پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی(١٢٦)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی

ئەمڕۆ یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیمانە بە ناوی(کوردستان) کە لە (٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨) لە سەردەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان) لە شاری قاھیرە لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی دەرچوو، بۆیە ئەو ڕۆژە یەکێکە لە ڕۆژە ھەرە گرنگ و پڕشنگدارەکانی کاروانی ڕۆژنامەگەریی و کولتوور و ڕۆشنبیری گەل و نەتەوەکەمان.

ڕۆژنامەی (کوردستان) لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لە بووژانەوەی ھەست و نەست و ھۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەخساندنی زەمینەی پەرەسەندنی ھزر و ھۆش و بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئەو ڕۆژنامەیە ئەو کاتە کە لە دەرەوەی کوردستان دەرچوو، لە چەند ڕوویەکەوە نیشانە و واتای خۆی ھەبوو و سەرجەم ئاستەکانی ژیانی گرتەوە بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانی گەلەکەمان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و پشتیوانیکردنی خەباتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی (کوردستان)سەکۆیەکی نوێ و ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتیمانپەروەرەکان بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و دۆزە ڕەواکەی بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
ڕۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی تەمەنی لە ھەر سەردەمێک و قۆناغێک ڕۆڵی کاریگەری خۆی بینیووە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری ڕەسەن و دێرینمان بۆیە ھەمیشە خاوەن پەیامێکی ڕوون و ھەقیانەت بووە وەک داکۆکیکارێک لە سەنگەری قەڵەم دژ بە چەوسانەوە و سەرکوتکردن.
لەو قۆناغەشدا ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێسا و یاسای کاری ڕۆژنامەوانی پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین فەراھەم کراوە و ڕێکخراوە لە ڕووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و ھەموو بوارەکانی کاری ڕاگەیاندن و میدیایی لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و دەزگا ئەلیکترۆنییەکانی سۆشیال میدیادا.
ئەو بەربڵاوی و ئاستە پێشکەوتووە و فرە ڕەنگیەی میدیا لە ھەموو ڕوویەکەوە لە ھەرێمی کوردستاندا نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزی حکوومەت و لایەنە بەرپرس و پەیوەندارەکانە بۆ زیاتر ڕەخساندنی زەمینە و کەش و بوارێکی شیاو و گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تا بە ھەموو لایەک خزمەت بە کۆمەڵگە و پرس و کێشەکانمان بکەن.
بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ڕۆڵ و کار و ئەرکی ڕۆژنامەگەریی و داموودەزگا میدیاکان دەکەینەوە، کە بەرپرسانە و پیشەوەرانە کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی ھەرێم بکەن، ھەروەھا برەو بە دیاردە و نەریتە ڕەسەن و ئەرێنییە سیاسیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتییەکان بدەن بۆ پتەوکردن و بەھێزکردنی بیر و باوەڕ و ھۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و ھاوبەندی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێو پێکھاتە جیاجیاکانی کوردستاندا.
لە بیرەوەری (١٢٦) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی و لە دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان دەکەین.
لەو یادە پیرۆزەدا، سڵاو لە بەدرخانییەکان و سەرجەم ئەو ماندوونەناس و تێکۆشەرانەی خزمەتی ڕۆژنامەگەری کوردیان کرد و ژیانیان بۆ سەرفرازی پەیڤ و زمانی شیرینی کوردی تەرخان کرد تا بەو ڕۆژ و قۆناغەیان گەیاند.
ھەر بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی و دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان).

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١ی نیسانی ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر