ئاری ئاغۆک*
بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاراستنی ژینگە و بایەخدانی لە لایەن قوتابی/ خوێندکاران، وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بەدواوە بڕیاری داوە بە تەرخانکردنی ( ٥ ) نمرە بۆ هەر بابەتێک لە وەرزەکانی خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی سیستەمی وەزارەتی پەروەردە.
*بڕیارە گرنگەکە
بەر لە هەموو شتێک ئەم گشتاندنەی وەزارەتی پەروەردە، جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە، چونکە ئەم بڕیاڕە دەمانباتەوە سەر بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و پەروەردەیی لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- ساڵانێکە لێرەو لەوێ لەلایەن خەمخۆرانی پاراستنی ژینگە و نووسەرانی ئەم بوارە، داوای زیاتر گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە لە سێکتەری پەروەردە دەکەن، چونکە هەموو لایەک دەزانین پەروەردە کلیلی گۆڕانکاری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی کۆمەڵگەیە. پرسی ژینگەش تەواوکاری ئەم ڕێگایە جوانەیە کە قوتابی بەرەو ژینگە پارێزی و خاک پارێزی دەبات.
٢- لەبەر ئەوەی لەدەسپێکی ئەم گشتاندنە ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بەدواوە، مەبەست لە ووشەی ( بەدواوە ) ئەمە گوزارشتە لەوەی کە ئەم بڕیاڕە دەبێتە پلانێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ ساڵەکانی ئایندە کەواتە دەبێتە بڕیارێکی (مێژوویی)، لای هەموومان ڕوونە کاتێ پرس و بابەتێک بچێتە خانەی مێژوویی، ئەوا بە ڕێز و بایەخەوە لێی دەڕوانرێت، بۆ توێژینەوەو هەر چالاکییەک ئەوا دەگەڕێینەوە سەر مێژووی ئەم بڕیارە.
٣- لەگەڵ ئەوەی پێشووتریش کار لەسەر پرسی ژینگە کراوە، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی (پاراستنی ژینگە) لە چەندین لاوە هەنگاوی بۆ نراوە وەک (پڕۆگرامەکان، تەرخانکردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژینگەی پەروەردە، پرسی ژینگە پارێزی لە ڕاهێنانی ڕاهێنەران لەساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧، لەگەڵ چەندین هەوڵی تر، دوایین بڕیاریش پێنج نمرەی پاراستنی ژینگە)یە، ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن وەزارەتی پەروەردە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە ژینگە و منداڵ و کۆمەڵگە ئەم بڕیارە گرنگەی دا.
٤- ئەم پێنج نمرەیە دەبێتە هاندانێکی مەعنەوی بۆ قوتابی و خوێندکاران کە هەوڵ و جموجۆلەکانیان بەرانبەر بە ژینگە و پەروەردە زیاتر بکەن، ئەمەش دەبێتە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی، چونکە بە ئەنجامدانی هەر چالاکییەک، بە بەکردار ئەم پەیامە دووپاتدەکرێتەوە کە قوتابی ئەمڕۆ، پارێزەری داهاتووی ژینگەن.
٥- لەم بڕیارە دا مامۆستایانیش دەبنە بەشێک لەو مێژووە جوانە، ئەمیش بە هاندان و پلان و بەرنامەی تایبەت لەگەڵ قوتابیان بۆ ئەوەی وەک هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی ژینگە، هەست بە لێپرسراویەتی بکەن.
*چالاکی ژینگەیی
هەمیشە ووتومانە کاتێ باس لە پرسی ژینگە دەکەین، نابێ تەنیا لە چوارچێوەی (نەمام چاندن و پاک و خاوێنی) لە بابەتەکە بڕوانین، بەڵکو پێویستە بەر لەهەموو شتێک ژینگەپارێزی لای قوتابی ڕەوشت و ڕەفتار بێت، نەک لە پێناو نمرە و دەرچوون چالاکییەکی کاتی ئەنجام بدەن !!!، بەڵکو چەمکی ژینگەپارێزی لە ناوەندەکانی خوێندنەوە بگوازنەوە بۆ دەرەوە و کۆمەڵگە، ئەمیش لە ڕێگەی ( ڕێزگرتن لە ژینگە، هەستکردن بە پرسیاریەتی، یادکردنەوەی بۆنە و ڕۆژە ژینگەییە هەمە جۆرەکان لەناوەندەکانی خوێندن، ئەنجامدانی فیستیڤاڵی ژینگەیی بۆ قوتابیان، دروستکردنی گروپی قوتابیانی ژینگەپارێز، پێشبڕکێی ژینگەیی لە نێوان پۆل و قۆناغەکان، هەوڵی کەمکردنەوەی کەرستەی پلاستیک، گرنگیدان بە پاک و خاوێنی کۆی ژینگەی قوتابخانە، دەستنیشانکردنی هەفتەی پۆلی خاوێن،،،، هتد) ئەمانە دەکرێ هەموو لەو چوارچێوەی ئەو (پێنج نمرە) یە کاری لەسەر بکرێ، دواجار ئەنجامێکی ڕۆشنبیری ژینگەیی بۆ هەمووان دەبێت.
کەواتە ئەمانە هەمووی ئامانجگەلێکن بۆ پلانی ئەو بڕیارە گرنگەی کە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەرداوە و لەبەرانبەر دا قوتابی و مامۆستا وەک بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و پەروەردەیی ئەرکەکە جێ بەجێ بکەن.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

