رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لەژێرناونیشانی ” من و دایکم” بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.4.26، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەڵمەتێکی نەمامچاندن لەژێر ناونیشانی ( من و دایکم ) لە هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم چالاکییە ژینگەییە کە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان و ڕێکخراوی هەسار ڕێکخرابوو، تیایدا دایکان و منداڵان بەشدارییان تێدا کرد بۆ چاندنی ژمارەیەک لە نەمامی زەیتون.

ئەم دەسپێشخەرییە بە مەبەستی گۆشکردنی منداڵان بە کلتووری ژینگەپارێزی و دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان منداڵ و سروشتدا ڕێکخراوە، تاوەکو منداڵان شانازی بەو دارانەوە بکەن کە بە دەستی خۆیان چاندوویانە و لەگەڵ تەمەنی ئەواندا گەشە دەکەن.

لە میانی بەشداریکردنیدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە ڕێکخەران و دایکان و منداڵە بەشداربووەکان کرد و ڕایگەیاند: “ئامادەبوونی ئێمە لێرە، پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ژینگەویست، دەمانەوێت منداڵانی هەولێر لە داهاتوودا بە شانازییەوە بڵێن کە ئێمە شوێنپەنجەمان هەبووە لە سەوزکردنی شارەکەماندا.”

شایەنی باسە، شوێنی چالاکییەکە کە دەکەوێتە تەنیشت ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ( پشت منارەی چۆلی )، وەک یەکێک لە سییەکان و ناوچە ستراتیژییەکانی شاری هەولێر پەرەی پێدەدرێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکەدا.