رۆژنامەی ھەولێر

دوو … ساتیرەشیعر

حەمەسەعید حەسەن
١ گۆڕان

بە چیتەوە
ئەوەندە لە خۆت گۆڕاوی
کە دەمبینی
لە حاڵم ناپرسیتەوە؟
بەو خوایە نەمناسیتەوە
ئاخر جاران
نە سینگت ئەوەندە بەرز و
نە کوڵمت هێندە خرپن بوو
نە کەپووت ئەوەندە گچکە و
نە لێوت هێندە گۆشتن بوو
جاران نە برۆت تاتوو بوو
نە چاوت شین
نە قژت زەردێکی زێڕین
بەو خوایە نەمناسیتەوە
خۆشحاڵم کە تۆم دیتەوە

٢ مشک و جەواڵ

بە خێر و خۆشی بێیتەوە
بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی کورد

ئاوەزمان چەقی بەستبوو
ورووژاندت خەیاڵی کورد

هەتا تۆ لە غەریبی بووی
شڕ و پەشێوبوو حاڵی کورد

ئیدی گەش و شیرین دەبن
ڕۆژانی ڕەش و تاڵی کورد

ڕۆشن دەبێ چارەنووسی
پیر و گەنج و منداڵی کورد

نەوەی مشک جەواڵ دەدڕێ
دڕاندووتە جەواڵی کورد