رۆژنامەی ھەولێر

گەورە ئاو دەرژێنی، گچکەش پێ لێدەخشێنێ!

ئاری ئاغۆک

لەم ڕۆژانە لەگەڵ ئاریای کورە بچکۆڵەکەم، بە ئۆتۆمبێل سەردانی شوێنێکمان دەکرد، لە رێگادا لە شەقامی سەد مەتری هەولێرێ، ئۆتۆمبێلێک شوفێرەکەی خانمێک و ئەوەی تەنیشتیشی منداڵێک بوو، چەند کیلۆ مەترێک لە پێش ئێمە دەڕۆیشتن، لەناکاو منداڵەکە جامی ئۆتۆمبێلەکەی کردەوە و کیسەی بەتاڵی جپسی فڕێ دایە لای ڕاستی شەقام، یەکسەر من و ئاریا تەماشای یەکترمان کرد، کوڕەکەم سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی و دەیوست پرسیار بکات، بەر لەوەی بپرسێ بینیمان ئەوجارەیان خانمی شوفێر دەبەی ئاوی بەتاڵی فڕێدایە لای چەپی شەقام.
ئینجا ئاریا بەسەرسوڕمانەوە پرسی: بابە ئەوە کودەبی ئەو منداڵە و ئەو ژنە شت فڕێدەنە سەرشەقام!.
وەڵامی من بۆ کوڕەکەم ئەوەبوو کە ئەوانە شار و نیشتیمانی خۆیان خۆش ناوێ بۆیە بایەخ بە ژینگە نادەن و هەست بەلێپرسراویەتی ناکەن.
ئەویش گووتی: ئەدی ئەو منداڵە لە قوتابخانە فێری پاک و خاوێنی و ژینگە پارێزی نەبووە؟! ئەدی دایکی خۆ گەورەیە کوو دەبی شت لەناوسەیارە فڕێ بدات؟!
تا گەیشتینە شوێنی مەبەست باسی ژینگە پارێزی و خاکپارێزم بۆ کوڕەکەم کردو تێم گەیاند کە ئەمە کارێکی هەڵەیە، ئەویش دەیزانی هەڵسوکەوتی ئەو دایک و منداڵە هەڵەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بووە هەوێنی ئەو نووسینەم، گەڕانەوە و ئاماژەدانە بۆ ئەو پەندە کوردیەی کە دەڵێ (گەورە ئاو دەرژێنی و گچکەش پێ لێ دەخشێنی)، بەڵام ئەو دیمەنەی من بینیم پێچەوانەبوو، لەبڕی ئەوەی دایک وەک مامۆستا و پەروەردەکاری ماڵ و خێزان و منداڵ، بەشێوازی خۆی تێی بگەیەنێ کە فرێدانی هەر شتوومەکێک لە ناو ئۆتۆمبێلەوە کارێکی ناشارستانی و نامرۆیی و هەڵەیە، چونکە لەو حالەتە هەم شار پیس دەبێ هەم ئەرک و کاری ژینگەپارێزانی شار قورستر و زەحمەتتر دەبێت، کەچی دایک هیچ وەڵام و ئامۆژگاری نەبوو، یەکسەر دەستی بۆ مۆبایلەکەی بردو وابزانم دەستی بە سنپاپ و ستریک کرد!

بەهەرحاڵ،،، ئەوەی من بینیم ڕەنگە یەکێک بێ لەو دیمەن و حالەت و دیاردە بەردەوامییانەی کە بەشێک لە خێزانی کورد پێیوە خەریکن، بۆیە کاتێ دەڵێین ژینگە پارێزی ڕەوشت و بەرپرسیاریەتییە، ئەوا بەو واتاو مانایەدێت کە پێویستە هەر تاکێکی کومەڵگە بەرپرسیاریەتیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرس و خەمی ئێستا و ئاییندە بکات، بۆیە کەدەڵێین (هۆشیاری،،،،، هەمیشە هۆشیاری)، بەر لە فێربوون و تێگەیشتن، پێویستە پرسی ژینگە و پاک و خاوێنی ژینگە بکەنە خەمی گەورەی ژیان.
لەبیرم چوو ئەوەش بڵێم، جۆری ترومبێلەکەی ئەم خانمە شوفێرە قەبارەکەی لە هی من بەرزتر و نرخەکەشی لە هی من زۆر گرانتر، بەڵام هەست و لێپرسراویەتییان بەرانبەر بە خاک و ژینگە و شارپارێزی لەو پەڕی نزمی و لاوازی بوو!