فازڵ میرانی
سەرەتا من کەسێکی یاساییم؛ هەموو خاوەن پسپۆڕییەکیش، سیستەم و ئاراستەی کارەکەی بە ڕوانگە و شێوەیەک دەبینێت، کە لەوانەی تر جیاوازە.
ئەندازیار لە نەخشە و دیزاینەکەی شتێک دەبینێت کە ئێمە نایبینین، بە هەمان شێوە پزیشک و مامۆستاش.
کاتێک سەبارەت بە تێکەڵبوون و دژبەریی یاساکان دەنووسم، باس لە بابەتێکی گریمانەیی ناکەم، بەڵکوو گوازەرەوەی واقیعێکم؛ چونکە خستنەڕووی پرسیاری گریمانەیی، وەڵامەکەشی هەر گریمانەیی دەبێت.
هەواڵێک سەرنجی ڕاکێشام کە تایبەت بوو بە ڕاڤەیەکی دادوەری بەرامبەر پرسیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە بڕگەکانی (یەکەم) و (پێنجەم) لە ماددەی (٨٠)ی دەستووری ئێستای عێراق، کە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی لادان و بەخشینی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە پلەکانیان.
لەم باریەوە، دادگای فیدراڵی وەڵامەکەی لەسەر بنەمای بڕیاری تەشریعیی ژمارە (٨٨٠)ی ساڵی ١٩٨٨ داوەتەوە.
تێبینییەکانی من لە دوو خاڵدا کۆدەبنەوە:
١-بڕیاری تەشریعیی ژمارە (٨٨٠)ی ساڵی ١٩٨٨، بڕیارێکە لەلایەن “مجلس قیادة الثورة)”ی هەڵوهشێندراوە دەرچووە. بەکارهێنانی بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکانی ئێستا—بەمەبەستی دەستنیشانکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە سایەی سیستەمی ئێستادا—بابەتێکە کە تێبینیی قووڵی سیاسی و یاسایی لەسەرە. ئەگەر بەهۆی جیاوازیی ئاراستەکانەوە ڕەهەندە سیاسییەکەی وەلابنێین، بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە ڕەهەندە یاساییەکەی پشتگوێ بخەین؛ چونکە ئەو مەجلیسە بە یەکجاری هەڵوەشێنراوەتەوە و بڕیارەکانیشی سیاسی بوون و لە دەسەڵاتێکی حزبییەوە دەرچوون کە دواتر تاوانبار کراوە. ئایا عەقڵانییە حزبی بەعس بە تاوانبار بپێنرێت، بەڵام بڕیارەکانی وەک سەرچاوەی یاسایی بمێننەوە؟!
٢-سەرباری ڕێزی تەواومان بۆ ئەو لایەنە دادوەرییەی ڕاڤەکردنەکەی کردووە و پشتی بەو بڕیارە تەشریعییە بەستووە، بەڵام پێویست بوو ڕێگری لە پێکدادان و تێکەڵبوونی یاساکان بکات. لە کاتێکدا، بڕیارە تەشریعییەکە و دوو بڕگە دەستوورییەکە، لە دوو ژینگەی تەواو دژبەیەکەوە سەرچاوەیان گرتووە؛ ژینگەی ڕابردوو لەلایەن عەقڵییەتێکەوە بەڕێوە دەبرا کە بە هیچ جۆرێک شایستەی ئەوە نییە ئەمڕۆ بکرێتە نموونە و بەڵگە. جگە لەوەش، پشتبەستن بە بڕیارێکی (مجلس قیادة الثورة)، دەرگا بۆ تانەدان و ناڕەزایەتیی تر دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە مەبەستە سیاسییە پەردەپۆشکراوەکانی حزبی دەسەڵاتداری پێشوو فەرامۆش دەکات.
لە کۆتاییدا دەڵێم: دروست نییە ئەوانەی دەستووریان نووسیوە، دەقەکانیان لەلایەن نەیارێکەوە ڕاڤە بكرێت کە دادگایی کراوە و لەسێدارە دراوە؛ چونکە ئەم کارە هۆکار و بەڵگەی زیاتر دەداتە دەست نەیاران دژی سیستەمی سیاسیی ئێستا.
تکایە ئەم تێبینییانە بە سنگێکی فراوانەوە وەرگرن.

