رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم..حەمید جەمال

یاسین قادر بەرزنجی
هونەرمەندی شێوەکار حەمید جەمال لە هەولێر لەدایک بووەو لە شەقڵاوەو هەولێر خوێندوویەتی و دواتر لە زانکۆی موستەنسەرییە لە بەغدا ساڵی ١٩٧٧بڕوانامەی دیبلۆمی بەدەستهێناوە، کارمەندی فەرمانگەی ڕێگاو بان بووە.
هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەریی لای درووست بووە، کاک حەمید دەگێڕێتەوە دەڵێت:
[سەردەمی منداڵیم دایکم چەند نوشتەیەکی سەیدو شێخ و وەلییەکانی پێوە کردبووم بۆ پارێزگاری کردنم لە نەخۆشی و ڕووداوەکان، دایکم تێیگەیاندبووم هەر کاتێک نوشتەکان بکەمەوە چاوەکانم کوێر دەبن، منیش وەک منداڵێکی سەرەڕۆ جارێکیان نوشتەیەکیانم کردەوە، سەیرم کرد هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چاوەکانم نەبوو، ئەوانی تریشم تاقیکردنەوە، لەوێدا
بە دیتنی ئەو هەموو نووسین و وێنەو شێوە جۆراوجۆرانە، بە تایبەت سیمبولە ئاڵۆزەکان، ئیلهامیان لا درووست کردم، ئەوانەم بە وێنە دەکێشانەوە تا گەیشتمە قۆناغێک خۆم ئەو شکڵانە درووست بکەم، ئیدی حەزو ئارەزووەکانم زیاترو بەهێز تر بوون تا گەیشتمە قۆناغی ئاشنا بوونم بە هونەری نیگار کێشان].
کاک حەمید سەرپەرشتیاری کارگێڕیی گەلەری کوردستان بووە لەسەر قەڵای هەولێرو سەرپەرشتیارو دەستەی کارگێڕی بووە لە گەلەری مێرگ، هەروەها
لە ستافی دەرکردنی گۆڤاری (شێوەکاری)دا بووە.
*یەکەمین پیشانگای تایبەتیی لە ساڵی ١٩٩2دا لە هۆڵی میدیا کردووەتەوە.
*ژمارەی پیشانگا تایبەتییەکانی نۆ پیشانگان کە لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و لە وڵاتانی دانیمارک و فەڕەنسا کراونەتەوە.
*بەشداریی دەیان پیشانگای هاوبەشی لە ناو هەرێم و چەند شارێکی عێراق و وڵاتانی فەڕەنساو ئەڵمانیا کردووە.
لە ئێستادا خانەنشینەو زۆربەی کاتەکانی بۆ کاری هونەری تەرخان کردووەو بەردەوام کار لەسەر تەکنیک و ئەزموونی نوێی هونەری شێوەکاری دەکات.
ئەم هونەرمەندە هێژایە سەرەتا نیگاری تابلۆی شێوەکارە جیهانییەکانی نەقڵ کردووەتەوە، هەر لەو سەرەتایانەیدا سەرسام بووە بە هونەرمەند عەبدوڵڵا ڕەسوڵ، سەرەتای کاری هونەریی کاری تەعبیری کردووەو پاشان ڕووی لە ڕێبازی تەجریدی کردووەو لە ئێستادا وابەستەی یەک ڕێبازی دیاریکراو نییە.
لە کارەکانیدا بە بۆیەی ئاوی و زەیتی تابلۆکانی نەخشاندووەو بایەخی زۆریشی بە ڕەنگی سپی داوە.
دوا کاری تابلۆی (دەریای ئیجە)یە کە لە پیشانگای بیست و نۆیەمین ڤیستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشداریی پێ کردووە.
شاعیری ناسراو کەریم دەشتی بەم شێوەیە لە هونەرمەند دواوە:
[هەندێک لە کارەکانی حەمید جەمال دەمانگەڕێننەوە بۆ هێماکانی جوانی و نەخش و نیگاری ئەو تاقە بەرزانەی کە دەیان ساڵە لە زەین و هزری بینەردا ڕەش بوونەتەوە، گەورەترین خەسڵەتی کارەکانیشی هێمنی و ڕاستگۆیین لە دەربڕین و جوڵەی فڵچەیدا].
بەهیوای بەردەوامی و سەرفرازیم بۆ هونەرمەندی خۆشەویستمان کاک حەمید جەمال.