رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر … مەراسمێک بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی هونەری شانۆ لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو

دوێنێ، لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەددین لە شاری هەولێر، دەزگای کەلتووری «یاد» بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڤاری «یەکەم چرا»، مەراسیمێکی تایبەتیان بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی هونەری شانۆ لە شاری سلێمانی ڕێکخست.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە کەلتوورییەکان بەڕێوەچوو.
لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی هونەری شانۆ و ڕۆڵە ڕەسەنەکەی لە پاراستن و گەشەپێدانی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورددا.
هەروەها وەک وەفادارییەک بۆ ڕەنج و ماندووبوونیان، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی پێشەنگی شانۆی کوردی کرا، کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە بەرهەمە هونەرییەکانیان خزمەتیان بە کەلتوور و هونەری کوردستان گەیاندووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ژمارە 5ـی گۆڤاری یەکەم چرا بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا و، جەخت لەوە کرایەوە کە شانۆ یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، بە پێویستیش زانرا کە پشتگیری و بایەخی زیاتری پێ بدرێت بۆ بەردەوامبوونی کاروانی داهێنان و گەشەی هونەری لە هەرێمی کوردستان.