سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی ئایاری 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە  پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئاگاداری مێژوو و خەبات و ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و پێزانینی بۆ ڕۆحی خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو و گەشە و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی وەسف كرد.

ئاماژە بەوەش کراوە، بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری گەلی كوردستان بۆ بەدیهاتنی مافەكان و سەقامگیری بۆ هەموو عێراق جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك وانە لە مێژوو و هەڵەكان وەربگرن و گەڕانەوە بۆ دەستوور و گرتنەبەری حیوار و لەیەكتێگەشتنی بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهاتنی سەقامگیری و گەشە بۆ عێراق لە قەڵەم دا.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسپانیا تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

ھەواڵی زیاتر