رۆژنامەی ھەولێر

تێبینی بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئاستی پەروەردەییە

بەکر کەریم حەسەن*
(جۆن دیوی) بیرمەند و پەروەردەكاری دیاری ئەمریكی دەڵێ”ئێمە لە ئەزموونەكانمانەوە فێرنابین، بەڵكو لە ڕامان و هەڵسەنگاندنەوە لە سەر ئەزموونەكانمان فێر دەبین”.

لە ناخی ئەو وتەیەوە بەهای ڕاستەقینەی تێبینی (فیدباك) یان ڕەخنەی بنیاتنەر لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا دەركەوێت. فیدباك تەنها كۆمەڵێ تێبینیی سەر كاغەز نییە، بەڵكو ڕۆح و بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئاستی ئەكادیمی و گۆڕینی دامەزراوە پەروەردەییەكانە بۆ ژینگەیەكی زیندوو.
بە گشتی تێبینی (پێڕاگوێزان یان كاردانەوەی بنیاتنەر) پڕۆسەیەكی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەڵسەنگاندنە لەسەر ئەنجام یان ڕەفتارێكی دیاریكراو. بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی خاڵە بەهێزەكان و دەستنیشانكردنی كەموكووڕییەكان بۆ بەرەوپێشبردن و چاكسازی. نەك بۆ لۆمەكردن یان شكاندنی كەسایەتی.
بە گشتی تێبینی، گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، جگە لەوەی بریتییە لە پەرەپێدانی ڕۆڵ و توانا و لێهاتووییی كەسەكان و زانینی خاڵە لاواز و بەهێزەكان و ڕاستكردنەوە و چاككردنەوەی ڕێڕەوی دروستی كەسەكە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەكردنەوەی هەڵەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانە، لە هەمان كاتدا و بەرزكردنەوە و چاككردنی ئاستی پیشەیی كەسەكانە، فیدباك وەكو ئاوێنەی پێشكەوتن تەماشا دەكرێت. فیدباكی دروست، ئاست و كوالێتیی ڕاستەقینەی كارەكان نیشان دەدات. نەك ئەوەی كە خۆمان حەزمان لێیە و ئارەزوو دەكەین بیبینین.
لە بواری پەروەردە ڕۆڵی فیدباك لە نێوان ئاستە جیاوازەكان هەیە لە نێوان (سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و بەرێوەبەر و ڕاهێنەران) بە گشتی جۆراوجۆرە و هەریەكە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ئەوەی لەو وتارەدا دەمەوێ باسی بكەم تێبینیی (مامۆستا بۆ مامۆستای ڕاهێنەر)، ئاشكرایە وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕاهێنەری پەروەردەیی، ئامادەیان دەكات و دواتر ئەوانیش ڕاهێنان بە مامۆستایان دەكەن. ئەوەی لێرەدا جەختی لێ دەكەینەوە زانینی ئاستی پیشەیی ڕاهێنەرانی پەروەردەییە كە لە دیدی مامۆستاكانەوە كە ئەوەش تێگەیشتنێكی ورد و جەوهەرییە بۆ پڕۆسەی پەروەردە تا بزانن ڕاهێنەرانمان تا چەند توانیویانە زانیاری و میتۆد و بابەتە سەرەكیەكان سەركەوتوانە و پێشەییانە پیادە بكەن و لە تێگەیاندندا سەركەوتوو بوونە.
لێرەدا ڕاهێنەری سەركەوتوو و لێهاتوو و ڕاستەقینە دەستنیشان دەكرێت و دەردەكەوێت ڕاهێنەرەكە تا چەند توانای دیالۆگ و گفتوگۆ و، وەڵامدانەوەی پرسیارە سەختەكان و گوێگرتنی هەبووە. لە هەمان كاتدا كواڵێتی ڕاهێنانەكە دەردەكەوێت كە ئایا ڕاهێنەرەكە بابەتەكەی بە ڕوونی گەیاندووە یان تەنها زانیاریی ئاڵۆز و وشكی ڕاست كردۆتەوە و، تا چەند ڕاهێنەر سەركەوتوو بووە لە گونجاندنی ناوەڕۆك لەگەڵ واقیعدا، چونكە مامۆستایان باشتر لە ڕاهێنەر دەزانن كام زانیاری لە ناو پۆلدا كردەییە و كامەش تەنها تیۆرییە.
خاڵێكی گرنگی تر هەیە لەو فیدباكەوە دەردەكەوێت ئەویش دووركەوتنەوە لە نادادپەروەری كە ئاستی دروستی ڕاهێنەرەكان دیاری دەكات تا چەند باكگراوندێكی زانستی پەروەردەیییان هەیە و خاوەن ئاستی بەرزن لە ڕاهێنان و پیشەگەری لەگەڵ ئەوانەی ئاستیان لاوازە و بەردەوام خول و ڕاهێنان بەڕێوە دەبن بەبێ هەڵسەنگاندن.
بۆیە گرنگە لە قوتابخانەكاندا سەرجەم مامۆستایان فۆرمی هەڵسەنگاندنی بەبێ ناو لە كۆتایی هەر خولێکدا پڕ بكەنەوە بەبێ ترس و شەرم ڕای ڕاستەقینەی خۆیان لەسەر توانای ڕاهێنەرەكە بنووسن بەبێ ناوزڕاندن.
پێویستە پێوەری هەڵسەنگاندن هەبێت لەسەر چەند تەوەرێک؛ لەوانە:
• ڕوونیی شێوازی ڕوونكردنەوەی ڕاهێنەر
• توانای وەڵامدانەوەی پرسیارەكان
• بەكارهێنانی ئامرازی سەرنجڕاكێش و نوێ
• رێزگرتن لە ئەزموون و بۆچوونی مامۆستایان
• ئازایەتی و بوێری و لێهاتووییی ڕاهێنەر
• گەیاندن و ئاستی زانیاریی ڕاهێنەر.
ئەو ڕێگایە ئەوە مسۆگەر دەكات كە ڕاهێنەرانیش بەردەوام لە هەوڵی خۆپەرەپێدان وخۆگەشەپێداندا بن و پرۆسەی ڕاهێنان نەكەوێتە داوی دووبارەبوونەوە و سستی.
لە كۆتاییدا كە مامۆستا دەبێتە هەڵسەنگێنەری ڕاهێنەرەكەی كەرامەتی پیشەیی مامۆستا دەپارێزرێت و بەها بۆ ئەزموونی دەگەڕێنرێتەوە و دەستەبەركردنی كوالێتی ڕاهێنانیش دەبێتە ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگر .
ڕاهێنەری توانا و لێهاتوو ڕاستەقینەش لە ڕاهێنەری لاساییكەرەوە جودا دەكرێتەوە.
لە وتارەكانی داهاتوودا نموونەی چەند وڵاتێك باس دەكەین بەهۆی فیدباكەوە لە پەروەردەدا سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی