رۆژنامەی ھەولێر

20%ـی داشكانی کرێی خوێندن چووە بواری جێبەجێكردنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە ئیمزای وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیاری داشكاندنێكی تری كرێی خوێندن بەڕێژەی 20% كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بووە جێی دڵخۆشی قوتابییان و سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەن كە لە هەر بارودۆخێكدا بێت باروگوزەرانی ئەوانی لەبەرچاو گرتووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی كردەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و خێزانی قوتابییان و ئەو دۆخەی كە ناوچەكە دووچاری هاتووە، دوای كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەڕۆژی پێنجشەممە كە تێیدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزارەت پێشنیاری داشكاندنی كرێی خوێندن خستەڕوو، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە بڕیار درا بە داشكاندنی كرێی خوێندن بە ڕێژەی 20% سەرەڕای داشكاندنی پێشوو كە بریتییە لە ڕێژەی 45% بوو، بەمەرجێك قوتابی تا (3 / 5 / 2026) تەواوی قیستەكانی بدات، ئەم بڕیارە سەرجەم ئاستەكانی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 زانكۆ حكوومییەكان دەگرێتەوە.
لە كۆتاییدا ئاماژە بەوەكراوە، جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بەدەرە لەو داشكانانەی كە پێشتر لەلایەن وەزارەتمانەوە ئەنجام دراون.