فازڵ میرانی
هیچ سەقفێک لە بۆشاییدا جێگیر نابێت؛ چونکە یاسای کێشکردن ڕێگەی پێ نادات. هەر سەقفێک بۆ ڕاگرتنی خۆی پێویستی بە بناغە و کۆڵەکەی بەهێزە. نەبوونی ئەو کۆڵەکانە، یان لاوازییان بەهۆی تەقدیری هەڵە یان فێڵ و خەڵەتاندنەوە، دەرئەنجامەکەی تەنیا ڕووخان و کاولکارییە.
هەر تاکێک یان کۆمەڵەیەک، دروشمێکی هەیە کە دەربڕینە لە ئامانجێک و بۆ بەدیهێنانی هەوڵ دەدات. لەم ڕێگەیەدا ئەگەری سەرکەوتن یان شکست هەیە و ئەوەش سروشتییە؛ چونکە ئەگەر خاوەن دروشمەکان ڕاستگۆ بووبن و بە جددی هەوڵیان دابێت، دەکرێت هۆکارەکانی نەگەیشتن بە ئامانج بپشکنرێن و دەرس و ئەزموونیان لێ وەربگیرێت. بەڵام ئەگەر هەڵگرانی دروشمێکی درۆینە بە ئامانجەکانیان بگەڕێن، ئەوا دەرسەکە ئاشکرایە: کاریان بۆ ئامانجێکی شاراوە کردووە، نەک بۆ ئەوەی لە وشەکانی دروشمەکەیاندا بانگەشەیان بۆ دەکرد.
ئەم دۆخە لە ئەزموونی سیاسیی زۆرێک لە حوکمڕانییەکاندا ڕوویداوە و دووبارەش بووەتەوە: حاکمی تاکڕەو، یان ئەو گرووپەی دەسەڵاتی بڕیاردانی لەدەست دایە، دروشمی زل و گەورە بەرز دەکاتەوە؛ بەڵام لە کرداردا تەنیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی ئەو کەسانە دەجووڵێتەوە کە لەسەر حسابی داهاتی گشتی دەوڵەمەند بوون. لە هەمان کاتدا، زۆرینەی خەڵک ناچار دەکرێن سەرقاڵی چاککردنەوەی کەڵەکەبووی کێشەکانی ڕابردوو ببن؛ ئەو کێشانەی کە سیاسەت و کارگێڕیی هەڵەی دەسەڵاتداران، دەیان کێشە و قەیرانی نوێشی بۆ خەڵک زیاد کردووە.
هیچ شتێک وەک بەرزکردنەوەی سەقفی دروشمی گەورە مەترسیدار نییە؛ بەتایبەت ئەگەر تێچوو و لێکەوتەکانی لە پێشدا بە دروستی هەڵ نەسەنگێندرابێت، تەنانەت ئەگەر دروشمەکە خۆی پاک و ڕەواش بێت. جا چی بڵێین لەوانەی دروشمی پووچ و بێناوەڕۆک بەرز دەکەنەوە و وەک کەسێکی تاولێهاتوو و بێئاگا، وشەکان بێئەنجام دووبارە دەکەنەوە؟
کەسێکی هۆشیار کە شارەزای ئەزموونەکانی حوکمڕانیی سەرکەوتوو و شکستخواردووەکانیش بێت، بە چاوێکی ورد سەرنجی وێنەکان دەدات و بە ئەقڵ و ویژدان قسەکان لە مەحەک دەدات؛ نە چاوەکانی پەردەیان لەسەرە و نە گوێچکەکانی کەڕن. ئەو باش دەزانێت ئەوانەی پێگە و شکۆی خۆیان لەسەر بناغەی درۆ دروست دەکەن، لە کاتێکدا شایستەی نین، ئەوانەی خۆیان بە سەرکردەکانی ڕابردوو بەراورد دەکەن، لە ڕاستیدا تەنیا ئەو ڕێگایانە دووبارە دەکەنەوە کە خراپترین ئەنجام بەرهەم دەهێنن.
ئەوانەشی خۆیان بە کەسایەتییە مێژوویی و ئایینییە پیرۆزەکانەوە هەڵدەواسن، وەک ئەو فێڵبازە وایە کە بە ڕووکارێکی فریودەر خەڵکی هەڵخەڵەتاند. کاتێک تاوانی بەرامبەر خەڵک ئەنجام دا و کاتی سزادانی هات، داوای کرد سزا بەسەر ئەو ڕووکارە جێبەجێ بکرێت؛ تەنیا لەبەر ئەوەی بەو سیمایەوە خەڵکی فریو دابوو کە گوایە هەڵگری ئایین و ڕێبازێکی پیرۆزە.
ڕەخنە تەنانەت لەوانەش دەگیرێت کە لە کار و نیەتدا ڕاستگۆ بوون و ویستیان خێرێک بۆ خەڵک جێبەجێ بکەن، بەڵام نەیانتوانی هاوکێشە بەهێزترەکان ڕەچاو بکەن؛ هاوکێشەی بەرژەوەندی و هێزە نێودەوڵەتییەکان. ئەوان خەڵکیان بردە ناو ملمەلانێیەکی قورس و درێژخایەن؛ لە کاتێکدا زیانە ئابوورییە سەختەکان ڕوویان دا، زیانێک کە بەسەر کۆمەڵگە و گەشەکردنیدا کەوت و کاریگەرییەکەی درێژخایەن بوو.
جا چۆن باسی ئەوانە بکەین کە لە ئاراستە و نیەتیشیاندا ڕاستگۆ نین؟ ئەوانەی ڕۆژگار و خەڵک ڕاستییەکەیانی ئاشکرا کردووە؛ ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان لە ناز و نیعمەتدا نوقم بکەن و مافی ئەوانی تر بخۆن، بەڵام بۆ خاوەن مافەکان بێبەشی و چارەنووسێکی نادیار دەخوازن.
ئەوانەی دروشمی پووچ بەرز دەکەنەوە، دەبێت خۆیان باجی ئازاری داڕمانی ئەو سەقفە بدەن، کاتێک دەڕووخێت.
هەندێک کۆمەڵگەی کۆن و هاوچەرخ هێشتا لەژێر وێرانەکانی ڕووخانی ڕابردوودا دەژین؛ بەڵام ئەوانەی سەقفێک بەرز دەکەنەوە و دەشزانن ڕۆژێک دەڕووخێت، هەر بەردەوامن لەسەر هەڵەکەیان. سەیرەکە لەوەدایە، بۆ سەقفی ماڵەکانی خۆیان، شارەزاترین ئەندازیار و باشترین کەرەستە دەهێنن؛ بەڵام لە کاتی بنیاتنانی سەقفی ژیانی خەڵکدا، گرانیی بازاڕ، کەمبوونی نەختینە و سەختیی ژیانی خەڵک لەبەرچاو ناگرن؛ ئەو سەختییەی کە بوونی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندوویەتی.
ئەوان لە هیچ حساب و دادگەییەکی مێژوویی ناترسن؛ چونکە لەسەر مێژوویەکی ساختەدا دەژین. باش دەزانن قەدر و پێگەی ڕاستەقینەیان لەوە زۆر نزمترە کە پیشانی دەدەن، دەشزانن قورسایی و کاریگەرییان لە واقیعدا بوونی نییە. بۆیە زۆربەیان پێشوەختە ڕێگەی هەڵهاتن یان ونبوونی خۆیانیان ئامادە کردووە، تا کاتێک کارەکان گەیشتنە قۆناغی جددی، پەنای بۆ ببرێن.
دەرفەتی دامەزراندنی بناغەیەکی دروست و تەندروست هەبوو؛ بەڵام ململانێکەیان بەوانە دۆڕاند کە بە ئەنقەست بڕیاریان دا خەڵک تووشی زیان و ماڵوێرانی بکەن.
لێرەدا وتەیەکی بەپێزی ئیمام عەلیم بیر دەکەوێتەوە، کە دەفەرمووێت: “ئەوەی بەدوای حەقدا بگەڕێت و لە ڕێگەدا هەڵە بکات، وەک ئەوە نییە کە بەدوای باتڵدا بگەڕێت و پێی بگات.”
کەسانێک هەبوون و هەن کە نیەتیان چەسپاندنی حەق بووە و هەوڵیان بۆ داوە، بەڵام لە ڕێگای بەدیهێنانیدا تووشی هەڵە بوون. لە بەرامبەردا، کەسانێکی دیکە هەن بە دوای چەسپاندنی باتڵ و ناڕاستیدا دەگەڕێن و لەوەشدا سەرکەوتوو دەبن؛ چونکە نیەتەکەیان بێبنەمایە و کار و کردارەکانیشیان لەسەر هەمان باتڵ ڕاوەستاوە.

