رۆژنامەی ھەولێر

تــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــابلۆی ژینگەیی لەسەنتەری شار

ئاری ئاغۆک
لەم ماوەیەدا سەردانی پارکی شارم کرد، تابلۆیەکی گەورە لە دوورەوە سەرنجی منی بۆ خۆ ڕاکێشا، کە لێی نزیکبومەوە تێبینی ئەوەم کرد جگە لەمن، ئەو هاوڵاتی و ڕێبوارانەی بەم شوێنە و نزیک تابلۆ ڕادەبرن، وەستانێک دەکەن، دەمێک ڕادەمێنن و سەیری وێنە و زانیاریەکانی ئەم تابلۆیە دەکەن کە بە سوپاس و دەستخۆشییەوە لە لایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دروست کراوە و لەشوێنێکی گرنگ دانراوە.

٨ وێنە و نووسین لە خۆ دەگرێ بەم شێوەیە:
لەسەرەوە بە گەورەیی نووسراوە
ماوەی لە ناوچوونی پاشماوەکان لە سروشت دا
ئینجا لە هەر وێنەیەک، بە ئاماژەدان بە زانیاریە پشت ڕاستکراوەکان بەم شێوەیە:
١- پاشماوەی شوشە ٤٠٠٠ ساڵ
٢-پاشماوەی پلاستک ١٠٠٠ ساڵ
٣-پاشماوەی پلاستیک ٤٠٠ ساڵ
٤-پاشماوەی پاتری ٣٠٠ ساڵ
٥-پاشماوەی قوتوی کانزایی ١٠٠ ساڵ
٦-پاشماوەی بنێشت ٥ ساڵ
٧-پاشماوەی فلتەری جگەرە ٢ساڵ
٨-پاشماوەی کاغەز ٣ مانگ
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێ بکەم، خستنە ڕوو و نیشاندانی ئەم کارەساتە گەورەیەی ژینگەیە بەرانبەر بە خاک، لە سەنتەری شار، وەک ئاوێنەیەکی گەورەی زیانگەیاندن وایە، کاتێ مرۆڤەکان تەماشای ئەم ئاوێنەیە دەکەن، هەر یەکێک بە جۆرێک و لە گۆشەیەک دا خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، گومانی تێدانیە هەریەکێکمان ئەو بەریەککەوتنەمان لەگەڵ یەکێک لەو پاشماوانەدا هەیە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئەنقەست بێ یا بە حالەتێکی ئاسایی لە کاغەزێک بگرە، تا دەگاتە شووشە و پلاستیک ئەوا فرێمان داوەتە سەر زەوی !، ڕەنگە خەتاباریمان هۆکاری هەبێ، بەڵام گرنگە بە ڕوانینێکی هۆشیارانە لەو کارەساتە گەورەیەی ژینگە و ژیان بڕوانین، چونکە داهاتوی مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەکی گەورە، کە هەر هەموومان لێی بەرپرسین، بۆیە ئەم هۆشیاری و بە ئاگاهاتنەوەیە پێویستە لە زۆر زۆر شوێنی دیکە ئاماژەی پێ بکرێ، تا هەمیشە لەبیرمان بێ.
چونکە سەرچاوە زانستییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە پاشماوە کاتێ لە زەوی وون دەبن، ئەوا لە بنەڕەتدا وون نابێت، بەڵکو لە زەوییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕووەک و خواردن وخۆراک و ئاو، چونکە بەشێک لە پاشماوە زیانبەخشەکان لەگەڵ ئاوی باران دەگەنە ناو خاک، لە ئەنجام دا مەترسی گەورەی لەسەر تەندروستی و ژیانی مرۆڤ دەبێت. ئەوەش لە بیر نەکەین گەر خاک پیس بوو ئەوا بەشێکی زۆری سەرچاوە بەرهەمهاتوەکان پیس و ناتەندروست دەبن.
بۆیە پێشنیار دەکەین ئەم سەرچاوە زیان بەخشانە، لە ڕێگەی تابلۆ وێنە و چالاکییەوە لە هەموو شوێنێک ئاماژەی پێ بکرێت، بۆئەوەی هۆشیارانە خۆمان لەو مەترسیە گەورەیەی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی بپارێزین.