رۆژنامەی ھەولێر

کێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیە؟سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی؟

عبدولسلام بەرواری
چەند رۆژێکە هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان لە کەناڵە عێراقییەکاندا باسی ئەوە دەکەن کە نیازی ئەوە هەیە داوایەک لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی بێشکەش بکەن بۆ نادەستووری ناساندنی ماددەی (١٣/یەکەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥، کە سەرۆکی هەرێم بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دادەنێت.

پاساوی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ماددەی (٧٨)ی دەستووری عێراق سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داناوە. لێرەدا پرسیارێکی دەستووری دروست دەبێت: ئایا فەرماندەی گشتیبوونی سەرۆکی هەرێم بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ماددەی (٧٨)ی دەستووری عێراقدا ناکۆکە یان نەء؟ و ئایە بوونی سەرۆکوەزیرانی فیدرالی بە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، دەیکاتە فەرماندەی پێشمەرگەش؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە لە ماددەی (٧٨) دەست پێ نەکەین، بەڵکو سەرەتا بزانین دەستوور چ پێگەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی داناوە.

هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا
ماددەی (١١٧/یەکەم) هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە فەرمی دەناسێت. ئەم دەقە تەنها دانپێدانانێکی جوگرافی بە هەرێم نییە، بەڵکو دانپێدانانە بە بوونی دەسەڵاتەکانی لە ناو سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا. واتە دەسەڵاتەکانی هەرێم تەنها دەسەڵاتی کارگێڕی نین کە حکوومەتی ناوەندی پێی دابن و بتوانێت کاتێک بیەوێت سنوورداریان بکات؛ بەشێکن لە پێکهاتەی دەستووریی دەوڵەت.
ماددەی (١٢١/یەکەم) ئەم بنەمایە زیاتر ڕوون دەکاتەوە. بەپێی ئەم ماددەیە، دەسەڵاتەکانی هەرێم مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییان هەیە، جگە لەو بوارانەی کە دەستوور بە تایبەتی خستوونیەتە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی. بەم پێیە، هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا دەسەڵاتی خۆی هەیە و بۆ دیاریکردنی سنووری ئەو دەسەڵاتە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی دەستوور و بزانین کام بوار بە تایبەتی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی دیاری کراوە.

پێشمەرگە و مافی هەرێم بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی خۆی
لە بابەتی پێشمەرگەدا، ماددەی (١٢١/پێنجەم) ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بابەتەکەوە هەیە. ئەم ماددەیە مافی دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم، لەوانە پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، بە حکومەتی هەرێم دەدات. گرنگیی وشەی «ڕێکخستن» لێرەدا نابێت پشتگوێ بخرێت. دامەزراندنی هێزێک شتێکە و ڕێکخستنی شتێکی دیکە؛ ڕێکخستن پێکهاتە، پلەبەندی، دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و زنجیرەی فەرماندەیی دەگرێتەوە. هێزێکی چەکدار ناتوانێت بێ ئەوەی دیاری بکرێت فەرمان لە کوێوە دەست پێ دەکات و کێ لە سەرەوەی زنجیرەی فەرماندەییدایە، بە شێوەیەکی دامەزراوەیی کار بکات. لەبەر ئەوە، دیاریکردنی سەرکردایەتیی باڵای هێزەکە بەشێکی سروشتیی ڕێکخستنیەتی.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ماددەی (١١٠/دووەم) سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی لەم بوارەدا پیشان دەدات. دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و بەرگری لە وڵات، لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵین. بەم شێوەیە دەستوور لە یەک کاتدا دوو بابەتی ڕێک خستووە: بەرگری لە عێراق و سنوورەکانی وەک ئەرکێکی فیدراڵی، و دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم وەک دەسەڵاتێکی هەرێمی.

فەرماندەی گشتی، بەڵام فەرماندەی کام هێز؟
ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ماددەی (٧٨)، کە بنەمای ئەو بۆچوونەیە کە لەسەر نادەستووریبوونی ماددەی (١٣/یەکەم) دەخرێتەڕوو. ماددەی (٧٨) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دادەنێت. بەڵام ئەم ماددەیە بە تەنها ناخوێندرێتەوە؛ چونکە ئەم مادەیە بەشێکئ هەمان ئەو دەستوورەیە، کە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی بە فەرمی ناساندووە و مافی دامەزراندن و ڕێکخستنی پاسەوانی هەرێمیشی بە هەرێم داوە.
ئەگەر ماددەی (٧٨) بە شێوەیەک لێک بدرێتەوە کە فەرماندەیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەموو هێزێکی چەکدار لە سەرانسەری عێراق بگرێتەوە، بەبێ جیاوازی لە نێوان هێزە فیدراڵییەکان و ئەو هێزانەی دەستوور مافی دامەزراندن و ڕێکخستنیانی بە هەرێم داوە، ئەوا بەشێکی گرنگ لە ماددەی (١٢١/پێنجەم) واتای خۆی لەدەست دەدات. دەستووریش دەبێت بە شێوەیەک بخوێندرێتەوە کە دەقەکانی پێکەوە کار بکەن، نەک بە شێوەیەک کە دەقێک دەقێکی دیکە بێ ناوەڕۆک بکات.
لە ڕاستیدا، ناوی «فەرماندەی گشتی» بە تەنها یەکلاکەرەوەی ئەم مشتومڕە نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە فەرماندەی گشتی، فەرماندەی کام هێزە و دەسەڵاتەکەی تا کوێ دەگات. ماددەی (١٣/یەکەم)ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم سەرۆکی هەرێم بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دادەنێت؛ نەک بە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە گشتی. سەرۆکی هەرێم بەو پێگەیە نابێتە فەرماندەی سوپای عێراق و دەسەڵاتی فەرماندەیی بەسەر هێزە چەکدارە فیدراڵییەکاندا نییە. لەبەر ئەوە، بوونی دوو فەرماندەی گشتی لێرەدا بە مانای بوونی دوو فەرماندە بۆ هەمان هێز نییە.

ماددەی (١١٥) و یەکلاکردنەوەی پرسی دەسەڵات
لە کۆتاییدا، ماددەی (١١٥) دێت و یارمەتیمان دەدات لە کۆکردنەوەی ئەم دەقانە و گەیشتن بە ئەنجام. ئەم ماددەیە دەڵێت ئەو دەسەڵاتانەی لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵیدا نەهاتوون، بۆ هەرێمەکانن. دیاریکردنی فەرماندەی پاسەوانی هەرێم لە دەسەڵاتە تایبەتە فیدراڵییەکاندا نەهاتووە، لە کاتێکدا دەستوور بە دەقێکی ڕوون مافی دامەزراندن و ڕێکخستنی ئەو هێزەی بە هەرێم داوە.
بەم خوێندنەوەیە، ماددەی (٧٨) و ماددەی (١٢١/پێنجەم) پێویست ناکات بە دژ بە یەکتر دابنرێن. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارە فیدراڵییەکانە و سەرۆکی هەرێم، بەپێی یاسای هەرێم، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیە. هەر یەکەیان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا. بەم شێوەیە، هەم ماددەی (٧٨) واتای خۆی دەپارێزێت و هەم ئەو مافەی کە ماددەی (١٢١) بۆ هەرێمی داناوە، لە ناوەڕۆک بەتاڵ نابێت.