فەزیلە شۆرش
کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەدەینەوە، دەبینین تەواوی لاپەڕەکان وەک تاجی سەر ڕازاونەتەوە و پڕن لە ڕێز، درەوشانەوە و شانازی بە خەباتی ئەم ڕێبازە پیرۆزە. بێگومان شاخەکانمان شایەتحاڵی ئەم مێژووەن؛ مێژوویەک کە بە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکی شەهیدان تۆمار کراوە.
لە سەرەتای خەباتی کورد بۆ ئازادی و مافە ڕەواکانی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرکی پاراستن و بەرپرسیاریەتیی نەتەوە و کوردستانی لە کاتە جیاواز و هەستیارەکاندا، وەک ئەرکێکی سەرەکی و نیشتمانی خستووەتە سەر شانی خۆی. بە درێژایی خەبات و تا ئێستاش، سەرکردایەتیی پارتی لەسەر بنەمای بەها و خۆنەچەماندن لە خەباتی سیاسی و شۆڕشەکانی ئازادی بۆ مانەوەی شکۆ و ناسنامەی کورد پێشەنگە. بێگومان ئەم خەسڵەتانە هێمای خەباتی نەتەوایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
هەروەسا لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا، پاراستن و بەرپرسیاریەتییە قورس و گرنگەکەی قەوارەی سیاسیی هەرێم، پێگەی دەسەڵاتی کوردستان، چارەنووسی کورد و پێکەوەژیانی لە کوردستان بە حەکیمانە و دادپەروەرانە ڕێک خستووە. بە ئیرادەیەکی پۆڵایین هەموو کار و پیلانەکانی ناحەز و دوژمنان ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەت لە کاتی بەرگریکردن لە شکۆ، ماف و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان. لە پێناو یەکگرتوویی نیشتمانیشدا، خیتاب و کرداری بۆ یەکگرتوویی نیشتمانییە و جەخت دەکاتەوە سەر کۆکردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان لەژێر چەتری کوردستانێکی یەکگرتوو، بۆ پێگەیەکی بەهێزتر لە گۆڕەپانی سیاسییدا و بە هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگ، مەترسییەکان و کاریگەرییە دەرەکییەکان بۆ سەر کوردستان.
ئەوانەی بەپەرۆشن بۆ درەوشانەوەی هەرێمی کوردستان، شانازی بەو ڕۆژانە دەکەن کە کوردستان لە سایەی دووربینیی پارتی، خاوەنی ئەم ئازادییەی ئەمڕۆیە. بێگومان ئەمڕۆی کوردستان بێ قوربانیدان نەهاتووەتە کایەوە. ئەو ڕۆژەی کە کوردستان لە داگیرکاریی دەرەکی پارێزرا لە (٣١)ی ئابدا، کە ڕەهەندە گرنگەکەی ئازادبوونی کوردستان بوو لە داگیرکەرانی بیانی، جێگای شانازییە. دەرئەنجامەکەشی ئەم ئارامی، ئازادی و قەوارەی هەرێمی کوردستانەیە کە تێیدا مافی کوردستانییان، بەتایبەتی مافی ئافرەتان بە یاسا و ڕێساکانی کوردستان پارێزراوە. بۆ گەیشتن بە تەبایی نیشتمانی، پێویستە هەموو لایەنێکی کوردستانی جەخت لەسەر سەروەری و ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ کوردستان بکات و بەرژەوەندییەکانی نیشتمان بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە.

