ڕۆژگار نانەکەلی
گۆرانیگوتن و چڕینێ مەقام و چۆنیەتیی لەدایکبوونی چامە و هۆنراوە لای خۆمان جیاوازە لە شوێنانی دی؛ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، لە ناخی خۆشگوزەرانییەوە گۆرانی دەچڕن و شعر دەنووسن، ئەوروپییەکان کەمێ ڕابردووی تاڵی خۆیان تێکەڵ بە گۆرانی و شیعر و ڕۆمان دەکەن.
ئێمەی کوردیش، زۆرینەی لایەنەکانی ژیانمان، شیعر و قەسیدەی لەبارەوە نووسراوە و مەقامی بۆ وتراوە، چونکە واقیعەکە تاڵ بووە و خەڵک بە هەر هۆکارێ بووبێ بەئاسانی خۆشکەیف و خۆشگوزەران نەبووە؛ یەکێ لەو شاکارە ئەدەبیانەش، چامەی (ئەگەر چی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر)ەکەی مامۆستا هێمن موکریانی، شاعیری وڵاتپەروەر و بەهەڵوێست بووە.
مامۆستا مەلا محەمەدی شەڵماشی گێڕایەوە و وتی: ساڵانی پێش هەشتاکان لە بەغدا بووین، شەوێک من و مامۆستا هێمن پێکەوە دانیشتبووین، لەناکاو لە دەرگا درا، ئافرەتێک بوو بە هاوار و گریە و خەمەوە دەیگوت فریام کەون هاوسەرەکەم لە سێدارە دەدرێ و، چیتان لەدەست دێ ئاسانکاری بکەن بۆ ئەوەی هاوسەرەکەم لەسێدارە نەدرێ، پاشان زانیمان ئەو ئافرەتە خێزانی (شێخ شەهابی شێخ نوری)یە، کە ناوبراو بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچووبوو، ئیدی ئەم دیمەنە ناخۆش و جەرگبڕە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر مامۆستا هێمن دادەنێ و نەیتوانی دەستەوەستان بێ و دەستی دایە پێنووس و تێنووس و، ئەم قەسیدەی ناوازەیەی نووسی: (ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر).
شایانی باسە هونەرمەندی ناوداری کورد، خوای لێ خۆش بێ (محەمەد جەزا)، بە یارمەتیی عودژەنی ناسراوی کورد مامۆستا (ڕزگار خۆشناو)، لەپێش ساڵی 1980، ئەم قەسیدە نەمرەی بە شێوەی (مەقام) چڕی.
هەروەها شاژنی هونەری گۆرانی کورد خوای لێ خۆش بێ (مەرزیە فەریقی)، ساڵی دووهەزارەکان، بە شێوەی (گۆرانی) ئەم قەسیدەیەی چڕی.
قەسیدەی (ئەگەرچی شەو درەنگە، ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر)..
ئەگەرچی شەو درەنگە، ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە، منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر
ئەوەندە دەردەدار و بێپەرستارم، کە پێم وایە
لەسەر کێکی تەمەن، هەڵناکرێ شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو کەچی ڕوانیم،
لەپێشمدایە زەرد و ماه و سەختی و ئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما (خانی) هەتا چیرۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین (زین و مەم)ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستی من، لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەشێو و سیاچارە بژیم، هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکو دوا پشوو، ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامییش، نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێک چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر، بگێڕم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم، بەکانی ژینێدا بنووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ، دەروونی پڕ لەناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دکتۆری زانا، مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ، گەرەکتە عالەمێکی تر؟

