عارف ڕوشدی
هەموو ئەو ململانێ و بەریەککەوتنانەی لە چەندین شوێنی جیهاندا بە شێوازی جیاواز لە ئارادان، لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکاندا؛ پێش هەموو شتێکیش پاراستنی «بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی»، ئاسایشی نەتەوەیی و داهاتووی گەلانە. گەلانی ئازادیخواز لەوە تێگەیشتوون کە بە بێ هەبوونی پێگەی یاسایی و سیاسیی شایستە، ناتوانن بەشدار بن لە ڕەوڕەوەی مێژوو و پێشکەوتنەکانی ژیاندا؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە، دەبنە پاشکۆ و بەکارهێنراوی گەلانی دیکە.
بەداخەوە، سەرەڕای ڕوونیی ئەم بابەتە هەستیارە، هێشتا لەنێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا دەنگی نەشاز و خۆڕادەستکەر هەیە؛ بە دروشمی خەیاڵیی «براوەتیی گەلان و خۆتوواندنەوە»، کە لە قۆناغێکدا بە زەبروزەنگ و لە ئێستاشدا بە چەواشەکاری، هانی یاخیبوونی نەتەوەیی دەدەن و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلەکەمان بە ناڕەوا دەزانن.
بەشێکی دیکەش لە لادەران، عەریزەبەدەستی بەردەرگای دادگاکانی بەغدان لە پێناوی خواستێکی نەگریسدا کە ئەویش «هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان»ـە. بەم هەڵوێستەیان پێداگری لەسەر سەرخستنی تێز و خواستی دەسەڵاتی گەلانی سەردەست دەکەن. بێگومان ئەم ئاڕاستە لادەرە، لەلایەن وڵاتانی دابەشکەری کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

