نێچیرڤان بارزانی: سەردانەکەمان بۆ تاران سەرەتای پەیوەندییەکی نوێیە لەگەڵ ئێران

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی سەردانەکەی بۆ ئێران ڕایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ ئێران گرنگ و باش بوو، بە بڕوای ئێمە ئەم سەردانە دەسپێکێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەم سەردانەدا بە سوپاس و بەڕێزەوە پێشوازیمان لێکرا، سەرەتا لەلایەن ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە ئێران دیدارمان هەبوو، تەواوی دیدار و کۆبوونەوەکانیش بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوون.

لەلایەن ئێمەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگ و مێژووییە، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تاوەکوو ئێستا زۆر پەیوەندی هاوبەشمان هەیە بە یەکەوەمان دەبەستێتەوە. هەروەها سوپاسی بەرپرسانی باڵای ئێرانمان کرد کە لە قۆناغە سەختەکاندا پشتیوانی ئێمەیان کردووە.

گوتیشی: بێ گومان هەندێک کێشە لەم ڕێگەیەدا هەن، هەربۆیە ئەوەی بە گرنگ دەبینین دەبێت ئەو کێشانە چارە بکرێن، لەم سەردانەشدا ئەوەمان بەدی کرد کە ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن ئێرانەوە هەیە بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی هەیە، هەرێمی کوردستانیش وەک دراوسێیەکی گرنگ خوازیاری پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەک دراوسێیەک کە لە ڕۆژە سەختەکاندا هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆیە لەلایەن ئێران و هەرێمی کوردستانیش ئیرادەیەکی جددی هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو گرفت و ناکۆکیانەی هەیە.

هەروەها هەرێمی کوردستان بەردوام خواستی لەسەر ئەوەیە وەک فاکتەرێکی سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکە بمێنێتەوە، ئەمەس سیاسەتێکی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە و لەم سیاسەتەشدا بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر