رۆژنامەی ھەولێر

بەکارهێنانی سروودی ژینگەیی لە بڕی زەنگی قوتابخانە

ئاری ئاغۆک*
زەنگی قوتابخانە ئاماژەیەکی ڕوون و دیارە بۆ چوونە ژوورەوەی قوتابی بۆ ناو پۆل و کۆتایی هاتنی ماوەی وانەکان و چوونەوەی بۆ ماڵ، بە درێژایی تەمەن هەر یەکێکمان کاتێ گوێبیستی زەنگی قوتابخانە دەبین چەندەها یادگاری خۆش و ناخۆشمان بیردێتەوە، کە هەموو لە چوارچێوەی (خوێندن و مامۆستا و کتێب و هاتنە گۆڕەپان و چوون بۆ فرۆشگا و درەنگ چوونە ژوورەوەو ،،،، هتد) خۆی دەدۆزێتەوە، لەوەتەی بە بیرمان دێ بە لێدانی ئاسنێکی بچوک لە ئاسنێکی گەورە، یا زەنگێکی دوور و درێژ بێزارکەری کارەبایی بە دەنگێکی بەرز و قورس و بێزارکەر و ترسناک، کە وێنەیەکی ناخۆش لە زەینی قوتابی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەی لەم ساڵانەی دوایی بە شێک لە قوتابخانەکان لە بڕی ئەم زەنگە بێزارکەرە، ئارەزوومەندانە جۆرە زەنگێکی دیکە بەکاردێین ئەویش زەنگی ئەلکترۆنییە کە ئاوازی نەرمتر و جیاوازترە، ئەم هەوڵە جێگەی دەستخۆشییە و دەستپێشخەریەکی باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبۆتە بڕیار تائێستا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە بۆ گۆڕانکاری هەمیشەیی.
بۆیە لێرەدا پێشنیار دەکەم لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چالاکی هونەر لە وەزارەتی پەروەردە، ئەم زەنگ لێدانە کلاسیکیە بگۆڕدڕێ بۆ سروودێکی پەروەردەیی ژینگەیی، لەلایەن مامۆستایانی هونەرمەندەوە بە تێکستێکی گونجاوەوە ئاوازی بۆ دابنرێت. دواجار لە ڕێگەی گشتاندنێکەوە ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندن بکرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن یەک جۆر زەنگی ژینگەیی و پەروەدەیی بەکاربێنن.
بۆ بەر چاو ڕوونی هەموولایەک دەتوانین گرنگی سروودی ژینگەیی لەم خاڵانەی خوارەوە بەدی بکەین:
١-وەک دەزانین دەنگی بێزارکەر و ژاوەژاو کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی قوتابی، ئەمەش ڕەهەندێکی سایکلۆژی لە خۆدەگرێ بۆ گۆڕانکاری بەرەو باشترکردن.
٢- سروودی دەستنیشانکراو لە فۆڕمێک دا خۆی بدۆزێتەوە، هەر کۆپلەیەکی گوزارشت بێت لە پەیامی پەروەردەیی و ژینگەپارێزی، ئەوکات قوتابی لەگەڵ وشە و ماناکان ڕادێت و وێنەیەکی جوان لە دیدی دروست دەبێت.
٣-بوونی دەنگێکی هێمن و ئارامکەرەوە دەبێتە پەیوەندیەکی خۆشەویستی و قبوڵکراو لە قوتابییەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
٤- دەکرێ لە هەر وانەیەک دا کۆپلەیەک پەخش بکرێ، بۆ ئەوەی قوتابی تووشی وەرسی و بێزاری نەبێت، یاخوود زەنگی کۆتایی و چوونە ماڵەوە کۆپلەیەکی جیاواز بێت.
٥- هەر پەیامێکی جوان و باش و ئەرێنی ژینگەپارێزی کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی هەیە لەسەر هۆشیاری و ڕۆشنبیری قوتابی، کە دواجار لە دەرەوەی قوتابخانەش ڕەنگدەداتەوە.
٦- دوورکەوتنەوە لە دەنگی بێزارکەر دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێی قوتابی بە تایبەتی لە کاتی تاقیکردنەوەکان دا و پەلە پەل و غاردان بۆ پۆل.
ئەم خاڵانە و چەندین خالی دیکە ئاماژەن بەو پێناسەیەی کە ناوەندەکانی خوێندن تەنیا شوێنێک نین بۆ فێربوون و دەرچوون، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ هۆشیاری ژینگەیی و پەروەردەیی دوور لە هەڵسوکەوتی توندوتیژی، بۆیە ئەم بیرۆکە و پرۆژەیە تەنیا پێویستی بە پلانێکی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایانی هونەرمەند هەیە، و تێچوویەکی هێندە زۆری نیە کە ببێتە بارگرانی بۆ لایەنی جێبەجێکار، لەگەڵ ئەوەش دا کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت بۆ پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن، چونکە لەگەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییەکانی دنیای پەروەردە و ئەلکترۆنیات، پێویستیمان بەو جۆرە گۆڕانکارییە پەروەردەیی و ژینگەییە هەیە، ئەو کات پڕۆسەکە لە دەنگێکی بێزاکەر دەگۆڕدرێت بۆ سروودێکی جوان و ڕیتمێکی نەرم و پەیامێکی ژینگەیی هەمیشەیی.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.