دادگەی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە بووەتە دامەزراوەیەک بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەکو ھەڵوێستێک بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە دژی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی بچووکردنەوەی ھەرێم و گەڕانەوە بۆ سیستەمی تاکڕەوی و سەرکوتکاری، پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەو دەقە دەستووریانە دەکات کە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە پێشێلکراون و جەختیش دەکاتەوە ئەگەر مامەڵەی بەغدا لەگەڵ ھەرێم بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا چی دیکە ناتوانن لەگەڵیان ھەڵبکەن و بەردەوام بن. بەگوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، دادگەی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە بووەتە دامەزراوەیەک بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بە کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکەوێت.

بەگوێرەی ژمارە و داتاکان پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین پارتی سیاسییە، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پارتی بە شەش خاڵ بۆچوونی فەرمی خۆی لە بارەی دۆخی ئێستەی ھەرێمی کوردستان و عێراق و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، ھۆشداری دا ئەگەر ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەرپرسیارەتەکانی جێبەجێ نەکات لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەردەوام نابێت، پارتی ڕوو لە ھاووڵاتییان، ڕای گشتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە متمانەی تەواویان بە خەڵک و دەنگدەرانیان و پێگەی جەماوەری و سیاسی خۆیان ھەیە، لە یەکەم ھەڵبژاردنەوە تا ئێستە بەردەوام متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانیان لابووە، بەڵام لە پێناو ڕەوایەتی نەدان بەو دۆخەی ئێستە دەگوزەرێت بەشداری لە ھەڵبژاردنێکدا ناکەن کە بە نایاسایی، نادەستووری لە سایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بکرێت.
شرۆڤەکارانی سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو گرووپانە ئەجندای دەرەکی لە عێراق جێبەجێ دەکەن، ڕێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەھێزبوونیشیان وای کردووە کە ھیچ مانایەک بۆ ھاوبەشی و سازان و ڕێککەوتنەکان نەمێنێتەوە، بوونەتە ھۆی قووڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانێت ئەجندای کابینەکەی جێبەجێ بکات. سەلیم مەحموود، چاودێری سیاسی، گوتی: ھاوبەشی و سازان و ڕێککەوتن بنەمای دامەزراندنی عێراقی نوێ بوون، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ خۆری ئەو بنەمایانە ئاوا دەبێت، میلیشیکان چەند بەھێزتر بن کێشەکانی عێراق بەتایبەت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان قووڵتر دەبنەوە، ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزران، بەڵام ئێستە حکوومەتی عێراق بێ ڕەزامەندی ئەوان ھیچی پێ ناکرێت.
دەشڵی: ئێستە لە عێراق گرووپە میلیشیاکان لە بری ھەرسێ دەستەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ کردن و دادوەری بڕیار دەدەن، عێراق ھیچ کاتێک خۆشی بەخۆیەوە نابینێت، ھەتا خاوەنی ئەو میلیشیانە بێت.
د. ئازاد نەوزاد، شرۆڤەکاری سیاسی، ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق کارنامەی کابینەکەی تا ئەو شوێنەی پێ جێبەجێ دەکرێت کە لە بەرژەوەندی گرووپە میلیشیاکان بێت، ئەگەرنا کورسییەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو کارنامەیە بە ڕێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت و زۆرینەی چوارچێوەی ھەماھەنگی پەسەند کراوە، گرووپە میلیشیاکان جگە لەوەی بوونەتە ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی ھەولێر و بەغدا دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی گرتووە ناتوانێت کارنامەی کابینەکەی جێبەجێ بکات، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستانیش گرووپە میلیشیاکان لە بەغدا دژی ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنن، ئەوەش وای کرد کە پارتی بەیاننامەیەکی توند دەربکات و بڵێ بەشداری ھەڵبژاردنێک ناکەم کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بکرێت، دڵنیا بن ئەگەر بڕیارەکانی دادگە دژی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێتەوە، ئەو کاتەش یەکەم لایەن کە زیانی بەر دەکەوێت عێراقە نەک ھەرێمی کوردستان.
ئەو شرۆڤەکارە، ئاشکراشی کرد: پارتی خاوەن بڕیار و مێژووە، ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ ناکات، لایەنی دیکە ھەن ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتاندا دەکەن، پارتی یەکەمین حیزبە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ داوای دیموکراسی و مەدەنی دەکات، ئەوانەی ڕابردوو لە ئۆپۆزسیۆن بوون ئەمڕۆ لە عێراق لە دەستەڵاتدان، ڕۆژبەڕۆژ پاشەکشە بە پڕۆسەی دیموکراسی دەکەن و ھەوڵ دەدەن عێراق ببنەوە خاڵی سفر، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی کوردستان ھەمان ھەڵوێستی پارتی وەربگرن.
ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە سۆران، ئاشکرای کرد: بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی بڕیارێکی مێژوویی و ستراتیژییە و ھەڵقووڵاوی داخوازی و داواکاری زۆرینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
ڕێبوار بابکەیی، ئاماژەی بەوەش کرد: بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی بۆ ڕەتکردنەوەی دۆخێکە کە بە بڕیارێکی دادگەیەکی بە ناو فیدراڵیی دروست بووە و مەبەستیەتی ھەرێمی کوردستان بنکۆڵ بکات و لە مافەکانی بێبەش بکات.
بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە سۆران، جەختی لەوەشکردەوە، پارتی بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی دەزانێت بەرگرییەکی ڕەوا و لۆژیکی لە مافی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکات، ئەم ھەڵوێستەی پارتی بۆ ئەوەیە دادگەی بەناو فیدراڵی بۆ لەمەودوا نەبێتە حاکمی ڕەوای ھەرێمی کوردستان و ھەر چی بیەوێت بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بیسەپێنێت.
بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە سۆران، زیاتر دەڵێ: ھەڵوێستەکەی پارتی بۆ ترسی ئەو پارتە ناگەڕێتەوە لە بەدەستهێنانی کورسییەکی زۆری پەرلەمان، بەڵکو ترسەکەی پێویستییەکی سیاسییە سەبارەت بە قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و ئەو تەوژمەی ھەیە بۆ بنکۆڵکردنی دامەزراوە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان و دەیەوێت لە بڕی ئەو دامەزراوانەوە ببێتە حاکمی ھەرێمی کوردستان، دەبێت ئەم دۆخە ڕاست بکرێتەوە و دادگەی فیدراڵی دەبێت سنووری دەستەڵاتەکانی خۆی بزانێت و نابێت لە بڕی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.
لەلایەن خۆیەوە ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: پارتی یەک ھەنگاو نانێت ئەگەر بیست ھەنگاوی پێش خۆی نەبینێت، پارتی لە ھەموو دۆخێکدا بەرژەوەندییەکانی خۆی کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، جەختیشی لەوە کردەوە: لە یەک ڕۆژدا دادگەی فیدراڵی بڕیار لە تانەکانی پەیوەست بە یاسای ھەڵبژاردن و بڕیار لەو تانانەی لەسەر مووچەی ھەرێمی کوردستان دەدات، ئەوەش بۆ ئەوە بووە پەیامێک بداتە خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە قوتی ئێوە لە دەست ئەو لایەنانەیە کە باوەڕیان بەم عێراقە ھەیە و باوەڕیان بە ھەرێمی کوردستان نەماوە، شەڕێکی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە خەڵکی کوردستان بخەنە سەر ئەژنۆ و واز لە ھەموو شتێکی ھەرێمی کوردستان بێنن و تەسلیمی ئەو ئیرادەیە بن کە لە بەغدایە.

ھەواڵی زیاتر