رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ئافرەتی خوێنەر؛ بنەمایەک بۆ نوێگەری لە جیهانبینیی ئافرەتاندا

زیــــــبا تـەهـــــــــــا

بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، دادپەروەر و هۆشیار، لە بنەڕەتدا پێویستی بە ستراتیژێکی قووڵی پەروەردەیی و فیکری هەیە کە توانای مرۆیی بە گشتی و پێگەی ئافرەت بە تایبەتی لە ناوەندەکانی بڕیار و کارکردنی ڕێکخراوەییدا پەرەپێبدات. لەم سۆنگەیەوە، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پڕۆژەیەکی مەزن و پێشەنگی خستووەتە گەڕ کە گرنگییەکی تایبەتی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری، سیاسی و مێژوویی کادرەکانی دەدات، ئەوەش لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندنەوەی بەرهەمی مەزن و بەنرخی مێژووییەوە. ئەم پڕۆژەیە کە وەک خولێکی بەردەوامی فیکری بەڕێوەدەچێت، لە قۆناغی یەکەمیدا بە خوێندنەوەی پەڕتووکی ”بۆ مێژوو”ی جەنابی سەرۆک بارزانی دەستی پێکرد و لە قۆناغی دووەمیشیدا بە قووڵبوونەوە و وردبوونەوە لە پەڕتووکی بایەخداری ”بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١–١٩٥٨” درێژەی پێ درا. ئەم هەنگاوە نەخشەڕێگایەکە بۆ ئەوەی کادری ئافرەت تەنها کارمەندێکی ئاسایی یان چالاکوانێکی ڕوکەش نەبێت، بەڵکو ببێتە خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ لە پرەنسیپە نیشتمانییەکان و خاوەن بڕیاری ژیرانە لە قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەدا.
هەڵبژاردنی پەڕتووکی ”بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨” وەک تەوەر و سەرچاوەی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە، بڕیارێکی ستراتیژی و زانستییە کە لەسەر چەند بنەمایەکی مێژوویی و فیکریی پتەو دامەزراوە. یەکەم هۆکار بۆ ئەم هەڵبژاردنە، تایبەتمەندیی ناوەڕۆکی ئەم قۆناغە هەستیارەیە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا؛ کە قۆناغێکی پڕ لە ڕووداوی تێکۆشان، بەرخۆدان و قوربانیدان بووە بۆ پاراستنی ناسنامە و مافە نەتەوەییەکان. لەو سەردەمەدا، خەباتی پەرشوبڵاوی ناوچەیی و هۆزگەری گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و سەرتاسەری بە پێشڕەویی بارزانییەکان. هۆکاری دووەم و زۆر گرنگ، پێگەی نووسەرەکەیەتی؛ سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەکی خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندی سیاسی و نەتەوەیی، لە سایەی بارزانیی نەمردا پێگەیشتووە و لە تەمەنێکی زووەوە وەک پێشمەرگە پەیوەست بووە بە کاروانی شۆڕشەوە. بۆیە خوێنەر لێرەدا تەنها لەبەردەم گێڕانەوەیەکی دەرەکیدا نییە، بەڵکو مێژوو لە ڕوانگەی کەسێکەوە دەخوێنێتەوە کە خۆی شاهید و دەستکاری ڕووداوەکان بووە. ئەم قوتابخانە فیکری و ژیارییە فێری ئیرادەی پۆڵایینمان دەکات و نیشانەی ئەوەیە کە چۆن بەرژەوەندییە گشتییەکان بخرێتە سەرووی هەموو شتێکەوە و چۆن لە بەرانبەر سەختییەکاندا کۆڵ نەدرێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە تەنها خوێندنەوەی کتێبێک نییە، بەڵکو دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هۆشیاریی ئافرەتاندا. یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەڕوونی دەیزانێت کە ئامانج لەم کارە، تەنها بەدەستهێنانی زانیاریی مێژوویی نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەزموونی ڕابردوو بۆ ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئێستا. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە، پرۆژەکە بە شێوازێکی زانستی قۆناغبەندی کراوە؛ لە قۆناغی یەکەمدا پرسیارنامەیەکی ورد لەسەر ناوەڕۆکی پەڕتووکەکە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادە کرا و زیاتر لە سەد و پەنجا کادر لە سەرکردایەتی و بەرپرسانی ناوەندەکان بەشدارییان تێدا کرد تاوەکو ناچار ببن بە وردی بگەڕێن بەدوای زانیاری و تێگەیشتنی قووڵدا. پاشان، پرۆژەکە هەنگاوێکی گەورەتری نا و ئەزموونی وەڵامدانەوەی گواستەوە بۆ قۆناغی گفتوگۆ، پێشکەشکردنی پانێڵ و لێکدانەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن ئەو کادرە سەرکەوتووانەی کە نمرەی بەرزیان لە پرسیارنامەکەدا بەدەستهێنابوو. ئەم شێوازە پەروەردەییە وای لێدەکات کە کادری ئافرەت خاوەنی توانای قسەکردن، بەرهەمهێنانی بیرۆکە و شیکردنەوەی دۆخی سیاسی بێت، تاوەکو بتوانێت بە متمانەیەکی تەواوەوە لە ناوەندەکانی بڕیاردا دەربکەوێت و ڕۆڵی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت.
بەخشینی خەڵاتی باشترین خوێنەر بە ناوی نووسەر و ڕۆشنبیری کۆچکردوو ”مەهاباد قەرەداغی”، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی باوەڕی ئەم ڕێکخراوەیە بە پاراستنی کەلەپووری فیکری، ئەدەبی نەتەوەکەمان. ئەم خەڵاتە تەنها ڕێزلێنانێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لەو کەسایەتییە چالاکەی کە ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت، پێشخستنی ئەدەب و پەرەپێدانی هزری ڕەخنەیی تەرخان کرد. هەڵبژاردنی ئەم ناوە، پەیامێکی ڕوونە بۆ نەوەی نوێ کە کەلتووری خوێندنەوە دەبێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە و کارکردنی ڕێکخراوەییدا، و دەبێت نەوەی نوێی ئافرەتان درێژەپێدەری ئەو ڕێگە ڕووناکە بن کە پێشەنگانی بواری ڕۆشنبیری و مەعریفی نەخشاندوویانە.
ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە خاڵی کۆتایی نین، دەستپێکی پرۆسەیەکی بەردەوامن بۆ چاندنی تۆوی هۆشیاریی نیشتمانی و ڕۆشنبیری لە ناو کۆمەڵگەدا، تاوەکو کادران هەمیشە بە ئاگابوونەوە لە ڕابردوو، توانای بڕیاردانی ژیرانەیان بۆ ئێستا و داهاتوو هەبێت.
بڵاوکردنەوەی هزری پێشکەوتنخوازی و بەهێزکردنی بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەرکێکی پیرۆزە کە پێویستی بە تێکۆشانی بێوچان هەیە. پڕۆژەی لەم شێوەیە دەبنە پردێکی بەهێز لە نێوان ڕابردووی پرشنگدار و داهاتوویەکی گەشتردا، چونکە نەوەی نوێی ئافرەتانی ئەم نیشتمانە کاتێک بە وردی لە پاشخانی مێژوویی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەگەن، ئەوا خاوەنی دیدگایەکی ڕۆشن و هەڵوێستێکی نیشتمانیی پۆڵایین دەبن لە بەرانبەر هەر ئاڵنگاری و پێشهاتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. بەهێزبوونی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیاردا، تەنها دەستکەوتێکی ڕێکخراوەیی نییە، پێوەرێکی گرنگە بۆ پێشکەوتنی تەواوی کۆمەڵگە و مسۆگەرکردنی مافە رەواکانی نەتەوەیەک کە هەمیشە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیدا قوربانیی گەورەی داوە. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە گەورەیەش بێگومان بەرهەمی ماندووبوونی بێپایانی ئەو مامۆستا و لیژنە خۆبەخشانەیە کە لە بەشی ڕاهێنان و شیاندن و مەکتەبی سکرتاریەت کاریان کردووە، هەروەها هەماهەنگیی بەڕێزی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین لە دابینکردنی پێداویستییەکاندا. لە کۆتایی ئەم کارە گەورە نیشتمانییەدا، وەک وەفایەک بۆ خوێنی پاکی تێکۆشەران، سڵاو و وەفاداری بۆ سەرجەم ئافرەتانی تێکۆشەری کوردستان و گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەنێرین، و یاد و سەروەری شەهیدان؛ بارزانیی نەمر و کاک ئیدریس، هەمیشە وەک چرایەکی گەش، ڕێنمای ڕێگەی خەبات و فێرگەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری لە دەروونی هەمووماندا دەمێننەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و دادپەروەرتر بۆ گەلەکەمان.