رۆژنامەی ھەولێر

ترس لە ئیرادەی گەل یان لە حزب

‎هاودەنگ فارووق
کاراکردنەوەی پەرلەمان لەوە دەرچووە تەنها جیاوازیی دید و تێڕوانینی دوو حزبی سیاسی بێت، بەڵکوو بابەتێکی هەستیارە و پەیوەندیی بە ئاینده و چاره‌نووسی نەتەوەیەکەوە هەیە. پرسەکە ئەوەندە نییە کام فراکسیۆن چی دەڵێت و هەڵوێستی چۆنە، بەڵکوو بابەتەکە دادەبەزێتە نێو پانتاییی ویژدانی خودی پەرلەمانتار.
ڕاستە پەرلەمانتار لەلایەن حزبێکەوە کاندیدکراوە و دەنگی بۆ کۆکراوەتەوە، بەڵام دواجار هاووڵاتیی کوردستان لەناو کۆمەڵێک کاندید، دەنگی بەو کەسانە داوە کە دەرچوون و بوونەتە پەرلەمانتار، بەواتایەک هاووڵاتیی کوردستان ئەمانەت و متمانەیەکی زۆر گەورەی خستووەتە ئەستۆی ئەو کاندیدانەی بوونەتە پەرلەمانتار.
ئاخر ئەمانەتەکەی خەڵک لە حزبەکان و لە بیروڕای سیاسیی خودی پەرلەمانتارەکانیش گەورەترە.
خەڵک بۆ ئەوەی متمانەی بەو پەرلەمانتارانە کردووە، تاكوو ئاینده‌ی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن، دەزگا و دامەزراوەکانی پێش بخەن و ئەزموونەکە تۆکمە بکەن، نەک خۆیان ببنە ئۆباڵی پەکخستنی شرعییەت لە کوردستاندا.
هەر بەوەندەی کە دەنگی میللەت بەدەست دێنێت، پەرلەمانتار دەبێتە موڵکی خەڵک و دەبێتە هەڵگری ئەرکە ئەخلاقی و یاسایییەکان، پابەندی ئەو بەڵێنانە دەبێت کە بەگوێرەی یاسا بە خەڵکی دەدات. پەرلەمانتار یەکەم نوێنەری خەڵک دەبێت، دووەم حزبەکەی، نە‌ک تەنێ گوێلە‌مستی حزب.
بۆیە لەئێستادا کە کوردستان بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دوو ساڵیشە پەرلەمان پەکخراوە، پرسیار بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان ئەمەیە: ئایا لەئاستی متمانەی خەڵکدا دەبن یان ناتوانن فەرمانی حزبەکانیان تێپەڕێنن؟ بەتایبەت ئەو حزبەی دوو ساڵە پەرلەمانی بەبارمتە گرتووە، پەرلەمانتارانی خۆی ترساندووە!
ئەگەر پەرلەمانتار باوەڕی بە خۆی و دەنگدەری خۆی هەبێت، ئەگەر لەنێوان بەرژەوەندیی خۆی و حزبەکەیدا، قازانجی کوردستان هەڵبژێرن، مانای وایە لە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و ویژدانیی گەورە دەرچوون، ئەوەش دەبێتە هۆی متمانەیەکی زیاتر بە شرعییەت لە کوردستاندا.
بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر نەتوانن لە فەرمانی حزبەکان دەرچن و پەرلەمان کارا نەکەنەوە، ئەوکاتە چۆن دەتوانن بڵێن: ئێمە نوێنەری گەلی کوردستانین؟
لەڕووی مێژووییشەوە ئەم بابەتە ڕەهەندێکی قووڵی هەیە و ناکرێت تەنها پێمان وابێت بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها پەیوەندیی بەم نەوەوە هەیە، بەڵکوو نەوەکانی داهاتوو دەبنە شاهید لەسەر ئەوەی کێ ئامادەیە نوێنەری گەلی کوردستان بێت ڕەوایەتی بداتەوە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و کێش ئامادە نییە لەترسان زاتی ئەوە ناکات لەبڕیاری حزبەکەی دەرچێت، ئامادەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاینده‌ی نەتەوەیەک بکات بەقوربانیی بڕیاری چەند کەسێکی ناو حزبەکەی!
بڕیارێکی هەستیار و پڕ لە بەرپرسیارێتیی ئێستا و ئاینده‌ و بڕیارێکی قورسی سیاسییە، بەڵام ئایا کەسێک متمانەی خەڵکی لابێت، چۆن دەبێت نەتوانێت بڕیارێک بدات کە دڵنیایە پاراستنی وڵات و ئاینده‌ی نەتەوەکەی و نەوەکانی داهاتووش وابەستەیە بەو بڕیارەوە؟
بڕیاردان و توانای جیاکردنەوەی هەق لە ناهەق، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی پەرلەمانتارێک ئەگەر خۆی بە نوێنەری گەل بزانێت؟ ئاخر چۆن دەبێت پەرلەمانتار ئەمانەتی خەڵکی لابێت، نەتوانێت ئەرکی سەرشانی خۆی ڕاپەڕێنێت؟
ئایا پەرلەمانتارەکانی کوردستان، بە جورئەتەوە ئامادەن متمانە و ماف و ئەمانەتی خەڵک بپارێزن و پەرلەمان کارا بکەنەوە؟ چاوەڕوان دەبین.