بژار حەکیم
دیمەنی زمانی لە فەزای گشتیدا، یەکێکە لە دیارترین ئەو هۆکارانەی کە سیما و ناسنامەی کولتووریی هەر ناوچەیەک دەستنیشان دەکات، چونکە ئەو تابلۆ هەڵواسراوانەی سەر دووکان، کۆگە، ڕێستورانت و شوێنە گشتییەکان، تەنیا بۆ ڕاگەیاندنی ناو یان جۆری بژێوی و خزمەتگوزارییەکان دانەنراون، بەڵکوو بڕبڕەی پشتی وێنەیەکەن کە لە زەینی بینەردا چەق دەبەستێت. وشە لەسەر ئەم تابلۆیانە لە سنووری مانای شیکاری و دەق دەرباز دەبێت و دەبێتە توخمێکی پێویستی بینراو، کە هێزی دروستکردنی دیمەنێکی تایبەتی هەیە. کاتێک مرۆڤ لە شەقامێکدا ڕێ دەکات، بەر لەوەی مانا قوڵەکانی دەقێک بخوێنێتەوە، تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەبێت لەگەڵ شێوە، ڕەنگ، قەبارە و جۆری ئەو فۆنت و وشانەی کە لە بەرزایی شوێنەکاندا هەڵواسراون، ئەمەش دەریدەخات کە زمانی نووسراو لە فەزای کراوەدا ئەرکێکی دووقۆڵی دەگێڕێت، هەم پەیامێکی زمانیی خێرا دەگەیەنێت و هەم بەشێک لە ناسیۆنالیزم، جیهانگیری و ژینگەی دیداریی کۆمەڵگە دەنەخشێنێت. لەم سۆنگەیەوە هەر وشەیەک کە دەکرێتە تابلۆ، کارلێک لەگەڵ باڵەخانەکان، ڕووناکی شەقام و دەنگی هاتووچۆدا دورست دەکات، تاوەکو کۆی دیمەنی دەورووبەر مانادار بکات. ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی زمان پیشانی دەدات کە چۆن پیتەکان لە ئامرازێکی بێدەنگی سەر کاغەزەوە دەبنە پەیکەرێک کە سیمای شار دیاری دەکات. لەڕووی زمانەوانیی جڤاکی و ئیتنۆگرافییەوە، تابلۆیی دەربڕین لە شوێنە گشتییەکاندا ئاوێنەی تەواوی ململانێ و فرەیی زمانەکانە، بەکارھێنانی زمانێکی دیاریکراو، یان تێکەڵکردنی چەند زمانێک لەسەر یەک تابلۆ، تەنیا هەڵبژاردنێکی خاوەن دووکانەکە نییە، بەڵکوو نیشاندەری پلەبەندی هێزی ئابووری، بەهای کولتووری و کاریگەرییە دەرەکییەکانە لەو کۆمەڵگەیەدا. کاتێک وشە دەبێتە دیمەن، جۆرێک لە دیالۆگ لەنێوان شار و هاووڵاتییان دا دەستپێدەکات، چونکە چاو ڕاھاتووە لەسەر خوێندنەوەی دەورووبەر تەنانەت بەبێ ئاگاداریی هۆشیارانەی خۆشی. وشە بێدەنگەکانی سەر تابلۆکان توانای ئەوەیان هەیە هەستی ئاشنایەتی یان بەشێوەیەکی پێچەوانە هەستی نامۆبوون لەلای رێبواران دروست بکەن.
بۆ نموونە، زۆربوونی وشە و دەستەواژەی بیانی لەسەر تابلۆکان ڕەنگە نیشانەی هاوچەرخبوون یان جیهانگیری بێت، بەڵام هاوکات دیمەنێک دروست دەکات کە لە ڕەگ و ڕێشەی زمانی ناوچەکە دووردەکەوێتەوە و جۆرێک لە ئاڵۆزیی دیداری بەرهەمدێنێت. لە لایەکی دیکەوە، شێوازی نەخشاندنی وشەکان لەسەر تابلۆکان، چ بە فۆنتی نەریتی و خەتخۆشی بێت یان بە شێوازی مۆدێرن و مینیمالیستی، جۆرێک لە تەلارسازیی زمانی دەخولقێنێت، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر دەروونناسیی کۆمەڵایەتی.
وشە لەم جۆرە دیمەنانەدا وەک هێمایەک کار دەکات کە سنووری نێوان تایبەتی و گشتی دەسڕێتەوە، چونکە تابلۆی دووکانێک مڵکی خاوەنەکەیەتی بەڵام دیمەنەکەی دەبێتە مڵکی گشتی و بەشێک لە یادەوەریی بەکۆمەڵی شارەکە. بەمشێوەیە دیمەنی زمانی تەنیا بڕبڕەیەک لە پیتی نووسراو نییە، بەڵکوو تۆڕێک لە مانا و سیمبول دروست دەکات.
دیمەنی زمانی لە دەقەوە بۆ مانا:
دیمەنی زمانی لە بنەڕەتدا پرۆسەی گواستنەوەی دەقە لە فۆرمە وشک و بێدەنگەکەیەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانایەک کە پەیوەندیدارە بە شوێن، کولتوور و جیهانبینیی بینەرەوە. کاتێک دەقێک لەسەر دیوارێک، تابلۆی سەر دووکانێک، یان نیشانەیەکی هاوچەرخدا دەنەخشێندرێت، تەنیا ئامرازی گەیاندنی زانیارییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو دەبێتە نیشانەیەکی سیمبوڵی کە زنجیرەیەک لە مانا و لێکدانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەجووڵێنێت. لەم وەرچەرخانەدا وشە سنوورەکانی مۆرفۆلۆژی و ڕێزمانی دەبەزێنێت و دەچێتە ناو کایەی نیشانەناسییەوە، پیتەکان، جۆری خەت، قەبارە و هەڵبژاردنی ڕەنگەکان، هەموویان بەشدارن لە دروستکردنی مانایەکی دیداریدا کە بەر لە خوێندنەوەی دەقەکە خۆی، بە ئاگاداری یان بێئاگاهانە لەلایەن ڕێبوارەوە هەستی پێدەکرێت و وەردەگێڕدرێت. ماناداریی دیمەنی زمانی لە دەقەوە لەسەر چەند ئاستێک بنیاد دەنرێت، ئاستی یەکەم مانای وەسفی و ڕاستەوخۆیە کە ناو یان ئەرکی شوێنەکە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام ئاستی دووەم و زۆر گرنگتر، مانای لاوەکی و ڕۆشنبیریی دەقەکەیە. هەڵبژاردنی زمانێکی دیاریکراو لەنێوان چەند زمانێکدا، یان بەکارهێنانی وشەیەکی کۆن لە بری دەستەواژەیەکی هاوچەرخ، دەستبەجێ پەیامێک لەسەر ناسنامە، بەهای کۆمەڵایەتی و ئاستی بژێوی یان جۆری بەکاربەرانی ئەو شوێنە دەنێرێت. بەمشێوەیە دەق لە دیمەنی زمانیدا ناکرێت جیا بکرێتەوە لەو شوێنەی تێیدا هەڵواسراوە، شوێنەکە مانا بە دەقەکە دەبەخشێت و دەقەکەش ناسنامە و هەوای تایبەت بە شوێنەکە دروست دەکات. ئەم هاوبەشییە دیالێکتیکییە وا دەکات کایەی دیداریی شار ببێتە دەقێکی کراوە و فرەرەهەند کە ڕێگە بە خوێندنەوەی جیاواز دەدات و پیشانی دەدات چۆن زمان دەتوانێت واقیعی دەوروبەرمان سەرلەنوێ مانا بکاتەوە
دیمەنی زمانی لە تابلۆ وە بۆ نێوەڕۆک:
دیمەنی زمانی ئاوێنەیەکە کە لە ڕووکەشدا تابلۆیەکی ڕاگەیاندنی ساددە پیشان دەدات، بەڵام لە قووڵاییدا تۆڕێک لە ڕەهەندی بەهادار و فرەڕەهەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونی دەشارێتەوە. کاتێک لە بەرانبەر تابلۆیەکی ئاساییدا دەوەستیت، لە وێنە سەرەتاییەکەدا تەنیا ناوێک، ژمارەیەک یان بڕێک زانیاریی بازرگانی کورت دەبینیت، بەڵام کاتێک ئەم دەقە لە چوارچێوەی شیکاریی زمانەوانیی جڤاکیدا سەیر دەکرێت، تابلۆ سادەکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی دەسەڵات، ململانێی زاراوەکان و ئاراستەی ئابووریی کۆمەڵگە. هەڵبژاردنی پیتێک، ڕێزبەندیی زمانەکان لەسەر تابلۆیەک (کەمایەتی یان زۆرینە)، و تەنانەت بۆشایی زمانێکی دیاریکراو، بڕیاری ئاسایی نین، بەڵکوو ئاماژەن بۆ چۆنیەتیی دابەشبوونی دەسەڵاتی زمانی و ئەو هێزە شاراوانەی کە سیمای شار نیشان دەدەن. پەڕینەوە لە تابلۆ ساددەکەوە بۆ نێوەڕۆکە قووڵەکە، لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەو پەیامە نادیارانەوە ڕوودەدات، کە لە پشتی وشەکانەوە جێگیر بوون. تابلۆیەک کە بە زمانێکی بیانی نووسراوە، ڕەنگە لە ڕووکەشدا تەنیا ڕیکلامێک بێت بۆ کاڵایەک، بەڵام لە قووڵاییدا دەربڕینە لە پرۆسەی جیهانگیری، گۆڕانی بەها کولتوورییەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی ڕەمزی لە ڕێگەی زمانەوە. هاوکات، زەقکردنەوەی زمان یان دیالێکتێکی تایبەتی ناوچەیی لەسەر تابلۆ گشتییەکان، ئاماژەیە بۆ خۆڕاگریی کولتووری و پاراستنی ناسنامەی زێد. لەم ڕوانگەیەوە، کایەی دیداریی شار ڕووبەرێکە کێبرکێی تێدادەکرێت بۆ چەسپاندنی هەژموون و بەهاداری لە سەرووی هەمویانەوە، وشەی سەر تابلۆکان لە ئامرازێکی بێزیانی ڕاگەیاندنەوە دەبنە بەڵگەنامەی مێژوویی و جڤاکی کە گۆڕانکارییە دەروونی و سەردەمییانەی کۆمەڵگە تۆمار دەکەن.
پیر بۆردیۆ و سەرمایەی ڕەمزی:
تێزەکانی پێر بۆدریۆ( ١٩٣٠ـ ٢٠٠٢) کۆمەڵناس و بیرمەندی فەڕەنسایی لە(سەرمایەی ڕەمزی Symbolic Capital) بۆچوونەکانی بە تەواوی بەسەر دیمەنی زمانیدا جێبەجێ دەبن. پێر بۆدریۆ بۆچوونی وایە، بەکارهێنانی زمانی باڵا لە تابلۆی دووکان و شوێنەکاندا، هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی بەهای کۆمەڵایەتی و ئابووری، وشەی سەر تابلۆکان فۆرمێکی دیاری سەرمایەی زارەکی و سیمبوڵین، کە خاوەن دووکانەکە لە ڕێگەی زمانی تابلۆکەیەوە ئاستی چینایەتی و جۆری بەکاربەرەکانی دیاری دەکات.
ژان بلوومارت و جیهانگیریی زمان:
(ژان بلوومارت Jan Blommaert١٩٦١- ٢٠٢١) زمانناسی کۆمەڵایەتی بەلژیکایی، بۆچوونی وایە، کە شارە هاوچەرخەکان بوونەتە مەیدانی فرەزمانیی ئاڵۆز و ئاماژە بەوە دەکات کە دیمەنی زمانی لە شەقامەکاندا پیشاندەری جووڵەی کۆچبەران، کاڵای جیهانی و تێکەڵبوونی کولتوورەکانە. بەلای ئەوەوە، تابلۆکان بەڵگەی زیندووی زەمەن و شوێنن و دەریان دەخەن چۆن زمانەکان لە جووڵەی بەردەوامدان و سنوورە تەقلیدییەکان دەبەزێنن.
لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە نووسینی سەر تابلۆی شوێنە گشتییەکان تەنیا نیشاندان و ناساندنی کاڵا نییە، بەقەد ئەوەی نووسراوی تابلۆکان دیاردەیەکی زمانەوانیی گرنگ کە سەرمایەی ڕەمزی و کولتووری مەعنەویی کۆمەڵگەن و پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ نووسراوی تابلۆکاندا بکرێت.

