رۆژنامەی ھەولێر

کوردبوون

زكری موسا
کوردبوون سەختە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی مێژوویەکی پڕ لە ئازار و دابڕانمان هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێشتا دەبێت لە نێوان پێناسە و ئایدیۆلۆژیا هاوردەکاندا، پێناسەی خۆمان بپارێزین.
هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی هاوردە نەیتوانیوە ببێتە زمانحاڵی دۆزی کورد و بوونی کورد بۆ دنیا ڕوون بکات، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی کورد کێشەی ئایدیۆلۆژیا نەبووە، بەڵکوو پرسی مان و نەمان بووە.
دەمێکە هەوڵ دەدرێت ئەو قەناعەتە لە ناخی کورددا بڕسکێت کە کورد دۆزێکی ڕوونی نییە، ناتەبایە و ناتوانێت لەسەر بوون و داهاتووی خۆی کۆک بێت. بەڵام لە ناو ئەم جەنجاڵەدا، ئەگەر کورد بیەوێت وەک گەلێکی زیندوو و بەهێز بمێنێتەوە، دەبێت هەمیشە ئەم ڕاستییەی لەبەرچاو بێت:
کورد دۆزێکی ڕەوای وجودی، مێژوویی، جوگرافی و یاسایی هەیە.
لە هەمان کاتدا، دەبێت بەو بەها ڕەسەن و مرۆییانە بناسرێت کە لە قووڵایی مێژووی ئەم گەلەدا جێگیر بوون: مرۆڤدۆستی، ئاشتی، ڕێزگرتن لە جیاوازی و پێکەوەژیان.
کورد نابێ تەسلیمی پێناسەی ئەوانی تر بێ، دەبێت خۆی خۆی بناسێنێت، بە مێژووی خۆی، بە بوونی خۆی و بە بەها ڕەسەنەکانی.لەوانەیە کوردبوون سەخت بێت، بەڵام هەر ئەو سەختییەش وای کردووە کە کوردبوون جگە لە شوناس، بەرپرسیارێتییەکیش بێت بۆ مانەوە.