک، ئەمە دەرگایەک دەكاتەوە بۆ پرسیارە گەورەکە کە پەیوەندیدارە بە هەژموونی ئێران لە عێراقدا؟
سەرۆکی حکومەت: عێراق دەوڵەتێکە دراوسێی ئێرانە، سنوورێکی درێژی لەگەڵیدا هەیە، بۆیە شتێکی ئاساییە کە پەیوەندی لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئەم پەیوەندییانە دەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن و متمانەی هاوبەش بونیات بنرێن. هەموو دەوڵتەکان دەبێت ڕێز لە یەکدی بگرن، بەپێی ئەو نەریتانەی کە پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕێکدەخەن و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندییانە. هەروەها دەبینین کەوا عێراق پێویستە جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و بەهێزکردنیان بکات، لە هەمان کاتدا، دروستکردنی پەیوەندی گەلێکی سروشتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ ڕێچکەی سروشتییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندییانە. بەڵام، وەک گوتم، دەبێت عێراق بە تەواوی سەربەخۆ بێت لە بڕیارەکانیدا و، بەرژەوەندیی گەلەکەی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بخاتە سەروی هەموو شتێکەوە.
پێشکەشکار: دوو لایەنی جەنگەکە ئێستا، ئەمریکا و ئێران، هەردووکیان یاریزانی سەرەکین لە دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا لە ساڵی (2003)وە و رووخاندنی رژێمی عێراقی (پێشوو). چۆن عێراق دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان دوو لایەنی جەنگەکە و هەژموونی ئەمریکی و ایرانی ڕابگرێت؟
سەرۆکی حکومەت وەکو دەزانن، عێراق بە زنجیرەیەک ڕووداودا تێپەڕیوە کە خستییە پێگەیەکی زۆر سەختەوە. ڕژێمی پێشوو ڕووخا، پاشان داگیرکاریی ئەمریکی بۆ سەر عێراق هات و، لە سەرەتادا ئەوە بە داگیرکاری ناوزەد کرا، پاشان هێزەکان خۆیان وەک هێزی پەلاماردەر ناساند. لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بوونی سەربازیی بیانی لە عێراقدا بە ڕادەی جیاواز بەردەوام بووە. پاشان بینیمان تیرۆر سەری هەڵدا، ئەوەش ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی ناچار کرد، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، کە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپیی دۆستیش پەیوەندییان پێوە کرد. بەم شێوەیە، بوونی چەند هێزێکی بیانی لە عێراقدا دروست بوو بە ئامانجی یارمەتیدانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و هێزە دەرەکییەکان. بێگومان، ئێرانیش هەوڵی دا، با بڵێین، هەژموونی خۆی زیاتر بکات هەر کاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێت. ئێران ئەم بارودۆخانەی بە ڕێگەیەک بینی بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی و زیادکردنی کاریگەریی لە ناو عێراقدا. ئەمە عێراقی خستە دۆخێکەوە کە تیایدا دەبێت ئەم پەیوەندییە بەڕێوە ببات؛ لە لایەکەوە، پەیوەندیی دۆستایەتی عێراق دەبەستێتەوە بە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە ڕابردوودا یارمەتییان داوە. لە لایەکی دیکەوە، زۆر هاوبەشی هەن کە عێراق و ئێران بەیە دەبەستێتەوە. زۆر خاڵی هاوبەشمان هەن، کە هەردوو دەوڵەت لە یەکدی نزیک دەکەنەوە، وەک ئایین و جوگرافیا و مێژوو. بۆیە، عێراق دەبێت ئەم پەیوەندییە بەڕێوە بببات. بەڵام، لە ڕوانگەی منەوە، دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.
پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆک، جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
سەرۆکی حکومەت: زۆر قورسە پێشبینیی ئەوە بکرێت، دەزانم کە ڕۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کەی؟ بە دیاریکراوی نازانم.
نازانم چەند کەس دەبنە قوربانی، یان چەند ژێرخان وێران دەکرێن، یان چەند کات بەفیڕۆ دەچێت، بەر لەوەی ئەم شەڕە کۆتایی بێت.
پێشکەشکار: پێت وایە شەڕەکە بەرەو فراوانبوونە یان کۆتاییەکی نزیک؟
سەرۆکی حکومەت: ناتوانم پێشبینی بکەم. بێگومان قسەوباسی زۆر هەیە، خەڵک باس لە سیناریۆکان دەکەن؛ ئایا چی ڕوودەدات، شەڕەکە دەرەنجامێکی باشتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، یان دانوستانەکان دەبنە هۆی جۆرێک لە ڕێککەوتنی ئاشتییانە لەنێوان ئەمریکا و ئێران. کەواتە، پێشبینیی زۆر هەن، بەڵام لە دیدی منەوە، تاکوو ئێستا هیچ شتێک دڵنیا نییە، هەر بۆیەش زۆر قورسە بۆم پێشبینیی ئەوە بکەم چی ڕوودەدات.
پێشکەشکار: هەرێمی کوردستان پێشتر کێشەی ئابووریی زۆری هەبووە، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی شەڕی ئەمریکی ئیسرائیلی – ئێرانی لەسەر هەرێم چین؟
سەرۆکی حکومەت: کاریگەریی ڕاستەوخۆ هەیە و کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر ئابوورییەکەمان هەیە. وەک دەزانن، حکومەتی عێراق، وەک وڵاتێک کە پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە، لەگەڵ داخرانی گەرووی هورمز، نەیتوانی نەوتەکەی هەناردە بکات و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووریی عێراق هەبوو، کە ئێمەش بەشێکین لێی. بۆیە بێگومان کاتێک عێراق کاریگەریی لەسەر دەبێت، ئێمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریمان لەسەر دەبێت.
هەروەها هەندێک لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بوونە هۆی سستبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا. بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ دەتوانین بڵێین زیاتر لە ٧٠٪ی قەبارەی بازرگانییەکەمان لە پێشتر کەمتر بووەتەوە. کەواتە، ئەمە بێگومان کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت، پێم وایە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو بۆ سەرجەم ناوچەکە؛ وەک دەبینن، زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش بەم شەڕە بەردەوامە زیانیان بەر دەکەوێت.
پێشکەشکار: ئایا ئەمە گفتوگۆکان لەسەر پرسی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی کوردستان ناوروژێنێتەوە؟ پرسی ئەوەی کوردستان جێگرەوەیەکی زۆر نایابە و کاریگەریی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزی لەسەر نییە؟ ئایا ئەم شەڕ و سەختییە ئابوورییانە، گفتوگۆکانی پرسی نەوت ناوروژێنێتەوە؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە بەڕاشکاوی و بەڕوونی ئەوەمان گوتووە: هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە هەر شێوەیەک بێت، یارمەتیی بەغدا بدەین. ئێمە بە تەواوی پشتگیری لە سەرۆک وەزیران زەیدی دەکەین و هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ پشتگیریکردنی ئابووریی وڵات. بەڵام دەبێت واقیعی بین، عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لە باشوورەوە هەناردە دەکرد. ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانە، ناتوانێت قەرەبووی ئەم زیانانە بکاتەوە؛ ناتوانین زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنین و ڕەنگە تا ٤٠٠ هەزار بەرمیل بڕوا، ئەگەر وەبەرهێنانی زیاتر هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە کەرکووکەوە هەبێت. تەنانەت ئەگەر حکومەتی فیدراڵییش بتوانێت بەشێک لە هەناردەکانی خۆی لە ناوچەکانی تری وڵاتەوە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ تورکیا. با وا دابنێین گەیشتینە ملیۆنێک بەرمیل، ئەمە هێشتا بەس نییە.
عێراق پێویستیی بەوەیە بڕێکی زیاتر لەوە نەوت هەناردە بکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لەدەستچوونی داهاتەکەی. بۆیە بەڵێ، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکار بێت، دەتوانێت قەبارەی بارگرانییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام بێگومان ناتوانێت کێشەکە بەتەواوی چارەسەر بکات.
پێشکەشکار: دەتوانرێت تا چ ئاستێک نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت؟
سەرۆکی حکومەت: وەک ڕوونم کردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەڵام هەڕەشەکانی ئێستا و ئەو هێرشانەی کە پێشتر لەلایەن هەندێک لەم گرووپانەوە کرانە سەر ژێرخانی نەوت، بیرە نەوتەکان و پاڵاوگەکان، وای کردووە زۆر قورس بێت بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێنەوە بۆ وەبەرهێنان، یان تەنانەت بەردەوام بن لە کارەکانیان.
ئەم کۆمپانیایانە نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، تا ئەم دواییانە، ئەوەش دوای ئەو دڵنیاییەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتەوە پێیان درا. بەڵام گەیشتن بە ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنان کاتی دەوێت. سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانیش، ئەوە پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاترە. بەڵام توانای بەرهەمهێنانی بەردەست لێرە هێشتا زۆر کەمترە لەوەی کە عێراق دەتوانێت لە باشوور بەرهەمی بهێنێت. بۆیە حگە لە هاوکاریی هەرێمی کوردستان، پێویستە عێراقیش بتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات، بۆ ئەوەی داهاتی پێویست بەدەست بهێنێت و بەردەوامیی ئابوورییەکەی مسۆگەر بکات.
پێشکەشکار: بەڵام ئەمە پێویستیی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی یاسای نەوت هەیە و پرسی پێداچوونەوە بە مافی هەرێم لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و هتد؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، بێگومان وایە، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا یاسای نەوت نییە و پەسەندکردنیشی کەمێک کاتی دەوێت، چونکە بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بڕیاردان لەسەری. ئەم یاسایەش پێویستە، چونکە ئێمە پێویستمان بە یاسای نەوت و غاز هەیە، کە بە ڕوونی مافەکانی هەر لایەنێک دیاری بکات.
بێگومان، ئێمە دەستوورمان هەیە و ئەو بەڕوونی مافەکانی هەرێم و مافەکانی حکومەتی فیدراڵی دیاری دەکات. بۆیە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دەستووردا نییە، چونکە پێشتر باسی ئەم پرسەی کردووە و ڕێککەوتنیش لەسەری هەیە. بەڵام ئێمە تا ئێستا یاسامان نییە و حکومەتی عێراق هێشتا پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٥؛ ئەویش یاسایەکە هەڵوەشاوەتەوە، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو.
تا ئێستاش، هیچ یاسایەک لەم ڕووەوە نییە. سیستەمەکە گۆڕاوە و عێراق لە دەوڵەتێکی خاوەن سیستەمی ناوەندییەوە بووەتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵام یاساکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ئەمەش کێشە دروست دەکات. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە تا ئێستا ڕووبەڕووی هەندێک کێشە ببینەوە.
پێشکەشکار: دەمەوێت بەڕێز سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پەیوەندییە بکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، ئێستا هەرێمێک هەیە کە ئاستێکی بەرزی سەربەخۆییی هەیە لە یاساکانیدا، بەڵام بەشێکە لە عێراقی فیدراڵیی گەورە و کێشەش هەیە. دیارترین ئەو گرفتانە چین کە کورد و حکومەتی فیدراڵی تێیان نەپەڕاندووە؟ با وەک خاڵی سەرەکی بیانژمێرین.
سەرۆکی حکومەت: گەورەترین کێشە لە پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدراڵیدایە، کە هێشتا کەسانێک لە بەغدا هەن، بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی نییە، یان تەنانەت تێینەگەیشتوون. هەروەها سیستەمی فیدراڵی بەو شێوەیە جێبەجێ نەکراوە کە دەبوو جێبەجێ بکرێت و پێم وایە ئەمە گەورەترین کێشەیە، چونکە زۆرێک لە ماددەکانی دەستوور نەبوونەتە یاسا.
بۆیە هەوڵ هەبووە بۆ پشتگوێخستنی هەندێک لەو ماددانەی لە دەستووردا هاتوون، کە ماددەی زۆر بنەڕەتین بۆ ڕێکخستن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوردستان. هەر ئەمەشە هۆکاری بەردەوامبوونی هەندێک لە کێشەکان، چونکە لێکدانەوەی هەڵە یان جیاواز بۆ هەندێک لە بڕگەکانی دەستوور لەنێوان هەردوو لایەندا هەیە.
بۆیە لە دیدی ئێمەوە، ئەگەر دەستوور بەو شێوەیە جێبەجێ کرابا کە دەبوو جێبەجێ بکرێت و ئەگەر هەموو لایەنەکان ڕێزیان لە سیستەمی فیدراڵی گرتبا، کێشەکانی نێوانمان لە کەمترین ئاستدا دەبوون.
پێشکەشکار: واتا دەستوور وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە؟
سەرۆکی حکومەت: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. من لۆمەی حکومەتێکی دیاریکراو یان کەسێکی دیاریکراو ناکەم، بەڵکوو دەڵێم ئەمە بە گشتی کێشەکە بووە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، لە کاتی پەسەندکردنی دەستوورەوە تا ئەمڕۆ، کە عێراق پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، یان بەو شێوەیە جێبەجێی نەکردووە کە دەبوو جێبەجێ بکرێت.
پێشکەشکار: عەقڵی فیدراڵی، جیاوازە لە عەقڵی نیشتمانیی گشتگیر، ئایا ئەمە ڕاستە؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ.
پێشکەشکار: مەبەستم عەقڵی فەرمانڕەوایە لە بەغدا بەگشتی؛ دەستەبژێرە سیاسییەکان تا ئاستێکی زۆر فیدراڵی نین؟
سەرۆکی حکومەت: هەموویان نا. زۆر کەس بە باشی لێی تێدەگەن و کەسانێک هەن کە گرنگیی گۆڕانی عێراق بۆ سیستەمێکی فیدراڵی درک پێدەکەن. هەروەها زۆر کەس لە سوودەکانی ئەم سیستەمە تێدەگەن لە چاو سیستەمی ناوەندیدا. لە ڕاستیدا، لە میانی گفتوگۆکانمان لەگەڵ زۆرێک لە پارێزگاکانی سەرتاسەری وڵاتدا، بۆمان دەرکەوت کە هەموویان بەدەست ئەم عەقڵیەتە ناوەندیخوازەوە دەناڵێنن، چونکە ناوەندییەتی هەمیشە باشترین بژاردە نییە بۆ وڵات. هەندێک جار ناناوەندییەتی و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئەوانی تردا، باشترین ڕێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون.
پێشکەشکار: هەندێک لە دابەشکردنی دەسەڵات دەترسن، کە لەوانەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی جیابوونەوە..
سەرۆکی حکومەت: ئەمە ڕاست نییە، چونکە چەندین مۆدێلی زۆر سەرکەوتوو لە جیهاندا هەن، بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی فیدراڵی پەیڕەو دەکەن، هاوکات وڵاتی زۆر بەهێزن. سەیری ئەڵمانیا بکە، سەیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکە، یان سەیری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و سویسرا بکە. دەتوانیت چەندین دەوڵەتی فیدراڵیی سەرکەوتوو بدۆزیتەوە.
بۆیە کێشەکە لە خودی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکوو لە عەقڵیەتی هەندێک کەسدایە کە بەداخەوە، بە هەڵە لەم سیستەمە تێدەگەن و هەوڵ دەدەن ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز بسەپێنن. لە ڕاستیدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥، ئێمە دەستوورمان هەبوو و ئەم دەستوورە بریتییە لە پاکێجێک لە سازشەکان کە هەموو لایەنەکان پێی گەیشتبوون. ئێمە لە کوردستان زۆر سازشمان کرد لەپێناو گەیشتن بە سیستەمی فیدراڵی. بۆیە سیستەمی فیدراڵی، مەرج نییە هەموو داواکارییەکانی هەموو لایەنێک جێبەجێ بکات، بەڵام باشترین سیستەمی بەردەستە.
پێشکەشکار: با کێشەکان بژمێرین؛ ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و غاز، چی دیکە هەیە؟ دەمەوێت ئەو گرفتانە بزانم کە گوزارشت لە پێشنەکەوتنی فیدراڵیزم دەکەن.
سەرۆکی حکومەت: با دووبارەی بکەمەوە کە بڕوابوون بە خودی سیستەمی فیدراڵی و قەناعەتبوون بەوەی کە باشترین سیستەمە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە، بەسە بۆ چارەسەرکردنی هەموو شتەکانی تر.
ئەوەی باسی دەکەین ماددەی (١٤٠)ە سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، یان یاسای نەوت و غاز، تەنانەت پرسەکانی وەک بازرگانی و باج و هتد، کە ئەمانە هەمووی پرسی هەڵپەسێردراون. هۆکارەکەشی جیاوازیی عەقڵیەتەکانە. کەسانێک هەن پێیان وایە هەموو شتێک دەبێت ناوەندی بێت، بۆیە هەندێک لەم ماددانە پشتگوێ خراون و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە.
مەبەستم ئەوەیە دەستوور خشتەیەکی کاتیی دیاری کردبوو، کە دەبوو لەو ماوەیەدا ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. پێم وایە زۆرێک لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبوون، ئەگەر ماددەی (١٤٠) جێبەجێ بکرایە. هەروەها یاسای نەوت و غازیش ناکۆکییەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی نەوت و غازی لەم ساڵانەدا چارەسەر دەکرد. بەڵام ئێمە ئەم یاسایەمان نییە، بۆیە هێشتا ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبینەوە.
سەبارەت بە سیستەمی باجیش، دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی چین؟ ئەی هەرێم و پارێزگاکان؟ چەند لەو باجانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هەرێمە؟ ئەمانە پرسگەلێکن هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە و تا ئێستاش ڕوون نین.
پێشکەشکار: دوو مۆدێل هەن؛ مۆدێلی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنەکەی، لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئەمڕۆ، هەروەها مۆدێلی حکومەتی ناوەندی یان فیدراڵی کە لە بەغدا هەیە. هەندێک باس لەوە دەکەن کە مۆدێلی هەرێمی کوردستان پێشکەوتن و مۆدێرنیتەی زیاتری تێدایە لەڕووی بەدیجیتاڵکردن، حوکمڕانی، لەڕووی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، لەڕووی بوژانەوە، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، یاساکان و هتد.
لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر دیدگای بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ چاکسازیی ئابووری؛ ئایا گرەو لەسەر ئەمە دەکەن؟ پڕۆژەی چاکسازیی ئابوورییتان چی لەخۆدەگرێت؟ واتا جیاوازییەکانی نێوان ئێوە و بارودۆخی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا چییە؟
سەرۆکی حکومەت: با ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، دوای ڕاپەڕین، دەستمان پێ کرد، لە کاتێکدا بەغدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێ کرد. واتە جیاوازییەکە دوانزدە ساڵ بوو.
پێشکەشکار: مەبەستم ١٥ ساڵە تا جێگیربوونی بارودۆخ لە ساڵی ٢٠٠٧؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ئەمڕۆ، کاتی تەواو هەبووە بۆ پێگەیشتن، یان بۆ ئەنجامدانی زۆر شت، بەتایبەتی بۆ بەغدا و عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، مەبەستم ئەوەیە ئەوان دەتوانن زۆر شت بکەن.
هەروەها عێراق خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیەتی و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەرچاوەی سروشتییەوە، هەروەها لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی و هەڵکەوتەی ستراتیجییەوە.
بۆیە، عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و داناڕووخێت، چونکە هەموو ئەو بنەمایانەی هەیە کە توانای پێ دەدات دووبارە هەستێتەوە و بارودۆخەکە باشتر بکات. تەنیا شتێکیش کە پێویستیی پێیەتی، بەڕێوەبردن و بڕیاردانی دروستە. ئێمە بەڕاستی هیوادارین، کە ئەم بڕیارە دروستانە بدرێن لە سایەی سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران زەیدی. لەبەر ئەم هۆکارەش ئێمە بەتەواوی پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییانە دەکەین کە دەیانخاتە ڕوو.
پێشکەشکار: ئەمانە هیوای بەڕێز بارزانین، بەڵام من واقیعەکەم دەوێت..
سەرۆکی حکومەت: وەک گوتم، جیاوازی هەیە. جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق. لە هەرێمی کوردستان توانیمان هەنگاو بنێین لە چاکسازیی ئابووریدا، یان بە گشتی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەمەچەشنکردنی ئابووری. هەموو ئەم هەنگاوانەش ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.
ئێمە زۆر سەرنجمان خستە سەر بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، دەبوو داتا کۆ بکەینەوە، بۆ ئەوەی بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی کەسی دانەڕێژین، بەڵکوو لەسەر بنەماى داتابەیس بێت کە کۆی دەکەینەوە. بۆیە، هەر بڕیارێک کە دەدرێت، لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی زانستییانەیە بۆ بارودۆخەکە.
دووەم، هەوڵمان دا ئابووری هەمەچەشن بکەین، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت یان هەناردەکردنی نەبەستین. وەک دەبینین، وەستانی هەناردەکردنی نەوت وڵاتی خستە قەیرانەوە، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی گەورە وەبەرهێنانمان لە کەرتی کشتوکاڵدا کردووە، پیشەسازییە جیاوازەکانمان دامەزراندووە و کارگەمان دروست کردووە، هانی کەرتی گەشتیاریمان داوە، گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی داوە.
بەمجۆرە، سەرنجمان خستووەتە سەر چەندین بوار کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانرێت ئابوورییەکەمان هەمەچەشن بکرێت و مسۆگەری بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بکات، کە بەتەواوی پشتی بە نەوت و غاز نەبەستبێت.
پێم وایە ئەم ڕێبازە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لە سەرتاسەری عێراقیشدا پێویستە، چونکە عێراق سەرچاوەی تری هەیە جگە لە نەوت و غاز. پێویستە داهاتەکانی نەوت و غاز بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوە ببرێن. بەشێکی گەورەی پارەی دەوڵەت بۆ مووچە دەڕوات، خەرجییەکی زۆر هەیە کە پێویستیی بە بەڕێوەبردنێکی باشترە، ئەگەر وڵات بیەوێت گەشەپێدان بەدەست بهێنێت.
لەبری دامەزراندنی کەسانی زیاتر لە کەرتی گشتیدا لە هەموو ساڵێکدا، پێویستە هانی کەرتی تایبەت بدرێت و ڕۆڵی بەهێز بکرێت. بەم بۆنەیەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە، چیتر ڕێگە بە دامەزراندن لە فەرمانگەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵکوو بابەتەکە تەنیا لە سیستەمی گرێبەست کورت کرایەوە.
بەڵام ئەم کۆتوبەندانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەبێ ناوچەکانی تری وڵات. ئەم بابەتەش پێویستیی بە بەڕێوەبردنێکی باشترە؛ مەبەستم ئەوەیە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.
هەروەها پێویستە گرنگی بە کەرتی بانکی بدرێت، چونکە بۆ وەبەرهێنان پێویستە و بۆ گەشەکردنی چالاکییە بازرگانییە جیاوازەکان بێبەها نییە، هەروەها بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەک کە خەڵک هەست بکەن پێویستییان بەوە نییە تەنیا فەرمانبەری حکومی بن، بۆ دابینکردنی داهاتوویان. ئەمە ئەو شتەیە کە لە هەرێمی کوردستان کردمان. هەروەها چەندین شتی تریش هەن کە بەئەنجاممان گەیاندوون و سەرکەوتنیان سەلماوە، وەک پڕۆژەکانی کارەبا و ئاو.
پێشکەشکار: کام لایەن کاریگەریی لەسەر ئەوی تر هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە ئایا ئەوان لە حکومەتی فیدراڵیدا ئێوە ڕادەکێشن، یان ئێوە هەوڵ دەدەن حکومەتی فیدراڵی ڕابکێشن بەرەو ئاسۆیەکی باشتر؟ بەتایبەتی کە ئێوە بودجەی سەربەخۆتان نییە و کێشە فیدراڵییەکان ئەوەن کە ئێوە بەتەواوی لە بودجە و ئابووریدا پاشکۆن.
سەرۆکی حکومەت: بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوین. کەسانێک هەبوون لە بەغدا بەتەواوی بڕوایان وابوو کە دەبێت هەموو شتێک بە شێوەیەکی ناوەندی بەڕێوە ببرێت. لە بەرامبەردا، کەسانێک هەن کە سەیری هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو دەکەن و هەوڵ دەدەن سوود لە سەرکەوتنەکانی وەربگرن، ڕەنگە ئەو ئەزموونەش دووبارە بکەنەوە.
پێشکەشکار: کێ لە کوردستان وەبەرهێنان دەکات؟ گەورەوەبەرهێنەران کێن؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان ئێمە ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەری ناوخۆییمان لە کوردستان هەیە، ئەوان بەڕاستی ڕزگارکەری ئابوورییەکەمان بوون لە کاتە سەختەکاندا. دەبێت سوپاسگوزاریی زۆرم دەرببڕم بۆ هەموو وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بۆ کەرتی تایبەت، کە ئەم پڕۆژانەیان هەمووی بە هەوڵی خۆیان ئەنجام داوە، بێ ئەوەی پشتگیرییەکی گەورە لە حکومەتەوە وەربگرن.
هەروەها وەبەرهێنەرمان هەیە لە دەرەوەی هەرێم؛ وەبەرهێنەری ئەمریکی و ئەوروپیمان هەن، بەتایبەتی لە کەرتەکانی نەوت و وزە، هەروەها لە کەرتی کشتوکاڵدا، هاوبەشیمان لەگەڵ چەندین وڵاتی جیهاندا هەیە، وەک هۆڵەندا و ئەڵمانیا.
پێشکەشکار: هاوبەشی ئابووریی یەکەمتان لە هەرێم کێیە، مەبەستم لە ڕووی کار و وەبەرهێنان و زۆر شتی ئابوورییەوەیە؟
سەرۆکی حکومەت: تورکیا.
پێشکەشکار: تورکیا؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ. ئەوان خاوەنی زۆرترین ژمارەی وەبەرهێنەرن و گەورەترین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیادایە.
پێشکەشکار: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا چۆنن؟
سەرۆکی حکومەت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە، تێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە، هەریەکمان پشتگیریی ئەوی تری کردووە لە ئاستە جیاوازەکاندا، هەروەها پەیوەندیی بازرگانی و چالاکییەکی فراوانی ئابووریمان هەیە.
پێشکەشکار: کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئێوە و تورکیا چین؟ پرسی پارتی کرێکاران، پرسی بەئامانجگرتن، پرسی دەستوەردانە سەربازییەکان و هتد؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان ئەم کێشانە هەبوون. ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەسەر سنوورەکانمان ڕووی داوە، لە دەرەنجامی ئەم ململانێ بەردەوامە، هێشتا ٨٠٠ گوند لە وڵاتەکەمان وێرانن و نەمانتوانیوە ئاوەدانیان بکەینەوە، بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەسەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێمە و تورکیا.
بۆیە بەدڵنیاییەوە کێشە هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە، تورکیا لە دوایین دوو ساڵی ڕابردوودا، دەستپێشخەرییەکی ئاشتیی بەخۆیەوە بینیوە و ئێمە بەپتەوی پشتگیریمان لەو دەستپێشخەرییە کردووە. هیوادارین ببێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن و سازشی زیاتری ئاشتییانە و بەهێزکردنی ئاسایش.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، تورکیا گەورەترین پێکهاتەی کوردی تێدایە (بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس)، ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا یەکلایی بکرێتەوە، ڕەنگە بەشدار بێت لە هێورکردنەوەی پرسەکە بە گشتی، ئەمە وایە؟ چۆن دەڕوانیتە پرسی کوردی تورکیا؟
سەرۆکی حکومەت: ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕوونە کە کورد لە تورکیا داواکاریی تایبەتی خۆیان هەیە و ئێمە تەنیا پشتیوانی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە بووین لەنێوان حکومەت و کورددا. هەموو کوردانیش سەر بە یەک پارتی سیاسی نین، کوردی واش هەن کە سەر بەو پارتەن کە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارە. بۆیە بەڵێ، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە کارێکی گرنگ دادەنرێت، بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ پرسی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
پێشکەشکار: لە سووریا پێشهاتێکی زۆر گەورە ڕووی دا، ڕژێمی سووریا ڕووخا و سەرۆک شەرع هاتە سەر کار. وادیارە کە پێشکەوتنی زۆری هەبووە لەگەڵ (هەسەدە) و پرسی هەسەدەی یەکلایی کردووەتەوە و تێکەڵی دەوڵەتی کردوون، بە جۆرێک باس لە چارەسەرکردنی ستەملێکراویی هاووڵاتییانی سووریی کورد دەکرێت، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چۆن دەڕوانێتە ئەم پرسە؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە پێمان وایە سووریا لەناو خۆڵەمێشەوە زیندوو بووەتەوە، ئەو وڵاتە بە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە. پێم وایە ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەدی هاتووە، زۆر ئەرێنی و بیناکەر بووە. ڕوونە کە هێشتا کێشە هەیە، بەڵام ئێمە بەتوندی پشتگیریمان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و کورد لە سووریا کردووە.
سەرۆک مەسعوود بارزانی، لەو چوارچێوەیەدا بانگهێشتی هەبووە، هەروەها ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە یارمەتیدان بۆ بەردەوامبوونی ئەم گفتوگۆ و دانوستانانە. ئێستا پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و دیمەشقدا هەیە، کە خەریکە گەشە دەکات، بۆیە ئێمە پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەری یان هەنگاوێکی ئەرێنی و بیناکەر دەکەین کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی کۆتاییهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا لە سووریا.
پێشکەشکار: ئایا پێتان وایە ڕژێمی نوێی سووریا جدییە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، کێشە هەڵپەسێردراوەکان، پرسی ڕەگەزنامە، پرسەکانی مافەکان و هتد؟
سەرۆکی حکومەت: ئەوان پێشتر بڕیاری پێدانی ڕەگەزنامەیان بە کورد داوە، بەڵێ، بینیمان کە ئەوان تا ئێستا زۆر جدیین لەم کارەدا. سەرۆک شەرع پێشتر فەرمانی پێدانی ڕەگەزنامەی بە کورد دەرکردووە. نازانم ڕێکارەکان تەواو بوون یان نا، بەڵام دەزانم کە ئەو بڕیارەی پێشتر داوە.
پێشکەشکار: ئایا پێت وایە ئێوە لە هەرێم پەیوەندیدارن بە هەر پرسێکی کورد لە هەر وڵاتێکی دەوروبەردا؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان، ئەوان لە خوێن و پێستی ئێمەن و برای ئێمەن، پەیوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر هەیە لە نێوانماندا. ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندییان دەگرین و ڕێز لەوە دەگرین کە ئەوان لە وڵاتێکی تر دەژین، بەڵام بێگومان، بەتەواوی پشتگیری لە مافەکانیان دەکەین، بە ڕێگەی قبووڵکراو و بەو شێوەیەی کە بتوانن بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکانیاندا.
پێشکەشکار: ئایا ئیدارەی نوێی سووریا داوای یارمەتیی لێ کردوون لە بەڕێوەبردنی کێشەکان لەگەڵ (هەسەدە)، یان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان؟
سەرۆکی حکومەت: پێشتر گفتوگۆ هەبووە و ڕۆڵێکی زۆر بیناکەرمان هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان هەردوو لایەن.
پێشکەشکار: سەبارەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا، ئایا ئەمڕۆ ڕوونتر دیارە بەراورد بە دۆخی سەردەمی ڕژێمی پێشوو؟
سەرۆکی حکومەت: تا ئێستا بەڵێ، ئەمە ئەوەیە کە بینیومانە. لە ڕابردوودا بە دوو قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوین. قۆناغێک هەبوو کە تیایدا نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا لە سووریا، پاشان قۆناغی ڕێکخراوی داعش هات، کاتێک کورد ناچار بوو لەو ناوچانەی تێیدا بوون شەڕی ئەم ڕێکخراوە بکات و ئەمڕۆ هەموو سوورییەکان، بە کوردیشەوە، چوونەتە قۆناغێکی جیاوازەوە. کوردی وا هەن کە ئێستا کورسییان لە ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) هەیە و کوردی وا هەن کە پۆستی وەزارییان لە حکومەتی نوێدا وەرگرتووە.
دەزانین ئەم کێشانە لە شەو و ڕۆژێکدا چارەسەر نابن، هێشتا پرسگەلێک هەن کە پێویستییان بە چارەسەرە. بەڵام گرنگترینیان دروستکردنی متمانەیە، چونکە هەر کە متمانە جێگیر بوو، پێم وایە ئەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەیوەندییەکی باشتر و گەیشتن بە ڕێککەوتنی باشتر.
پێشکەشکار: بەڕێز بارزانی، پرسی کورد لەم وڵاتانە، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵیاندا؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە پەیوەندیی تایبەتی خۆمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەیە، چ لەگەڵ تورکیا، سووریا، ئێران، ئوردن، شانشینی عەرەبیی سعوودیە، یان کوێت. ئەو وڵاتانەی کە سنووری ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان هەیە، بریتین لە سووریا و تورکیا و ئێران. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانە هەیە، بەڵام بێگومان فاکتەری کوردی، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان لە داڕشتنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا.
پێشکەشکار: پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی سەرەکییە و گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، سەرۆک ئەردۆگان هەوڵێکی گەورەی لەم پرسە دا. سووریاش پرسێکی سەرەکی بوو، سەرەڕای کورتیی ماوەی سەرۆک شەرع، چونکە گۆڕانکاریی زۆر گەورە ڕووی دا، ئەی ئێران، چیتر گوێمان لە دۆسیەی کورد نابێت لەوێ؟
سەرۆکی حکومەت: بەڵێ، هەر یەکەیان بە شێوازی تایبەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە. بۆنموونە، تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆر نکۆڵیی لە بوونی کورد دەکرد. بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە سەردەمی پارتە فەرمانڕەواکەی ئێستادا و تەنانەت پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە هەڵوێستی توندیان هەبوو دژی کورد، ئەمڕۆ هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە کورد نەک تەنیا بوونی هەیە، بەڵوکو بەشێکی گرنگ و بنەڕەتییە لە تورکیا و دەبێت ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە کە هەمووان بتوانن بەیەکەوە بژین و هاووڵاتیی باش بن.
بەڵام لە ئێران، بۆ نموونە پارێزگایەک هەیە بە ناوی کوردستان، سنە پایتەختی پارێزگای کوردستان بووە لە ئێران. بەڵام بەشداریی کورد، بەتایبەتی لەسەر ئاستی حکومی، سنووردار بووە. کەواتە، ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیان هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ کورد. بێگومان زۆر ماف هەن کە کورد لە ئێران داوایان دەکات و هەست دەکەن بێبەش کراون لێی، ئەمە بابەتێکە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە کورد مافی یەکسانی هەبێت لە هەر کوێیەک بن و لە هەر وڵاتێک بژین، نابێت ببنە هاووڵاتیی پلە دوو، بەڵکوو دەبێت هاووڵاتی بن کە تەواوی مافەکانیان هەبێت و بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، پێم وایە ئەمە چارەسەری زۆرێک لە کێشە هەنووکەییەکانی هەر وڵاتێک دەکات، بەبێ گوێدانە شوێنی نیشتەجێبوونیان.
پێشکەشکار: ئەو پەندە کوردییەى کە لە سەرەتای بەرنامەکەدا پێی دەستمان پێ کرد، کە دەڵێت: “کورد هیچ دۆستێکی نییە، جگە لە چیاکان”، ئاماژەیە بۆ دۆخی ململانێ و شەڕەکان. ئێستا، نەوەی گەنج لەسەر چی گرەو دەکات؟ ئایا سەردەمی شەڕی نێوان وڵاتان کۆتایی هاتووە و قسەوباس لەسەر هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی یەکسانە بۆ کورد چ لە هەرێمەکەیان یان لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین؟ بەڕێز مەسرور بارزانی لەسەر چی گرەو دەکات؟
سەرۆکی حکومەت: سەیرکە، زۆرێک لە گەنجان و نەوەی نوێ مانای ستەم نازانن و نازانن پرۆسەکانی ئەنفال یان کیمیاباران چییە، بۆنموونە لە عێراق. ئەوان ئەوە نازانن، چونکە ساڵانێکی زۆر دوای ئەو ڕووداوانە لەدایک بوونە، زۆرێکیان کاتێک لەدایک بوون، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی بوو، بۆیە ئەو هەموو ساڵە لە کەشوهەوایەکی ئازاددا ژیاون.
هەروەها ئەوان دەستیان بە ئینتەرنێت و بە جیهان دەگات و دەزانن چی لە ئوسترالیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەورووپا، ئەفریقا و ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەگوزەرێت. خەڵک ئەمڕۆ ئاسانتر دەستیان بە زانیارییەکان دەگات، بۆیە ئاگاداری ئەوەن کە چی ڕوودەدات. خواستەکانی نەوەی نوێ جیاوازن، وەک دەزانیت، چیتر لە ژێر فشاری قورسدا ناژین، بەڵکوو هەوڵی ژیانێکی باشتر دەدەن و هەوڵی بونیادنانی سیستەمێکی باشتر دەدەن. سەیری وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەن وەک مۆدێلێک کە ئاواتی بۆ دەخوازن. بۆیە، ئەوان خۆیان بە باشترین مۆدێلەکانی جیهان بەراورد دەکەن. هەر لێرەوە چاوەڕوانییەکانیان هەمیشە بەرزن. ئەمەش ئەرکی ئێمە تا ڕاددەیەک قورستر دەکات، چونکە دەبێت هاوسەنگی ڕابگرین لەنێوان واقیع و چاوەڕوانییەکانی نەوەی گەنجدا، بۆیە هەوڵ دەدەین ئەمە بە باشترین شێوەی خۆمان بەڕێوە ببەین. بەڵام دەتوانم پێت بڵێم کە ئێمە نەوەیەکی گەنجمان هەیە کە پڕە لە وزە و ژیان، ڕێژەیەکی زۆری زیرەکییان هەیە و باش خوێندوویانە، من زۆر گەشبینم و هیوایەکی زۆرم بە داهاتوویان هەیە.
پێشکەشکار: بەڕێز مەسرور مەسعود بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، سوپاسگوزارم بۆ ئامادەبوونت لە بەرنامەکەدا. سوپاس و هیوای بارودۆخێکی باشتر بۆ عێراق و بۆ کوردستان و بۆ هەمووان دەخوازین.
سەرۆکی حکومەت: زۆر سوپاس.

