خەرمان كەمال پیربال
وتە و، وشەیەكی سەرنجڕاكێشی مامۆستا دەتوانێت ڕێچکەی ژیانی قوتابیەك بەتەواوی بگۆڕێت، چونكە وشەكان هێزی دروستكردن یان ڕووخاندنی متمانەبەخۆبونیان هەیە. مامۆستا تەنها زانیاری نابەخشێت بەڵكو كەسایەتی بنیات دەنێت.
كاریگەری وتە و هەڵسوكەوتی مامۆستا بەرامبەر قوتابی زۆركات لایەنی ئەرێنیی هەیە؛ كاتێك بەهرە شاراوەكانی قوتابیانی دەدۆزێتەوە، زۆرجار قوتابی خۆی نازانێت لە چیدا بەهرەمەندە، بەڵام وتەیەك وەك (تۆ شێوازی نووسینت زۆر سەرنجڕاكێشە) یان (تۆ لەم بوارەدا داهاتووت هەیە) دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابیەكە ببێتە نووسەر، زانا یان داهێنەر. وا دەكات متمانە لەلای قوتابیەكە بنیات بنێت، وشەیەك نیشانی بدات كە مامۆستا بڕوای بە توانستی قوتابیەكە هەیە؛ بۆ نموونە (من دەزانم تۆ دەتوانیت لەمە باشتر بكەیت)، هێزێكی گەورەی دەروونی بە قوتابیەكە دەبەخشێت وای لێ دەكات بەسەر بەربەستەكانی ژیانیدا زاڵ بێت. لایەنە ئەرێنیەكانی مامۆستا وا دەكات قوتابی دیدگای ژیانی بگۆڕێت؛ ئامۆژگاریەكی سادەی مامۆستا لە كاتێكی گونجاودا دەبێتە نەخشەڕێگا بۆ هەموو تەمەنی قوتابی.
وەلە هەمن كاتتدا وشەكانی مامۆستا كاریگەری نەرێنیشیان هەیە بەرامبەر قوتابی كاتێك وشەكانی ڕوخێنەر بن، وا دەكات حەزی فێربوون لە ناو ببات و ڕێچكەی ژیان ئاڵۆز بكات، وشەیەكی سارد یان سەركۆنەكردنێكی توند لەبەردەم هاوڕێكانیدا وەك ( تۆ هیچت لێ دەرناچێت) قوتابیەكە بۆ هەمیشە ڕقی لە بابەتەكە و تەنانەت خوێندنیش ببێتەوە. یاخود دروستبوونی گرێی دەروونی، هەندێك وشەی ڕووخێنەر بۆ ساڵانێكی درێژ لە مێشكی قوتابیدا دەمێننەوە و، دەبێتە ڕێگر لە بەردەم ژیانی داهاتووی و دەبێتە بەربەستی سەركەوتنی داهاتوو، چونكە هەمیشە هەست بە بچووكی دەكات. بۆیە وشەكانی مامۆستا پێویستی بە هۆشیاری هەیە چونكە وشە تەنها دەنگێك نیە؛ ئەو وشانە دەتوانن كاریگەری لەسەر هەست و ڕەفتاری قوتابی جێ بهێڵێت؛ ئەوەش واتای ئەوە نیە نابێت مامۆستا هەڵەی قوتابی ڕاست بكاتەوە یان ڕێنماییی نەكات، بەڵكو جیاوازیەكە لە شێوازی وتنەكەی مامۆستادایە؛ ڕاستكردنەوەی هەڵە هاندەریش دەبێت بۆ قوتابی ئەگەر بە ڕێزەوە و بە مەبەستی فێركردن بیت. ئەمە جگە لە كەسایەتی مامۆستا لە پۆلدا و شیكپۆشی هەموو ئەو وردەكاریانە كاریگەرییان هەیە بەسەر قوتابیەوە. پێویستە مامۆستا هەمیشە هۆشیار بێت و ئاگاداری ئەو وشانە بێت كە دەیکات لە پۆلدا بەردەوام هەوڵی ئەوە بدات كەسایەتیەك دروست بكات ببێتە مایەی شانازی بۆ كۆمەڵ، چونكە قوتابیان ڕەنگدانەوەی مامۆستاكەیانن.

