ئەندازیار سارا شێخانی
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ئافرەتانی کەرکووک لە زۆر بواردا توانیویانە شایستەیی و تواناکانی خۆیان بسەلمێنن؛ لە بواری پەروەردە، تەندروستی، مافە مرۆییەکان، ڕاگەیاندن، کۆمەڵگەی مەدەنی و بازرگانی، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان بە سەرکەوتوویی کاریان کردووە. بەڵام کاتێک باس لە سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیاردان دەکرێت، دیسانەوە ژمارەی ئافرەتانی سەرکردە و خاوەن پۆستە کاریگەرەکان زۆر بە کەمی دەبینرێن.
ئەمە پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: بۆچی هێشتا لە کەرکووک ئافرەتانی سەرکردەمان کەمە؟ ئایا هۆکارەکە خودی ئافرەتانن، یان سیستەمی حیزبایەتی، پشکپشکێنە (المحاصصة) و شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان؟
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی تاوان بخرێتە سەر یەک لایەن، بەڵکوو ئەم کێشەیە ئەنجامی چەندین هۆکاری پێکەوەگرێدراوە.
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان، سیستەمی پشکپشکێنە و دابەشکردنی دەسەڵاتە. لە زۆر کاتدا پۆستە سیاسییەکان لەسەر بنەمای شایستەیی دابەش ناکرێن، بەڵکوو بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حیزبەکان و هاوسەنگیی سیاسی دابەش دەکرێن. لەناو ئەم سیستەمەدا، ئافرەت زۆرجار دواهەمین کەسە بیر لێ بکرێتەوە، یان تەنها بۆ پڕکردنەوەی “کۆتا”ی ئافرەتان هەڵدەبژێردرێت، نەک بۆ ئەوەی بەشێکی ڕاستەقینەی بڕیاردان بێت.
لە هەمان کاتدا، هەندێک حیزب هێشتا باوەڕێکی تەواویان بە توانای ئافرەتان نییە. کاتێک پۆستە گرنگەکان دابەش دەکرێن، زۆرجار پیاوان دەخرێنە پێش، هەرچەندە ئافرەتانی شایستە و ئەزمووندار لەناو هەمان حیزبدا هەبن. ئەمە هەستێکی ناڕەزایی و بێهیوایی دروست دەکات و ئافرەتان لە بەردەوامبوون لە کاری سیاسی دوور دەخاتەوە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، پێویستە ئافرەتان زیاتر ئامادەی وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی بن. دەبێت بەردەوام لە فێربوون، گەشەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی، دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و ئامادەبوون بۆ هاوکێشە سیاسییەکاندا بن. هەرچەندە ئەمە بە تەنیا چارەسەر نییە، بەڵام بەشێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن.
کۆمەڵگەش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت؛ هێشتا لە هەندێک شوێن تێڕوانینێکی کۆن هەیە کە سیاسەت تەنها بۆ پیاوانە. هەر ئافرەتێک بچێتە ناو سیاسەتەوە، زۆرجار لەگەڵ ڕەخنەی زیاتر، فشاری کۆمەڵایەتی و هەندێک جار هێرشی کەسایەتی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە ئەم جۆرە بەربەستانە وا دەکەن زۆر ئافرەت ئارەزووی چوونە ناو سیاسەت لەدەست بدەن.
لە کەرکووک، کە پارێزگایەکی فرەنەتەوەیی و هەستیارە، پێویستە بەشداریی ئافرەتان لە بڕیارداندا زیاتر بێت لە هەر کاتێک. ئافرەت دەتوانێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە، تەندروستی، خێزان، گەنجان، ژینگە و یەکگرتوویی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت. بێ بەشداریی ئافرەتان، گەشەپێدانی سیاسی بە لاوازی دەمێنێتەوە.
لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن “کۆتا”ی ئافرەتان بەسە بۆ دڵنیابوون لە بەشدارییان، بەڵام ئەگەر ئافرەت تەنها ناوێک بێت لەسەر کاغەز و دەنگی لەناو بڕیارداندا نەبێت، ئەو کۆتایە واتای خۆی لەدەست دەدات. پێویستە ئافرەتان لەناو لیژنە گرنگەکان، دامەزراوە جێبەجێکارەکان و ناوەندەکانی بڕیارداندا ڕۆڵی ڕاستەقینەیان هەبێت.
چارەسەری ئەم کێشەیە تەنها بە ڕەخنەگرتن نابێت. پێویستە حیزبەکان شایستەیی ئافرەتان بکەنە بنەمای هەڵبژاردنی کادرەکان، دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت و پیاو دابین بکەن و بەرنامەی ڕاهێنان و پەرەپێدانی سەرکردایەتی بۆ ئافرەتان زیاد بکەن. میدیاکانیش پێویستە نموونە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی بوون بە سەرکردە ببێتە شتێکی ئاسایی نەک دەگمەن.
لە کۆتاییدا، نادروستە بڵێین هەموو کێشەکە لە ئافرەتانە، دادپەروەرانەش نییە هەموو بەرپرسیاریەتییەکە بخەینە سەر حیزبەکان. ڕاستی ئەوەیە کە هەردوو لایەن، لەگەڵ کۆمەڵگە و سیستەمی سیاسی، بەشێک لە بەرپرسیاریەتییان لەسەرە. ئەگەر ئامانجمان کەرکووکێکی پێشکەوتوو و دادپەروەر بێت، دەبێت ئافرەتان تەنها ئامادەبوونیان لەسەر کاغەز نەبێت، بەڵکوو لە شوێنی بڕیاردان، سەرکردایەتی و دیاریکردنی داهاتووی پارێزگاکەدا هاوبەش و هاوشان بن. ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کە بەشداریی سیاسیی ئافرەتان تەنها دروشم نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی جێبەجێکراوە.
سەرۆکی دەزگای پاراو بۆ گەشەپێدان و مافی مرۆڤ

