گوهدار شوكری ئاكرەیی
ئێمەی ساویلکە زۆرجار بەوە دڵخۆشین کە زیندووین، بەڵام کەمتر لە خۆمان دەپرسین: ئایا بەڕاستی دەژیین؟ لە نێوان زیندووبوون و ژیانکردندا جیاوازییەکی شاراوە هەیە؛ زیندووبوون بەردەوامبوونی هەناسەدانە، بەڵام ژیانکردن تەنها هەناسەدان نییە. ژیانکردن ئەوەیە هەست بە بوونت بکەیت، مانایەک لە بوونتدا بدۆزیتەوە و بتوانیت لە نێوان هەموو ناخۆشی و سەختییەکاندا، هێشتا هەست بە خۆت و ژیانت بکەیت. بەڵام ئایا ئێمە ئەو تواناییەمان هەیە؟ هەندێک جار ژیان لەبری ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی خۆش و پڕمانا، دەبێتە زنجیرەیەک لە بەرگەگرتن؛ بەرگەگرتنی ئازار، چاوەڕوانی، لەدەستدان، دڵەڕاوکێ، تەنهایی و ئەو هەموو شتانەی کە نەمانتوانیوە بیگۆڕین. ئەوەتا ئێمەی بەستەزمان بەردەوام جارێک بەرگەی ڕابردوو دەگرین، جارێک چاوەڕێی داهاتووین و، زۆرجار لە نێوان ئەم دووانەدا، ئێستا، کە پڕبەهاترین چرکەساتەکانی تەمەنمانە لەدەستیان دەدەین. سروشتی ئێمەی مرۆڤیش هەموو شتێکمان بۆ ژیانکردن دەوێت، بەڵام لە ڕێگای گەیشتن بەو شتانەدا، خۆمان لەبیر دەکەین. کار دەکەین بۆ ئەوەی بژیین، بەڵام ئەوەندە سەرقاڵی کارکردنین کە کاتمان بۆ ژیانکردن نامێنێت. حەزمان لە خۆشەویستییە، بەڵام لە ترسی لەدەستدانی، لە خۆشەویستیکردنیش دەترسین، لە پێناو هیواکانماندا زۆرجار هەموو ژیانمان لە چاوەڕوانی گەیشتنی بەسەر دەبەین.
کەواتە گەورەترین تراژیدیای مرۆڤ ئەوە نەبێت کە ژیان کورتە، بەڵکو ئەوەیە لەو ساڵانەدا چەند جار بەڕاستی هەستمان بە ژیان کردووە. لە کۆتاییدا ئەوەمان لەیاد نەچێت، ڕاستە بەرگەگرتنیش بەشێکە لە ژیان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو ژیانمان بۆتە بەرگەگرتن، نەک تەنها بەشێکە لێی؛ ئای کە بەستەزمانین.

