شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری لە پیرمام کۆبوونەوە و سەرۆکی شاندی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، پێمان باش بوو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باش بکەینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئایار، لە پیرمام مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەری کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی کۆمەڵی دادگەری، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: جیاوازیمان دەبێت، بەڵام یەکتریش دەبینین، ئەمڕۆ هاتینە سەر ئەوەی بزانین چی پێویستە بکرێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
فازڵ میرانی گوتی: “هەردوولا هاوڕابووین هەندێک لایەن بەهێزی خۆیان لە لاوازی ئێمە دەبینن و بەرپرسیارێتی ئێمەی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری ئەوەیە خاڵی لاوازی نەدەینە ناحەزانمان”.
هاوکات عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: ئامانجی کۆبوونەوەکەمان بریتی بوو لە باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە لەم بارودۆخەدا پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان لە ئاستێکی باشدا نییە، ڕەنگە ساردییەک لە پەیوەندییەکان هەبووبێت، بۆیە پێمان باش بوو پەیوەندیییەکانمان لەگەڵ پارتی باش بکەینەوە.

