رۆژنامەی ھەولێر

پێکھاتەکانی کوردستان داوا دەکەن پەلە بکرێت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی گرنگی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە، لە نوێترین لێدواندا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و دووپاتی کردەوە، ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە بەرانبەر دەنگدەران، کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکەم ھەنگاوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت کە زۆر دواکەوتووە. پێکھاتەکانیش، دەڵێن، پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی ھەموومانە و پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا ھەیە.

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات، بەڵام زۆرترین کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
پەرلەمان وەک دەزگایەکی یاسادانان و چاودێریکردن ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە متمانەدان بە حکوومەت و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. داواکاریی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن ھاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانەوە بەھۆی پێویستیی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانەوە بەرزبووەتەوە.
کوردستانیان بەردەوام داوا دەکەن دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و چالاک کار بکەن، چونکە ھەر دواکەوتنێک لە کاری پەرلەمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەبێت. لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکی نوێی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و ھاوکارییەوە چارەسەری بابەتە گرنگەکانی ھەرێم بدۆزنەوە.
لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ خولی شەشەم یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێند خواردنی پەرلەمانتاران کردووە، بەشێک لە لایەنەکانیش لەو کاتەوە ئامادەنین پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی ھەرێم داوای خێراکردنی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکانی یاسادانان و پێکھێنانی کابینەی نوێ و کارە پەیوەندیدارەکان دەست پێبکەنەوە. ڕۆژی سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی پێشانگەی تەکنەلۆجیای ھایتێکس، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان پەیامێکی ئاراستەی ھێز و لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کرد و گوتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی ئەو کەسانەیە کە خەڵک دەنگی پێداون، بۆیە پێویستە ئەوانیش ھەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن و وەفایان بۆ ئەو متمانە و دەنگە ھەبێت کە پێیان دراوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، دووپاتی کردەوە، پەرلەمان دەزگایەکی شەرعی و نیشتمانیی گرنگە بۆ یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
سەرۆکی حکوومەت، ڕایگەیاند، ناکرێت لەوە زیاتر ھەنگاوەکانی دەستبەکاربوون و کاراکردنەوەی پەرلەمان دوا بخرێت، بەڵکو دەبێت لایەنەکان بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان لە سەرووی ھەموو شتێکەوە دابنێن.
زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان چڕکردووەتەوە، ئامانجیشە ھەموو لایەنەکانی دیکە ئەرک و ڕۆڵیان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەبێت، بەڵام ھێشتا کۆدەنگییەکی تەواو بۆ ئەو پرسە دروست نەبووە. چاودێرانی سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھیچ مەرجێک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، مادام لایەنە سیاسییەکان ناتوانن بە دانوستان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت ڕێکبکەون، ڕێگە بدەن ئەندامانی پەرلەمان وەک نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، لەڕێگەی فراکسیۆنەکانەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەندامی پەرلەمان بەر لەوەی نوێنەری حزبەکەی بێت، نوێنەری گەلە و سوێندی خواردووە پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات، بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کۆتایی بەو چەقبەستووییە سیاسییە بھێنرێت. جەخت لەوەش دەکەنەوە، دەبێت کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە ھەن لەدەست نەچن، بۆیە پێویستە ھەمیشە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو گەل و نیشتمان لەگەڵ یەکدیدا تەبا بن.
چاودێرانی سیاسی، ڕەخنە لە حزب و لایەنە سیاسییەکان دەگرن، کە بۆچی لە نزیکەوە گفتوگۆ ناکەن و لە ڕێگەی میدیاوە پەیام ئاراستەی یەکتردەکەن، ئەوندەی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە میدیا یەکتر دەدوێنن، لە نزیکەوە نایکەن، بۆیە پێویستە گفتوگۆکان لە میدیاوە کۆتایی پێبێت و لایەنەکان بەیەکەوە دیالۆگ بکەن، لەسەر بنەمای ھاوبەش و نیشتمانی، پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەت پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکات و ڕەنگدانەوەی ھەڵبژاردن بێت.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھەموو پێکھاتەکان کۆبوونەوە و بڕیارمان دا، لە پشت حکوومەتی ھەرێم بین و دڵخۆشین بە یەکگرتنی پێشمەرگە کە پارێزەرمانە.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، باسی لەوەش کرد، کورسیی کۆتایی پێکھاتەکان پێشتر لە کوردستان چەسپی بوو، ئەو پێکھاتانە شایانی ١١ کورسین و ئەوەی بەرانبەریان کرا، کورسییەکانیان کرایە پێنج کورسی غەدرێکی گەورە بوو.
لەبارەی پێکھاتەکان لە کوردستان، ئایدن مەعرووف، گوتیشی: لە کوردستان پێکھاتەکان مافەکانیان پارێزراوە و حکوومەتی ھەرێم ھەمیشە پشتیوانی پێکھاتەکان بووە، ئێمە دڵنیایی دەدەین کە وەک پێکھاتەکان لە پشتی حکوومەت ھەرێم دەبین و پشتیوانیی لە ھەرێمی کوردستان دەکەین.
ئەو بەرپرسەی تورکمان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئاماژی بەوەشدا، ئێمە وەک پێکھاتەکان پاڵپشتی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەین و پێشمەرگەش بەپارێزەری خۆمان دەزانین، لە داھاتووشدا پێکھاتەکان پاڵپشتیی دەزگاکانی تری کوردستان دەبن.
لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئاماژەی بەوەش کرد: پێویستە بەزووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و ئێمەش لە پێکھاتەکان پاڵپشتی کاراکردنەوەکە دەبین، ئەنجامی کۆبوونەوەکەمان وەک پێکھاتەکانی کوردستان وەک کلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەن و تورکمان، یاداشتێک بۆ حکوومەتی کوردستان دەنووسین و پاڵپشتی کاراکردنەوە و پێکھێنانی حکوومەتیان پێ ڕادەگەیەنین.
لەلای خۆیەوە مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، سەبارەت بە کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، ئاشکرای کرد، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم، لەم قۆناغە ھەستیارەدا، پێویستییەکی دەستووری و نیشتمانییە بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەکان و بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ھەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەم، ھەنگاوی گرنگن بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، جەختیشی لەوە کردەوە: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەبێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین کارنامە سیاسییەکان، ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت یان یەک لایەنێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی ھاوبەشی ھەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە کە لە پەرلەماندا نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەشڵێت: پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە ھەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی، ڕێگە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی دەیەم خۆش بکەن، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی و کارا بەردەوامیی بە ئەرکەکانیان بدەن.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئەوەشی درکاند، قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بە ئاسانی بەدەست نەھاتووە، ئەم قەوارەیە بە مێژوویەکی درێژی خەبات، قوربانی و خوێنی شەھیدان بەدەست ھاتووە، بۆیە پاراستن و بەھێزکردنی ئەم قەوارەیە، پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و دڵنیابوون لە داھاتووی نەوەکانی داھاتووە.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، زیاتر گوتی: نابێت ھیچ ناکۆکییەکی سیاسی و ھیچ بەرژەوەندییەکی حزبی ببێتە ھۆی دواکەوتنی کاراکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە ھەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بزانن و بە بڕیار و ھەڵوێستی سیاسیی بەرپرسیارانە، پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی دەیەم تەواو بکەن، چونکە کوردستان پێویستیی بە پەرلەمانێکی کارا، حکوومەتێکی کارامە و یەکڕیزی سیاسی ھەیە، پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانیش پاراستنی مێژوو و دەستکەوتەکانی گەلە، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ھەموومانە بێ جیاوازی.