رۆژنامەی ھەولێر

دەبێ هەموومان چاودێر بین

شێرکۆ حەبیب

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کابینەی نۆیەمدا، لەگەڵ بارودۆخێکی قورس و کۆمەڵێک بەربەستی سیاسی و ئابووری و دارایی، و ئەمنی، هەوڵی داوە پرۆژە و کارە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بن و خزمەت بە هاووڵاتیان و کوردستان بگەیەنێت. ئەمە ڕاستییە و نابێت هەموو ئەو هەوڵانە لەبیر بکرێن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساتی سوێندخواردن لە پەرلەمانی کوردستاندا بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەت دەبێت خزمەتی هاووڵاتیان بکات، بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و گرنگی بە هەموو کەرتەکانی خزمەتگوزاری بدرێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، لە بواری جۆراوجۆردا کۆمەڵێکی زۆر پرۆژە ئەنجام دراون، پرۆژەکانی ڕێگا و شەقام، تەندروستی، خوێندن، شارستانی، ئاسایش و بواری خزمەتگوزارییەکانی تر. هەندێک لەو پرۆژانە بە شێوەیەکی ڕوون لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا دەبینرێن.
بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ هەیە کە پێویستە بە ڕاشکاوی بکرێت: ئایا ئەرکی حکوومەت تەنیا جێبەجێ کردنی پرۆژەیە؟ یان پاراستن و چاودێریکردنی دوای تەواوبوونیشی بەشێکە لە بەرپرسیارێتی؟ و ئایا هاووڵاتی رۆڵی چییە؟ نابێت هاوکاری حکوومەت بێت لە پاراستن و چاودێری کردنی پرۆژەکان و پاراستنی و سەلامەتییان؟
بە بڕوای من، وەڵامەکە ڕوونە، پرۆژە بە بڕینی قردێلە کۆتایی نایەت، ئەگەر پرۆژەیەک بە ملیۆنان دینار و بە زەحمەتی زۆر دروست دەکرێت، بەڵام دوای کردنەوەی بێ چاودێری جێ بهێڵرێت، ئەوا بەشێک لە مانای ئەو خزمەتگوزارییە لەدەست دەدات، ئەمە کێشەیەکی بچووک نییە.
لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا، قەیسەری هەولێر بە شێوەیەکی مۆدێرن نۆژەن و نوێکرایەوە، دوای ئەوەی ناحەزان ئاگریان تێبەردا، ئەم شوێنە تەنیا بازاڕێک نییە، بەشێکە لە مێژوو و ناسنامەی شاری هەولێر و شوێنێکی گرنگی گەشتیاری و کۆمەڵایەتییە.
بەڵام کاتێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی سەربانی قەیسەرییەکە نیشان درا، هەندێک لە تەلەکانی کارەبا بە شێوەیەکی بێ‌سەرووبەر و دوور لە ڕێنمایییەکانی سەلامەتی دیار بوون. ئەمە دەبێت ببێتە جێی پرسیار، نەک تەنیا جێی تێپەڕبوون، چونکە کاتێک باس لە شوێنێکی گشتی دەکەین، سەلامەتیی هاووڵاتی لە هەموو شتێک گرنگترە.
ئەگەر خاوەن دوکانەکان نیگەرانی لە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە یان کێشەی کارەبایان هەبێت، کە ئەوان بەو کارە هەڵساون، بەبێ رێنمایەکانی سەلامەتی ئەوا دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی پشکنین بکەن. ئەگەر پێشێلکاری لە ڕێنمایییەکانی سەلامەتیدا هەبێت، دەبێت لیپێچینەوە هەبێت و یاسا بەسەر سەرپێچییەکەدا جێبەجێ بکرێت.
ئێمە نابێت چاوەڕێی کارەساتێک بکەین تا دواتر بگەڕێین بۆ هۆکارەکانی، بەڵکو دەبێ ئامرازەکانی سەلامەتی دابین بکەین پێش کارەسات، ئەوەش خۆی بەشێکە لەو خزمەتگوزارییە.
لە ڕاستیدا، یەکێک لەو کێشانەی پێویستی بە سەرنجی زیاتر هەیە ئەوەیە کە هەندێک جار پرۆژەیەک تەواو دەبێت، بەرپرسان دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆدەکەنەوە، قردێلە دەبڕن و وێنە دەگرن، بەڵام دوای ئەوە پرۆژەکە لە یاد دەچێت، ئەمە نابێت ببێتە کلتوورێکی کارگێڕی، پرۆژە بۆ بڕینی قردێلە نییە، پرۆژە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییە.
لەبەر ئەوە، وەزیرەکان، بەڕێوەبەرەکان و هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار دەبێت بەدوای پرۆژەکاندا بن. نەک تەنیا ئەو پرۆژانەی دەستیان پێکردووە، بەڵکو ئەو پرۆژانەی تەواو کراون و ئەوانەی نوێ کراونەتەوە.
دەبێت بزانرێت پرۆژەکە دوای مانگێک لە چ بارودۆخێکدایە، دوای ساڵێک چی بەسەر هاتووە و ئایا ئەو خزمەتگوزارییەی بۆی دروست کراوە بە شێوەیەکی دروست بەردەوامە یان نا.
ئەمە تەنیا ئەرکی سەرۆکی حکوومەت نییە، و نابی بۆ ئەوی جێ بهێڵێن چونکە ئەوە ئەرکی ئەو نییە، بەڵکو لێپرسینەوە ئەرکی ئەوە، ساتێک بەرپرسێک کەم تەرخەمە،ڕاستە ئەگەر هەوڵ و خەمخۆری سەرۆکوەزیران نەبووایە، بێگومان ئەو پرۆژانە ئەنجام نەدەدران، بەڵام سەرۆکی حکوومەت ناتوانێت بە تەنیا چاودێری هەموو پرۆژەیەک و هەموو شوێنێک بکات.
لێرەدا دەوری وەزیر و بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشی پەیوەندیدار دێتە پێشەوە، بەرپرسیارێتی تەنیا ئەوە نییە کە پرۆژەکە بگەیەنرێت بە کۆتایی. بەرپرسیارێتی ئەوەشە کە دڵنیابین لەوەی پرۆژەکە بە شێوەیەکی دروست بەکار دێت، پارێزراوە و خزمەتگوزارییەکەی بەردەوامە.
هەروەها میدیاش دەبێت لەو بابەتەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. میدیا نابێت تەنیا بۆ ڕاگەیاندنی کردنەوەی پرۆژەیەک بانگهێشت بکرێت، دەبێت دوای ساڵێکیش بگەڕێتەوە بزانێت ئەو پرۆژەیە لە کوێیە و چۆن بەڕێوە دەچێت.
هەروەها مامۆستایانی بەرێزی ئاینی رۆڵی گرنگ و بەرچاویان دەبێ هەبێت لەم بابەتە کە ئامۆژگاری هاووڵاتیان بکەن ئەو شوێننانە بپارێزن و نەبنە هۆکاری کارەسات.
ئەگەر ئەم کلتوورە دروست بکرێت، بەرپرسیار دەزانێت کە پرۆژەیەک دوای کردنەوەی کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوێوە بەرپرسیارێتییەکی نوێ دەست پێدەکات، بۆیە پێویستە هەموومان چاودێر بین، چاودێری واتە دژایەتی حکوومەت نییە، و ڕەخنەش واتە نادیدەگرتنی کارە باشەکان نییە، بەڵکو چاودێری واتە پاراستنی ئەوەی بە زەحمەت دروست کراوە، و هاوکاری حکوومەتە.
کوردستان پێویستی بە پرۆژەی نوێ هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە پاراستنی پرۆژەکانی هەیە کە هەنووکە هەن، ئەگەر پرۆژەیەک بە پارەی گشتی دروست کراوە، دەبێت بە پارێزگارییەکی گشتیش بپارێزرێت، و ئەگەر حکوومەت هەموو ئەو هەوڵەی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتی دەدات، ئەوا ئەرکی هەموو بەرپرسانە کە ئەو هەوڵە بەدواداچوون و چاودێرییەکی بەردەوامی لەگەڵ بێت، و لەو پێناوەدا دەبێت، بۆیە دەبێ هەموومان چاودێر بین، لە پێناو کوردستانێکی ئاوەدان.