عارف ڕوشدی
تاقمێک لە کەسانی داڕووخاو و هەلپەرست، بە شێوازێکی ڕێکخراو کار دەکەن و ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی داگیرکەران پێیان نەکراوە. ئەوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی بێئومێدی، وابەستەیی و خۆڕادەستکردنن. کار گەیشتووەتە ئاستێک، بە مەبەستی بریندارکردنی هەستی هەزاران خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی پێشمەرگە و کۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، دەست بۆ زەقکردنەوەی هەندێک کەموکووڕی دەبەن؛ بە جۆرێک وای نیشان دەدەن کە خۆبەدەستەوەدان و بەزین لە بۆتەی گەلی سەردەستدا، پیرۆزی بێت!
لە کاتێکدا هەر کەسێک کەمێک ویژدان و غیرەتی نەتەوەیی هەبێت، باش دەزانێت ئەم ژینگە ئازادەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، بەرهەمی خەبات، قوربانیدان و بەگژداچوونەوەی دوژمنانە. ئەگەر تەوژمی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی لە گەشەدا نەبێت و پێگەی سیاسی و یاساییمان نەپارێزرێت، وەک ئاردی ناو دڕکمان لێ دێت و ناسنامەی نەتەوەییمان بەرەو ونبوون دەچێت.
بەداخەوە، ئەم جۆرە کەسانە بە دوور لە هەر هەستێکی نەتەوەیی و مرۆڤانە، لە ژێر دروشمی بێناوەڕۆکی “برایەتیی گەلان” و خۆتوواندنەوەدا، سڵ لە هیچ ڕەفتارێک ناکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیاریدا بەدی هاتووە، بەهۆی دواکەوتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ چەندین ساڵی داهاتووش لە بەغدا بەدی ناهێنرێت.
لێرەدا ئاماژە بە نموونەیەک دەدەم:
پێش ماوەیەک، ڕاگەیاندکاری کەناڵێک لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسێکی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆبووەتەوە و بەرپرسەکە پێی وتووە: «سەیرە، ئێمەی شیعە لە بەغدا پێداگری لەسەر مەزهەب و مافەکانی خۆمان دەکەین، سوننەکانیش بە هەمان شێوە بەرگری لە خەڵک و داواکارییەکانیان دەکەن، کەچی تەنیا کوردەکانن دێن و باسی عێراق دەکەن!

