ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، داوای گەڕانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پێکھێناوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا سەردانی ھەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی دیکەی پارتی کۆدەبێتەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی ناو پەرلەمان دوای ئەوە دێت، کە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنن، ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بەو ئاستەنگ و ھۆکارانەی وایان کردووە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.
فراکسیۆنی پارتی لە ١٨ی نیسانەوە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە، ھۆکارەکەی بۆ پێشێلکارییە دەستوورییەکان و پشتگوێخستنی بنەمای شەراکەت و ھاوسەنگی دەگەڕێننەوە، جەختیش دەکەنەوە کە پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکەوەیە، بڕیارەکەیان تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
فەیسەڵ عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق، ئاشکرای کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسییە و ڕۆڵی کارای ھەبووە لە دامەزراندنی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووردا، بۆیە ناکرێت بە ھیچ شێوەیەک خەڵکی عێراق ئەم ڕاستییە مێژووییە پشتگوێ بخات، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ھاوسەنگی لە عێراقدا نەماوە، مافی پێکھاتەکان بە زەقی پێشێل دەکرێت و ئێستا پۆستەکان بە ھیچ شێوەیەک بە یەکسانی و دادپەروەری دابەش ناکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاشکراشی کرد: زۆرینەی ڕەھای پەرلەمانتاران لە بڕیاری بایکۆتکردنەکەی پارتی نیگەرانن و داوای گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو حزبە دەکەن بۆ نێو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، چونکە بەشداری و بوونی پارتی لە دەزگای یاسادانانی عێراقدا زۆر گرنگ و چارەنووسسازە.
فەیسەڵ عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق، گوتیشی: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێکی پێکھاتوو لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق سەردانی پارتی بکەن، بە ئامانجی ڕازیکردنیان بۆ شکاندنی بایکۆتەکە و گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆبوونەوەکان.
سەبارەت بە ھەڵوێستی ھێزە سوننەکان، فەیسەڵ عیساوی، جەختی کردەوە: زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەی سوننە لەگەڵ ھەڵوێستەکەی پارتیدا ھاوڕان و پاڵپشتییان دەکەن، جگە لە دوو کوتلەی دیاریکراوی سوننە نەبێت کە لە پەرلەمان دژی پارتین.
لەلایەکی دیکەوە ڕەعد دەھلەکی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی عەزم، ئاشکرای کرد، غیابی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەیە بۆ بوونی قەیرانێکی ڕاستەقینە لە پرۆسەی سیاسییدا، پەرلەمان بڕیاری داوە شاندێک بنێرێتە ھەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی ئەو حزبە.
ئەو پەرلەمانتارە، جەختی کردەوە کە پارتی دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسییە و قورساییەکی زۆری لە بەغدا ھەیە، ھاوپەیمانی عەزم پشتیوانی لە داواکارییە ڕەواکانیان دەکات و بەھۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی، بەشداریی کۆتا دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی نەکردووە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھۆکاری دواخستنی سەردانەکەی شاندەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەولێر لەبەر بابەتی ھەندێک کاروباری تەکنیکی بووە، ھەروەھا لەبەر بابەتی سەرۆکوەزیرانیش کە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی ھێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، پارتی ھەمیشە جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە و ئەو بەرنامە و ستراتیژەی ھەیەتی بۆ خزمەتی تەواوی عێراقە، نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەر کاتێک ئەو شاندە ھات پێشوازییان لێ دەکەین و گوێیان لێ دەگرین.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ھۆشداریی دا لە تێکچوونی بنەماکانی دەوڵەتداری لە عێراق و گوتی: بنەماکانی ھاوبەشی و یەکسانی لەو وڵاتەدا نەماون، ھەروەھا لەنێو ھەموو دامەزراوەکانی عێراقدا ھاوسەنگی نەماوە و ڕێز لە مافی پێکھاتەکان ناگیرێت، ئەمەش سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ سەر داھاتووی وڵات.

