ھێمن ھەورامی: ناھێڵین جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناھێڵن جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێـتەوە و دەشڵێ، پێکھاتەکان چ بڕیارێک لەبارەی کورسیی کۆتا بدەن ڕێزی دەگرین و کەس ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.

د. ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “کات کراوە نییە لەبەردەوام لایەنەکاندا لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن و تەمەنی پەرلەمان تا ٣١/١٢ی ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە و پێویستە ٦٠ ڕۆژ بەر لەو وادەیە ھەڵبژاردن بەڕێو بچێت و ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە و لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە چیمان لەدەست دێت، دەیکەین و ناھێڵین تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت: “ھەر کاتێک لایەنەکان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی و بە ئیمزای پەرلەمانتاران پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا، ئەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ ڕێک دەخرێت و دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەوە.”

د. ھێمن ھەورامی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “کۆتاکان خۆیان بڕیار دەدەن بەشی ھەرە زۆری پێکھاتەکان لەگەڵ ئەوەدان یەک بازنە بێت بۆ ھەڵبژاردنی کورسیی کۆتاکان و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کەم ناکرێنەوە و زۆربەی لایەنەکانی نێو پێکھاتەکان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان چ بڕیارێک بدەن، ئێمە ڕێزی لێ دەگرین و کەس ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر پێکھاتەکاندا بسەپێنێت.”

ھەواڵی زیاتر