رۆژنامەی ھەولێر

كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێکارەکانی پاراستنی دارستان و شوێنە گشتییەكان و “ئاگر بڕ” لە وەرزی گەرمادا بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.20، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتی پۆلیسی دارستان و كشتوكاڵ و شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانی و بەرێوەبەرانی پۆلیس، نوێنەری ئاسایش، بەرگریی شارستانی، دارستان و پاوان و كاروباری ناوخۆ و نوێنەری قەیرانەكان و لایەنی دیكەی پەیوەندیدار، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بە ڕێکارەکانی پاراستنی دارستان و شوێنە گشتییەكان و داڕشتنی پلانێكی گشتگیری ‘ئاگر بڕ’ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی شوێنە گشتییەکان و سەروەت و سامانی هاووڵاتییان لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە سوپاس بۆ خودای گەورە ئەمساڵ بارانێکی زۆر ناوچەکەی گرتەوە، بەوەش مەترسی وشکەساڵی و ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوو، بۆ ئەمساڵ کەمبووەوە، بەلام بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕی ئەمساڵ و شینبوونی چڕی سەوزایی لە دەشتایی، بناری چیاکان و ناوچە گشتیی و نیشتەجێبووەکاندا، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و وشکبوونی ئەم گژوگیایە، مەترسییەکی زۆر و بەربڵاوی ئاگرکەوتنەوە لەو شوێنانە و دەغڵودانی جووتیاران و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەی ناوچەکە دروست دەكات، بۆ ئەم دۆخەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و دەستێوەردانی پێشوەختەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.

لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ‘ئاگر بڕ’ و پاککردنەوەی دەوروبەری گوند، شارۆچکە، ناوچە کشتوکاڵییەکان و شوێنە گشتییەکان و نیشتە جێبووەكان و دوورگەی ناوەندی شەقامەكان و هەموو ئەو شوێنانە بکەن كە مەترسیانە لەسەر هەیە، بە ئامانجی پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تەواوی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانییەکان و لایەنە خزمەتگوزارییەکانی تر کرایەوە و جەخت لە پشکنینی مەیدانیی سیستەمی کارەبا و ئامرازەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کۆگا گەورەکان، بازاڕە میللییەکان و ناوچە پیشەسازییەکان كرایەوە، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەلامەتی و ڕێگریگرتن لە ڕوودانی شۆرتی کارەبا و ڕووداوی نەخوازراو.

لەکۆتاییشدا، داوا لە هاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێران کرا کە لە کاتی سەردانیکردنی سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەکاندا، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە بن، بەتایبەت دڵنیابوونەوە لە کوژاندنەوەی تەواوەتیی پاشماوەی ئاگرەکانیان پێش جێهێشتنی شوێنەکە، هاوكات جەختکرایەوە لە فڕێنەدانی پاشماوەی جگەرە و کەلوپەلە شووشە و کانزاییەکان یان قوتووی غاز، کە لەژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی تیشکی خۆردا دەبنە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئاگر كەوتنەوە.